پارتی بانگهێشتكردنی مه‌سرور بارزانی بۆ په‌رله‌مان به‌ “نایاسایی” ناوده‌بات

پۆڵه‌تیك پرێس:
پاش ئەوەی زیاتر له‌ 100 پەرلەمانتار واژۆیان بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆك وەزیرانی هەرێم و وەزیری سامانە سروشتییەكان پەیوەست بە ڕێككەوتنی 50 ساڵەی هەرێم و توركیا بۆ په‌رله‌مانی عێراق كۆكرده‌وه‌، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دەڵێت:”ئەو بانگهێشتكردنە نا یاسایی و نادەستورییە”.

ڤیان دەخیل، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەپه‌رله‌مانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێس لەبارەی ئەوەی تا چەند هەوڵی ئەو پەرلەمانتارانە بۆ بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت و وەزیری سامانە سروشتییەكان یاساییە وتی: “نە یاساییە نە دەستورییە، بە گوێرەی یاسا حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕویی یاساییەوە بەرامبەری پەرلەمانی كوردستان پابەندە”.

ڤیان ده‌خیل وتیشی، بە گوێرەی ماددەی 121ـی دەستوری عێراق، هەرێمی كوردستان مافی پیادەكردنی دەسەڵاتی یاسایی و دادوەری خۆیی هەیە، جگە لەو بابەتانەی كە لە ڕووی یاساییەوە حكومەتی عێراق خۆیی یەكلایی دەكاتەوە، بۆیە بانگهێشتكردنی حكومەتی هەرێم لە دەسەڵاتی پەرلەمانی كوردستان دایە، چونكە ئەوە یەكێك نییە لەو بابەتانەی دەستور یەكلایی بكاتەوە.

سەبارەت بە سه‌ردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی وتی:”بە دڵنیاییەوە شاندی هەرێمی كوردستان دێتە بەغدا، چونكە تا ئێستا لە دانوستانێكی ئەرێنیداین لەگەڵ بەغدا و دۆخەكە ئاساییە، هەرێمی كوردستان پابەندە بە دەستور و بەو رێككەوتنەكەی ساڵی 2019 كە ئه‌نجامدراوه‌، مادام تا ئێستا پرۆژە یاسایی بودجەی ساڵی 2021 نە هاتۆتە پەرلەمان، كەواتە حكومەتی عێراق كار بە یاسای بوجەی ساڵی 2019 دەكات”.

ڤیان دەخیل ئاماژەی بەوەكرد:”هەرێمی كوردستان پابەندبونی تەواوی خۆی بە یاسایی بودجەی ساڵی 2019 ەوە هەبووە، چونكە ئەو نەوتەی كە هەرێمی كوردستان ڕادەستی بەغدای نەكردووە، لە بەرامبەردا بەغدا بە ئەندازەی ئەو نەوتە لە پشكی هەرێمی كوردستانی بڕیووە”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا