میكانیزمی پێكهێنانی هێزێكی تایبەت بەچاودێری خاڵە سنوورییەكان دیارینەكراوە

پۆڵەتیك پرێس:
تائێستا میكانیزمی پێكهێنانی هێزێكی تایبەت بەچاودێری خاڵە سنوورییەكان دیارینەكراوە، كە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بڕیاری لێداوە.

رۆژی 7ی كانوونی دووەم، ئەنجوومەنی وەزیران هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگەی ڕاسپارد هێزێكی تایبەت و هاوبەش پێكبهێنن بۆ ڕێگەكرتن لەهەر پێشێلكاری و سەرپێچی و كارێكی نایاسایی لەسەرجەم دەروازە سنوورییەكانی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی یاسا و ڕێكارەكان لە دەروازەكان بە بێ جیاوازی.

بەپێی بڕیارەكەی حكومەتی هەرێم، بۆ ئەو مەبەستە هێزێكی هاوبەش لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگەو هێزی پۆلیس پێكبهێنرێت، بەڵام بەپێی ئەو بەدواداچوونەوەی پۆڵەتیك پرێس كردوویەتی، تائێستا میكانیزمی پێكهێنانی هێزێكی تایبەت بەچاودێری خاڵە سنوورییەكان دیارینەكراوە.

لەو بارەوە جەبار یاوەر ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: تائێستا هیچ روونكردنەوەیەك لەبارەی پێكهێنانی هێزەكە بۆ ئێمە نەهاتووە.

جەبار یاوەر وتیشی: رەنگە لەكۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەو میكانیزە بەوەزیری پێشمەرگەو ناوخۆ بدرێت، كە تایبەتە بە پێكهێنانی هێزەكەو دواتر هەردوو وەزارەت بەبڕیار دەست بەجێبەجێكردنی میكانیزمەكە بكەن.

بڕیاری پێكهێنانی هێز بۆ چاودێری خاڵە سنوورییەكان لەكاتێكدایە، ماوەیەكی زۆرە بەشێك لەپەرلەمانتاران باس لەوە دەكەن، كە رۆژانە كاری قاچاغی‌و نایاسایی لەدەروازە سنوورییەكان دەكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا