پۆڵه‌تیك پرێس
وه‌زیرى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێم له‌باره‌ى ده‌ستگیركردن و چاره‌نوسى رۆژنامه‌نوس شێروان شێروانى رایگه‌یاند، هه‌مو به‌ڵگه و زانیاریه‌كانى ده‌ستگیركردنى خراوه‌ته‌ڕوو، یاساش سه‌روه‌ر ده‌بێت له سزادانى.
نزیكه‌ى دوو مانگ تێده‌په‌ڕێت به‌سه‌ر ده‌ستگیركردنى رۆژنامه‌نوس شێروان شێروانى، كه رۆژی 7ی 10 لەنێوان كاتژمێر چوار بۆ پێنجی ئێوارە لەماڵەكەی خۆی لەگوندی سێبیرانی سەر بەشاری هەولێر له‌لایه‌ن ئاسایشى پارتى دەستگیركرا، دواتریش تۆمه‌تی “كاركردن بۆ لایه‌نێكی ده‌ره‌كی” ئاڕاسته‌ی شێروانی كرا.
ئه‌مڕۆ له كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا له سلێمانى، رێبه‌ر ئه‌حمه‌د، وه‌زیرى ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند، “هه‌رچى زانیارى پێویسته له‌سه‌ر شێروان شێروانى بڵاوكراوه‌ته‌وه و كه تاوانه‌كانى چى بووه و له‌سه‌ر چى گیراوه، به‌پێى یاسا و فه‌رمانى دادگا، یاسا سه‌روه‌ر ده‌بێت و دادگاش ڕێچكه‌ى خۆى وه‌رگرتووه”.
وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێم وتیشى، “پارێزه‌ره‌كه‌ى و ڕێكخراوه‌كانى خاچى سورى نێوده‌وڵه‌تیش شێروانییان بینیوه و هیچ گرێیه‌ك له‌و پرۆسه‌یه نییه، هه‌ركه‌سێك تاوانێكى ئه‌نجام دابێت به‌پێى یاسا سزاى خۆى وه‌رده‌گرێت”.
له‌به‌شێكى دیكه‌ى قسه‌كانیدا وه‌زیری ناوخۆ تیشكى خسته سه‌ر جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنى شه‌نگال و وتى :”رێككه‌وتنى شه‌نگال به‌ره‌و جێبه‌جێكردن هه‌نگاوده‌نێت، ئێستاش هه‌ندێك هه‌نگاوى كردارى چوه‌ته پێشه‌وه، له داهاتویه‌كى نزیكیشدا ده‌بێت ئه‌و هێزانه‌ى له‌وێن بچنه ده‌ره‌وه و ئاواره‌كانى شه‌نگال بگه‌رێنه‌وه”.
به‌وته‌ى وه‌زیرى ناوخۆ له سه‌ره‌تای مانگى داهاتوو، لیژنه‌ى باڵاى ڕوبه‌ڕوبوونه‌وه‌ى كۆرۆنا له‌هه‌رێم كۆده‌بێته‌وه، له‌و كۆبونه‌وه‌یه‌دا به پشتبه‌ستن به داتا‌و زانیاریه‌كانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى و رێژه‌ى ئاستى توشبوون به كۆرۆنا، بڕیار له‌باره‌ى پرۆسه‌ى خوێندن ده‌ده‌ن، كه ده‌رگاى خوێندنگه‌كان ده‌كرێنه‌وه یاخود وه‌ك ئێستا به‌داخراویی ده‌مێننه‌وه.