باوبۆرانی هەڵبژاردنی 2023ی تورکیا

دوای پێنج کاتژمێر گێرمەوکێش و گفتوگۆی چڕی لەنێوان هێزەکانی جەمسەری (خشتەی شەش)، وا چەند گۆشەیەک لە پانۆرامای چۆنیەتی جەمسەربەندی لەنێوان هێزە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی تورکیا روون دەبێتەوە. ئەوەی میدیاکانی دەسەڵات لە تورکیا و میدیای جیهانیش وەک خاڵی بێهێزی مێزی شەش قۆڵی (ئۆپۆزیسۆنی تورکیا)ی دادەنا، یەکلانەکردنەوەی کاندیدی پۆستی سەرۆککۆمار بوو، دواجار کەمال کلیچدارئۆغڵۆ سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری بازەکەی لەسەر شان نیشتەوە و بەئەندازەیەکیش باشترە لە هەم ئیمام ئۆغڵۆ و هەم ئاکشنەر سەرۆکی پارتی راستڕەوی چاک “باش”.

هەڵبژاردنی 14ی ئایار بەبێ چەند و چۆن! هێڵێکە لەنێوان دوو بژاردەدا، یەکەم یان تورکیا دەباتە قۆناغێکی نوێ کە لەسوودی بەرەی دژە دەسەڵاتە و ناویانناوە تورکیای نوێ و نەخشەڕێگای گەڕانەوە بۆ سیستمی پەرلەمانی و سڕینەوەی سیاسەتی داخراوی ئەردۆغان، یان بژاردەی دووەمە کە بە لای بەرەی دەسەڵاتەوە بەرگرییە لە تورکیای مەزن و هەنگاونان بەرەو سەردەمێکی نوێ کە سەد ساڵەی تورکیای مەزنە!. جگە لەم دوو وێنەیە لەئایندەی تورکیادا، سێیەمیان بوونی نییە و هیچ بناغەیەک نییە بۆ وێنەی سێیەمی تورکیا.

لەم هەڵبژاردنەدا، سێ تەوەری سەرەکی لەنێوان هەردوو جەمسەرەکەی هەڵبژاردندا هەیە، بەڵام ئۆپۆزیسیۆن “تەقبیح”ی دەکەن و بەرەی دەسەڵاتیش “تەجمیل”، ئەوانیش:
یەکەم/ پرسی (سیستم) کە ئەردۆغان و هاوپەیمانییەکەی دەیانەوێت وەک خۆی بمێنێتەوە و ئۆپۆزیسیۆنیش بەپێی ڕێککەوتنە 12 خاڵییەکەی نێوانیان، دەیانەوێت بیگۆڕن بۆ پەرلەمانی.
دووەم/ پرسی ئازادییەکان و پاشەکشێ لە ئاراستەی خۆرئاواوە بەرە و خۆرهەڵات، بەرەی ئۆپۆزیسیۆن رەخنەیان هەیە لەپێگەی تورکیا لەدەرەوەدا و داکشان بەرەو وڵاتانی خۆرهەڵات، پێیانوایە ئەوە کارێکی وەهای کردووە زیاتر بگەڕێتەوە ناوخۆ و کرانەوەی نەبێت.
سێیەم/ پرسی داکشانی بەهای لیرە و ئابووری تورکیا، ئەم بابەتە خاڵێکی بەهێزی بەرەی ئۆپۆزیسیۆنە و پێیانوایە لەسایەی ئابوورییەکی شکستخواردوودا تەواوی کایەکانی ژیانکردن و دراو و داهاتی تاک و کەرتی گەشتیاری لە تورکیادا لەپاشەکشێدایە و هۆکارەکەشی بۆ سیاسەتە هەڵەکانی سەرۆککۆمار دەگەڕێننەوە.

بەگشتی، ئەو باوبۆرانە سیاسییەی کە هەڵیکردۆتەسەر خاکی تورکیا، پێناچێت بەبێ زیان بۆ بەرەیەک لەبەرەکانی هەڵبژاردن کۆتایی بێت، هیچ جارێکیش هێندەی ئەم خولە تورکیا لەبەرداشی دەسەڵاتێکی لەرزۆک و ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێزدا نەبووە.
لەدەرەوەی بلۆکی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن، هەرچی بلۆکی سێیەمە پێکهاتووە لە کورد “هەدەپە” و چەند هێزێکی بچوک کە ڕەنگە بەشدارییان لەم هەڵبژاردنەدا بەرهەمێکی گەورەی نەبێت، بۆیە (هەدەپە) وەک هێزی یەکلاکەرەوەی پۆستی سەرۆککۆمار دەبینرێت، بەلۆژیکی “قەرز کۆن دەبێت، ون نابێت” پێدەچێت هەدەپە ئەو قەرزەی کلیچدارئۆغڵۆ بداتەوە کە لە2015دا پشتیوانی هەدەپەی کرد بۆئەوەی بچێتە پەرلەمان، لەئێستاشدا بەچەند بەڵێنێکی کلیچدارئۆغڵۆ! بۆ ناساندنی بۆنەی نەورۆز وەک جێژن و ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هەدەپە بتوانێت کلیچدار بکاتە سەرۆککۆماری داهاتووی تورکیا.

ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا