واقيعى ئێستاى گۆڕان و لۆژيكى ئەمڕۆى يەكێتى

سەمەد زەنگەنە

بەشى يەكەم :

سياسەت دەڕبڕينى لۆژيكى( واقيع )ە، چونكە هەردوو چەمكى( لۆژيك و واقيع ) بەيەكەوە گەشە دەكەن و پێشدەكەون و بە يەكيشەوە پاشەكشە دەكەن و دەكەونە مەترسيەوە.

يەكێتى و گۆڕان، يەكێتى ئێستاو گۆڕانى سەردەمى كاك نەوشيروان، دوانەى دايكێكى ميهرەبانى ئەم خاكەن، كە هەزاران قوربانيان داوە بۆ گەيشتن بەئازادى يەكێتى و گۆڕان ناتوانن يەكدى ڕەتكەنەوە بەبێ ڕەتكردنەوەى خودى خۆيان، يەكێتى و گۆڕان لەم ساتەوەختە هەستيارو مەترسيدارەدا، يان دەربازكردن و ڕزگاركردنى گشت و پەڕينەوە بۆ كەنارەكانى ئارامى، يان ژێر ئاوكەوتن و خنكانى ( گشت ).

پێويستە يەكێتى و گۆڕان پەنا بەرنە بەر لۆژيكى عەقڵ بۆ چارەسەركردنى كێشەو ململانێ سياسيەكانيان، شەڕێكى پاكتاوكردنى ململانێكان هەڵگيرسێنن لەپێناوى يەكگرتنەوەيەكى عەقڵانيدا، هەروەكو ( ئەريك فرۆم ) دەڵێت : پێويستمان بەدوا جەنگ هەيە دژى بەرپابوونى جەنگ )، تەنها سەركردەيەكيش جەنگەكە ڕادەگەيەنێت و تا دوا قۆناغيش پێشەوايەتى دەكات ( لۆژيك و عەقڵە )، نەك شێوازەكانى بەكارهێنانى فێڵ و هەڵخەڵەتاندن، خۆدزينەوە لەواقيعى تاڵى بارودۆخى ئێستاى سياسەتى كوردستان و قەيرانە يەك لەدواى يەكەكانى سياسى و ئابورى و نيشتيمانى و نەتەوەيى .

پێويستە يەكێتى و گۆڕان جەنگێك هەڵگيرسێنن دژى دەستبەسەرداگرتنى دەسەڵات لەلايەن حزبێكەوە كە دژو پێچەوانەى كۆمەڵگەى كوردەوارى و بەزاندنى بوارە سياسيە كراوەكەى كاردەكات ئەو حزبەى مافەكانى مرۆڤى كور پێشێل دەكا( سياسى و مەدەنى و ڕادەربڕين و ڕۆژنامەگەرى و …..هتد )، ئەو هەنگاوانەش هۆكارێكن بۆ مۆنۆپۆڵكردن و دەستبەسەرداگرتنى سەروەت و سامان و هێزى نيشتيمانيمان.

پێويستە يەكێتى و گۆڕان ئەو ڕاستيە بزانن كە ئەم دەرچوون و بەزاندنەى پەيوەندييە سروشتيەكەيان بوارێكى سياسى( داخراو) تر دەخوڵقێنێت و زيانى زياتر لەهەردولايان دەدات، پێچەوانەكەشى ڕاستە، گفتوگۆو گۆڕينەوەى بيروڕاو دۆزينەوەى خاڵە هاوبەشەكانى ململانێ سەرابيەكەيان بوارێكى سياسى (كراوە)ى ئامانجدار دروست دەكات، ئەو بوارە كراوەيەش هاوسەنگى و وەكيەكى لە نێوان ئەو هێزەى لە ناوەوە دەردەپەڕێت(دەسەڵات) و ئەو هێزەش ڕوەو ناوەوە كێش دەكرێت ( يەكێتى و گۆڕان )، بەڵام ئەگەر بەم شێوەيەى ئێستا بوارى داخراوى نێوان يەكێتى و گۆڕان بەردەوام بێت و گۆڕان لە باوەشى پارتيدا بێت و يەكێتيش ناڕوونى سياسەت و ستراتيژيەتى بەردەوام بێت، هاوسەنگى هێزە سياسيەكان و پارتى زياتر تێكدەچێت.

بە واتايەكى تر : پارتى بەحوكمى لاوازى هەڵوێستى يەكێتى و لەباوەشگرتنى زياترى گۆڕان وردە وردە هێزە جۆراوجۆرەكانى كۆمەڵگەى كوردەوارى كێش و لوش دەكات، لەئەنجاميشدا ئەوەى ناڕازى بێت سەركوتكردنى زياترو بەكارهێنانى هێز هەروەكو لە ڕابردودا ڕويدا دێتە ئاراوەو يەكێتى بچوكترو گۆڕانيش دەبێتە ناوچەيەكى پارتى.

پێويستە يەكێتى و گۆڕان درك بەو ڕاستيە بكەن كە ململانێ و توندوتيژى درێژكراوەى نا عەقڵانيەتى سياسەتە، پێويستە دەسبەردارى سياسەتە داخاوەكانيان بن، ئەو سياسەتەى هەتا ئێستە لەدوولاى دژو پێچەوانەدايە.

ئەم لاوازييەى يەكێتى و گۆڕانى تێدايە بەرامبەر بە پارتى، بەرهەمى سێ قەناعەتى جياوازە

: 1-سياسەتێكى داخراو

. 2-سياسەتێكى پەرتوبڵاوى بێ سەروبەرە

. 3-خەون و خەياڵى دەستبەسەراگرتنى يەكترو سلێمانى .

هەر ئەو بنەما دوور لە لۆژيكيانەشە ژيانى سياسى ناوچەى سەوزى ئيفليج كردوەو ئەگەرى كۆتايهاتنى گۆڕان و دەسپێكردنەوەى توندوتيژى زياتر دەكات .

پێويستە يەكێتى و گۆڕان بە سەرجەم لايەنەكانى مەنهەجى و مەعريفى و فيكرى و سياسى و ئەخلاقيى خۆياندا بچنەوە، پرسيارێك لە خۆيان بكەن :

ئەم سياسەتە تۆباوييەى پەيڕەوى دەكەن چەنێ زيانى لە خۆيان و دەڤەرەكەيان و كوردستانى باشوور داوە و چەندى تر پارتيش بەهێزتر دەكات ؟ .

ئەگەر شوێنكەوتوانى دڵسۆزو ڕاستەقينەى ڕەوانشاد نەوشيروان مستەفا و حەكيمەكانى گۆڕان لەخۆيان بپرسن بەم سياسەتە ناعەقڵانييەيان ڕووەو كوێ دەچن، تا چەندى تر دەخزێنە كاولكردنى ناوماڵى كوردەوە، ئەگەر يەكێتيەكانى دواى كۆنگرەش لەهەموو هەوڵێكيان بۆ گەڕانەوەى گۆڕان تەرخان بكەن ئەو كاتە قۆناغێكى نوێ لەسياسەت و چارەنووسى سياسى كوردستانى باشووردا دەستپێدەكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا