هاتنی (بایدن) هاتنی (دەرفەتێكی زێڕینە) بۆ كورد!

(ترەمپ) وەك سەرۆكێكی ناوازە و دیاریدەیەكی شاز لە ناو سیاسەتی ئەمەریكادا، بەم هەموو هاش و هوش و عەجوولیەی خۆیەوە، نەیتوانی بنەماكانی دیموكراسی ئەمەریكا بشڵەژێنێت و یاسا و رێسا دەستوورییەكان تێپەڕێنیت، چونكە (دەستووری ئەمەریكا) قەڵغانی دیموكراسیەتی ئەمەریكایە و زامنكەری هەمیشەیی بەرهەمهێنانەوەی پرۆسەی دیموكراسی ئەمەریكایە بۆ هەموو سەردەمێك و بۆ هەموو حاڵەتێك و بۆ هەموو كەسێك، واتە دەستووری ئەمەریكا (هێڵی سوورە) و لە سۆنگەی ئەم دەستوورەشەوە (رەگ و ریشەی قووڵ) بۆ دەسەڵاتەكانی (جێبەجێكردن و یاسادانان و دادوەری) رەنگڕێژ كراون و دام و دەزگای بەهێز بۆ ئەمەریكا بنیاتنراون، بەجۆرێك ئەگەر سەرۆكێكی شێوە دیكتاتۆر وەك ترەمپیش هەڵتۆقێت، ئەوا ناتوانێت ژێرخانی دیموكراسیەتی ئەمەریكا هەڵتەكێنێت، خۆ ئەگەر ترەمپ بیتوانیایە سنووری خۆی ببەزێنێت ئەوا دەستووری ئەمەریكای لە بەرژەوەندی خۆی هەمواردەكردەوە و خۆی وەك (سەرۆك و مەلیك و پاشای هەتا هەتایی) لە كۆشكی سپی دەهێشتەوە، چونكە ترەمپ دنیابینیەكی رۆژهەڵاتی هەیە و دۆڕانی لە یاری دیموكراسیدا قبوڵ نییە، تەنها ئەوكاتە نەبێت كە خۆی براوەی یارییەكە دەبێت.

دوای پەسەندكردنی دەنگەكانی (ویلایەتی میشیگن) لە بەرژەوەندی بایدن، ترەمپ نائومێد بوو لەوەی كە بتوانێت لە رووی سكاڵای یاساییەوە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان لە بەرژەوەندی خۆی بشكێنێتەوە، بۆیە بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دانی بە بردنەوەی بایدن دانا، ئەویش لە رێگای كردنەوی دەرگاكانی كۆشكی سپی بۆ تیمەكەی بایدن و ئامادەیی تەواوی دەربڕی بۆ هەماهەنگی كردن بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات، لەگەڵ ئەوەشدا تاكو ئێستا ترەمپ بە روون و راشكاوی دانی بە دۆڕانی خۆیدا نەناوە و پیرۆزبایی لە بایدن نەكردووە، ئەگەرچی ئەم دانپێدانەی ترەمپ (ئەركێكی یاسایی) نییە، بەڵام نەریتێكی دیموكراسی و پێویستییەكی ئەخلاقیە بۆ دەستاودەستكردنی دەسەڵات بە شێوەیەكی ئاشتییانە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین خاتوو (ئیمێڵی مۆرفی) بەرپرسی كارگێڕی (خزمەتگوزارییە گشتییەكان) ئامادەیی تەواوی دەربڕی بۆ هەماهەنگیكردن لەگەڵ تیمەكەی بایدن.

بە هاتنی (جۆ بایدن) وەك (46)ەمین سەرۆكی ئەمەریكا، سەردەمێكی نوێ و دەرفەتێكی نوێ و لاپەڕەیەكی سپی لە (كۆشكی سپی) دەكرێتەوە، ئایا پلان و ستراتیژی سەركردایەتی سیاسی كوردستان چییە بۆ ئەم سەردەمە نوێیە؟

ئایا نوێنەرایەتی كوردستان لە واشنتن چ پلانێك و میكانیزمێكیان ئامادەكردووە بۆ پرۆسەی (لۆبی)كردن لە سەردەمی بایدندا؟

ئایا رەوەندی كوردی (كە بە نزیكەی 70 هەزار كەس مەزەندە دەكرێن) لە ئەمەریكادا كاریگەرییان لەم سەردەمە نوێیەدا چییە؟

یەكێك لە خاڵە لاوازەكانی ئێمەی كورد بریتییە لە نەبوونی دەزگای تایبەتمەند بە داڕشتنی پلانی كورت ماوە (تاكتیكی) و پلانی درێژماوە (ستراتیژی) بۆ رەنگڕێژكردنی سیاسەت و ستراتیژییەكی تۆكمە بە ئامانجی قۆستنەوەی دەرفەتەكان و رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكان، هۆكاری ئەم خاڵە لاوازەش دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی دەستوور، چونكە لە رێگای چەتری دەستوورەوە دەتوانرێت ئەم جۆرە دەزگایانە بنیاتبنرێن و پلانی ستراتیژی و هێڵی سووری نیشتمانی و رەهەندەكانی ئاسایشی نیشتمانی دیاری بكرێن.

لە كۆتاییدا پێموایە (هاتنی سەردەمی بایدن، واتە هاتنی دەرفەتێكی زێڕین بۆ كورد)، چونكە بایدن شارەزاترین و هاوسۆزترین و نزیكترین كارەكتەری سیاسی ئەمەریكایە بەرامبەر بە دۆزی كورد، بۆیە گرنگە تا زووە سەركردایەتی سیاسی كوردستان خۆیان ئامادە بكەن و پلانێكی تۆكمە بۆ ئەم سەردەمە زێڕینە دابڕێژن، تاكو (وەبەرهێنانی دیپلۆماسی) لەم دەرفەتە زێڕینە بكرێت و مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ ئیدارەی بایدندا بكرێت و بەرچاوڕوونی پێشوەختەمان هەبێت بۆ قۆناغێكی نوێ و سەردەمێكی نوێ، نەك تەنها سیاسەتی (كاردانەوەمان) هەبێت! بۆ گۆڕانكارییە گەورە و گرنگەكانی كۆشكی سپی، كە سەرچاوەی بڕیارە چارەنووسسازەكانی جیهانە.

كارۆخ خۆشناو

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا