عەدنان عوسمان: بڕیاری ئازایانەی هەرێم ئەوەیە لەگەڵ بەغدا رێكبكەوێت

پۆڵەتیك پرێس:
عەدنان عوسمان وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: لە ئێستادا جگە لە رێككەوتن لەگەڵ بەغدا هەرێمی كوردستان هیچ بژاردەیەكی دیكەی لەبەردەست نییە.

عەدنان عوسمان دەشڵێت: ئێمە پرۆژەی ئابووری سەربەخۆمان تاقیكردەوە، كە كاری لەسەر دەكرا شكستی هێنا و بەرگەی دوو مانگی نەگرت، بۆیە هەرێمی كوردستان لەئێستادا ناتوانێت رووبەڕووی عێراق بووەستێتەوە و ناشتوانێت سەربەخۆبێت.

قسەكانی عەدنان عوسمان لەمیانی لێدوانێكی بوو بۆ پۆڵەتیك پرێس، ئەوەش دوای ئەوەی بەهۆی زۆربوونی كێشەكانی هەولێرو بەغدا داوا دەكرێت، بایكۆتی پرۆسەی سیاسی عێراق بكرێت.

وتەبێژی گۆڕان وتیشی: من پێم وانییە هەرێمی كوردستان لە نێوان دوو بژاردەیە، ئێستا یەك بژاردەی لەبەردەستە، هەرێمی كوردستان لە ئێستادا ناتوانێت رووبەڕووی عێراق بووەستێتەوە و ناشتوانێت سەربەخۆبێت، چونكە ناتوانێت دوو مانگی بژێوی خەڵكەكەی دابین بكات، بژاردەی حەقیقی ئەوەیە، كە تۆ هەرێمێكی سەر بە عێراقیت و دەبێت بڕیارێكی ئازایانە بدەیت لەگەڵ سیایەتی نوێی عێراقدا خۆت بگونجێنییت.

هەروەها وتی: ئەوەی لە بەغدا روویدا درێژكراوەی كۆمەڵێك قەیرانە، كە ساڵانێكی دوور و درێژە لەنێوان هەرێم و ناوەند هەیە، ئێستا گۆڕانكارییەكی زۆر لەسیستمی حوكم و بیرو بۆچوونی دەسەڵاتدارانی عێراقدا روویداوە، لەبیرمان نەچێت سەرۆك وەزیرانێك بەهۆی فشاری جەماوەرەوە لەكار لادرا، دوو كاندیدی سەرۆك وەزیران هەر بەهۆی فشاری جەماوەرەوە متمانەیان پێنەدرا، ئێستاش سەرۆك وەزیران و كوتلە عەرەبییەكان لەژێر فشاری جەماوەردان شێوازێكی دیكە لە مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێم دەست پێدەكات ئێستا نوخبەیەكی تازە هاتووەتە پێشەوە كە خاتر و ختوری پێشوو یان ئەو فشارانەی سەركردەكانی كورد هەیانبوو بۆسەر بەغدا نامێنێت.

عەدنان عوسمان باسی لەوەشكرد، ئەمە سەرەتای قۆناغێكی تازەیە، بەڵام دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت یاری لەگەڵ كات بكات دەسەڵاتدارانی بەغداش ئەوەیان قبوڵ نیە، واتە بەشی خۆم بۆخۆم بەشی تۆش ئەخۆم كۆتایی هاتووە.

رۆژی پێنج شەممەی رابردوو یاسای قەرزو كورتهێنانی دارایی لەپەرلەمانی عێراق پەسەندكرا، كە یاساكە هەرێم بابەند دەكات بەداهاتە نەوتی‌و نانەوتییەكان، لەبەرانبەردا بەغدا شایستە داراییەكانی هەولێر دەنێرێت.

یاساكە لەهەرێمی كوردستان كاردانەوەی جۆراوجۆری دروست كردووە، كە بەشێك لەلایەنەكانی هەرێم بەتایبەتی پارتی كاردانەوەیان توندەو داوای هەڵوێست لەلایەنەكانی هەرێم دەكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا