توركیا و سوریا رووبەڕووی شەرڤانان دەبنەوە

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
سوپای سوریا كاروانێكی نوێی سەربازی ناردە هێڵەكانی رووبەڕوبوونەوە لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات “هەسەدە” لەرەقەی باكووری رۆژئاوای سوریا، كە لەگەڵ گەیشتنی هێزەكان، هەسەدە هەڵمەتێكی دەستگیركردنی بەئامانجی سەربازی زۆرەملێ لە رەقە دەستپێكرد.

هاوكات چەند سەرچاوەیەك لەسوپای نیشتمانی سوریا رایانگەیاند، سوپای توركیا هێزێكی سەربازی زیاتری رەوانەی ناحییەی تەل ئەبیەز كردووە، كە دەكەوێتە ناوچەی رەقە لەسەر سنووری رۆژئاوای كوردستان، وتیشیان: ئەو هێز و كەلوپەلە سەربازییانە رەوانەی هێڵەكانی رووبەڕووبوونەوەی هەسەدە كراون لە ناوچەی عەین عیسا لە باشوری تەل ئەبیەز.

ئامێرە سەربازییەكان پێكهاتوون لە تۆپهاوێژ، تانك، زرێپۆش و بارهەڵگری گواستنەوەی سەرباز

بەپێی سەرچاوەكان، ئامێرە سەربازییەكان پێكهاتوون لە تۆپهاوێژ، تانك، زرێپۆش و بارهەڵگری گواستنەوەی سەرباز، لەگەڵ ئەوەشدا چەند سەربازێكی سەر بە سوپای توركیا لەو كاروانەدا بوون، كە هاوكاتی گەیشتنی هێزە سەربازییەكانی سوپای نیشتمانی سوریا گەیشتوونەتە هێڵەكانی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەسەدە.

لە بەرانبەردا، چەند سەرچاوەیەكی نزیك لە هەسەدە باسیان لەوە كرد، گەیشتنی هێز و كەلوپەلە سەربازییەكانی سوپای توركیا هاوكاتە لەگەڵ بەرزكردنەوەی ئاڵای حكومەت و ئاڵای روسیا لەسەر بارەگاكانی سەر بەو هێزە لە ناوچەكە، كە بەپێی رای چاودێران، ئامانج لە بەرزكردنەوەی ئاڵای ئەو دوو لایەنە بەلاڕێدابردنە.

بەپێی سەرچاوەكان، هەسەدە دەستی كردووە بە هەڵمەتی دەستگیركردن و سەربازی زۆرەملێ لەتەواوی گوند و شارۆچكەكانی سەر بە رەقە و ژمارەیەكی زۆر گەنجانی دەستگیركردووە و بەرەو سەربازگەكانیان گواستویاننەتەوە لە عەین عیسا.

ئەوەشیان باس كرد، هێزەكانی حكومەتی سوریا هاوكات لەگەڵ ناردنی هێزەكانیان بۆ عەین عیسا، سەركردەی سەربازی نوێیان بۆ تیمی ١٧ی سەر بە هەسەدە لە حەسەكە دەستنیشان كردووە، بەپێی سەرچاوەكان، نزار خزر كە بەوە ناسراوە زۆر دڵسۆزی رژێمی سوریایە وەك سەركردەی تیمەكە دەستنیشان كراوە.

نزار خزر بەوە ناسراوە زۆر دڵسۆزی رژێمی سوریایە وەك سەركردەی تیمەكە دەستنیشان كراوە

بەپێی ئەو سەرچاوانە، بارەگای سەرەكی تیمی ١٧ باكووری شاری رەقەیە، بەڵام لە كاتی دەسەڵاتی داعش و كۆنتڕۆڵكردنی ئەو شارە، بارەگای ئەو تیمە بەرەو حەسەكە گوازرایەوە، لەئێستاشدا بارەگاكە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە و هێزە هاوپەیمانەكاندایە، دیاریكردنی ئەو سەركردە نوێیە بۆ تیمی ١٧، ئاماژەیە بۆ ئەوەی رژێمی سوریا بەمەبەستی گەڕانەوە بۆ ئەو ناوچانە، دەیەوێت دانوستان لەگەڵ هەسەدە بكات.

یەكشەممەی رابردوو، هێزەكانی روسیا داوایان لە هەسەدە كرد، بارەگا و بنكە حكومییەكانیان لە عەین عیسا رادەستی هێزەكانی رژێم بكەنەوە، بەڵام هەسەدە بەشێوەیەكی سەرەتایی داواكەی روسیای رەتكردەوە و داوایكرد كاتیان بدرێتێ تا بڕیارێك دەدەن.

هێزەكانی سوریای دیموكرات لەماوەی ئەم دوو رۆژەی رابردوودا لە شارۆچكەی تیانە لە دێرەزوور، دەستیان بە هەڵمەتی دەستگیركردن كردووە، كە تا ئێستاش هۆكارەكەی نەزانراوە.

لەو بارەیەوە، ئەبو محەمەد جەزراوی چالاكوان باس لەوە دەكات، ئەندامانی هەسەدە چوونەتە سەر ماڵەكانی تیانە و زیاتر لە ٢٠ كەسیان دەستگیركردووە، كە پیاوی بەتەمەنیان تێدا بووە و لە قوتابخانەیەكی شارۆچكەكە دەستبەسەریان كردوون.

هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەو كەسانەمان دەستگیركردووە، كە سەر بە رێكخراوی چەكداری داعشن

لای خۆیانەوە، هێزەكانی سوریای دیموكرات باس لەوە دەكەن، ئەو كەسانەمان دەستگیر كردووە، كە سەر بە رێكخراوی چەكداری داعشن، ئەوەبوو سەرەتای ئەم مانگە لە ئۆپراسیۆنێكدا بە پاڵپشتی هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەكان، هەسەدە چەند كەسێكی لە دێرەزوور دەستگیر كرد و رایگەیاند، ئەو كەسانە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا