پارتی داوا ده‌كات به‌زوویی شاندی هه‌رێم بچێته‌ به‌غدا

پۆڵەتیك پرێس:
سەرۆكی فراكسيۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق داوا دەكات پێش دانیشتنەكانی پەرلەمانی عێراق بۆپەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی عێراق، شاندی سیاسی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن سەردانی بەغدا بكات.

ڤیان سەبری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی به‌ پۆڵەتیك پرێس-ی ڕاگه‌یاند، “لە ئێستادا هیچ دەنگۆیەك نیە بۆ ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی عێراق پێش ئەوەی خوێندنەوەی بۆبكرێت جارێكی تر بگەڕێتەوە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی گۆڕانكاری لەبڕگەكانیدا بكرێت بەتایبەت ئەو بەشەی وەك پشكی كورد دیاریكراوە”.

وتیشی:”بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی سیاسی و سەردانی لایەنە سیاسیەكانی عێراق پێویستە بە زوویی شاندی باڵای سیاسی هەرێم سەردانی بەغدا بكەن و لەگەڵ فراكسیۆنە كوردییەكان دابنیشن دواتر سەردانی لایەنە سیاسیەكانی عێراق بكەن، هه‌روه‌ها بۆچوونیان بزانن لەسەر پشكی كورد لە پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021 و سەرجەم پرسە سیاسیەكانی تر”.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوەشكرد، هێشتا كات لەبەردەم شاندی سیاسی هەرێم و لایەنە سیاسیەكان ماوە بۆ گفتوگۆكردن، چونكە بودجە زۆر نییە هاتۆتە پەرلەمان”.

بەوتەی سەرۆكی فراكسيۆنی پارتی لە كاتی پەسەندكردنی بودجەی ساڵانی ڕابردووشدا شاندی سیاسی هەرێم ڕۆڵی گرنگی بینیوە، سەردانی لایەنە سیاسیەكانیان كردووە بەجۆرێك “مەسعود بارزانی، سەرۆكی پێشوی هەرێم خۆی سەردانی بەغدای كردووە”.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ سەرچاوەیەكی ئاگادار بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بەئامانجی لابردنی بەربەستەكانی بەردەم تێپەڕاندنی پشكی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق شاندێكی سیاسی هەرێم دەچنە بەغدا.

سەرچاوەكە بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، شاندەكە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حزبە سیاسییەكانی عێراق كۆدەبنەوە، ئەوەش بەئامانجی لابردنی ئەو بەربەستانەیە كە هەوڵدەدرێت لەكاتی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021 لەپەرلەمانی عێراق بۆ پشكی هەرێم دابنرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا