پۆڵەتیك پرێس
پرسی بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ پەرلەمانی كوردستان، دۆخی سیاسی لە هەرێمی كوردستان بە ئاقارێكی ئاڵۆزدا بردووە و لە دوایین كاردانەوەشدا، شەوی 21ی ئەم مانگە پارتی رێككەوتنی سیاسی خۆی لەگەڵ یەكگرتوو لە حكومەتی خۆجێی دهۆك هەڵوەشاندەوە.
بەوتەی بەشێك لە هاوڵاتیان و چاودێرانی دۆخی هەرێم پارتی پرسی بانكهێشتكردنی مەسرور بارزانی بۆ ناو پەرلەمان بە هەستیاری وەرگرتووە بۆیە فشار دەخاتە سەر لایەنەكان تاوەكو ئەو بابەتە پشتگوێ بخەن.
پارتی پرسی بانكهێشتكردنی مەسرور بارزانی بۆ ناو پەرلەمان بە هەستیاری وەرگرتووە
لە چەند رۆژی رابردوداو بەهۆی هەمان پرسەوە، عەلی حەمە ساڵەح دەستی لە پۆستی سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كێشایەوە، ئەوەش دوای ئەوە هات بەپێی زانیارییەكان بەهۆی فشاری پارتییەوە بووە لەسەر گۆڕان تاوەكو ناوبراو واژۆ لەسەر بانگهێشتی سەرۆكی حكومەت بكشێنێتەوە.
ئەو فشارانەی پارتیش بۆ سەر لایەنەكان بۆ پرسێكی لەوشێوەیە وەها لێكدانەوەی بۆ كراوە كە پارتی ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی لەسەرو دامەزراوە شەرعییە باڵاكانی هەرێمەوە دەبینن و هەر جۆرە بانگهێشت و لێپرسینەوەیەكی لەوشێوەیە بە جۆرێك لە سوكایەتی دەزانن، بۆیە بەتوندی دژایەتی دەكەن.
زۆرینەی لایەنەكانی هەرێمیش ئەو رەفتارانەی پارتی بە نەشیاو دەزانن و باس لەوە دەكەن پێویستە رێگە بدرێت پەرلەمان یان هەر دامەزراوەیەكی دیكە كاری خۆی بكات.
ئەو فشارانەی پارتیش بۆ سەر لایەنەكان بۆ پرسێكی لەوشێوەیە وەها لێكدانەوەی بۆ كراوە كە پارتی ئەندامانی بنەماڵەی بارزانی لەسەرو دامەزراوە شەرعییە باڵاكانی هەرێمەوە دەبینن
ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بانگهێشتكردن و لێپرسینەوە لە سەرۆكی حكومەت و وەزیرەكان ئەركێكی پەرلەمانییە لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموكراسی، “پێموایە ئەوە لە هەموو پەرلەمانەكانی دنیا پەیڕەو دەكرێت كاتێك حكومەت خۆی دەدزێتەوە لە لێپرسینەوەی یاسایی لەلایەن پەرلەمان واتە بێ بایەخكردنی پەرلەمان و سیستمی حوكمڕانییە”.
ئاماژەی بەوەشكرد، پرسی هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی پارتی و یەكگرتوو، دوو لایەنەیە لایەنێكیان پەیوەندی بەو دوو حیزبە خۆیانەوە هەیە، لایەنی دووەم ئەگەر لەسەر بابەتی بانگهێشتكردنی سەرۆكی حكومەت بۆ پەرلەمان ئەوە بۆ فشار خستنە سەر لایەنەكانی دیكەش بۆ ئەوەی بانگهێشتكردنەكە نەكرێت وەفشاركردنیش لەلایەنەكان لەسەر ئەو بابەتە لەبەرژەوەندی سیستمی حوكمڕانییەوە لەبەرژەوەندی خودی حكومەت نییە.
بەشێكی دیكە لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێم باس لەوە دەكەن پارتی هەمیشە وەها كاری كردووە ئەگەر شتێك لەبەرژەوەندی خۆی نەبێت ئەوا گرفتی بۆ دروست دەكات، بۆ ئەوەش نمونەی داخستنی پەرلەمان دەهێننەوە لە 2015 كە رێگەی نەدا سەرۆكی پەرلەمان بگەڕێتەوە هەولێرو دانیشتن لەبارەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمەوە رێك بخات.
فاروق عەلی ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، پارتی هەموو رێككەوتنێكی لەگەڵ لایەنەكانی دیكە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیدایە هەر رێككەوتنێك بەرژەوەندی خۆیان و بنەماڵە و حیزبیان بخاتە ژێر لێپرسینەوە، ئەوە بە خاڵی لاوازی خۆیان دەبینن بۆیە پێوەی پابەند نابن.
باسی لەوەشكرد، رابردوودا پارتی پەرلەمانی كوردستانی داخست و گۆڕانی لە حكومەت دەركرد ئێستاش بەوشێوەیە لەگەڵ یەكگرتوو مامەڵە دەكات.
پارتی هەمیشە وەها كاری كردووە ئەگەر شتێك لەبەرژەوەندی خۆی نەبێت ئەوا گرفتی بۆ دروست دەكات
لەسەر بنەمای بەركەوتەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لە ساڵی 2014، كە تیایدا یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە پارێزگای دهۆك سێ كورسی ئەنجومەنی پارێزگای بەدەستهێنا، رێككەوتنێكی سیاسی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامدا و چەند پۆستێكی لە حكومەتی خۆجێی ئەو پارێزگایە بەركەوت.
دوای هەڵوەشانەوەی رێككەوتنەكەش بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو پارتی پۆستەكان لەو حزبە وەربگرێتەوە.
هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتن لەگەڵ یەكگرتوو پەیامێكە بۆ یەكێتی و گۆڕانيش
عومەر عەلی ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی نەوەی نوێ بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، پارتی بەو شێوەیە مامەڵە ناكات خزمەت بە گەشەی سیستمی سیاسی و خزمەتی خەڵك بكات وە برەو بەفرەیی سیاسی نادات، بەڵكو لەپێناو كۆمەڵێك ئامانجی حزبی خۆیاندا كاردەكەن وە هەرشتێك خزمەت بەو ئەجێندا سیاسییە تایبەتەی خۆی نەكات قبوڵی ناكات.
دەشڵێت، “هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتن لەگەڵ یەكگرتوو پەیامێكە بۆ یەكێتی و گۆڕان و هەموو ئەو حیزبە سیاسییانەی تر كە لەسەر ئاستی پارێزگاكان رێككەوتنیان لەگەڵ پارتی هەیە، یان دەبێت ئەوە قبوڵ بكەن كە پارتی دەیەوێت یان بەشداری سیاسییان لە حكومەت و حكومەتە خۆجێیەكان كۆتایی پێبهێنن”.
لای خۆشیەوە لەتیف شێخ فاتیح چاودێری سیاسی رایگەیاند، ماڵی بارزانی سیاسەتێکیان هەیە، کە ئامادەنین بچنە بەردەم خەڵک و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت، چونکە خۆیان لەسەروو خەڵکەوە دەبینن.
ئەوەشی خستەڕوو، سیاسەتی پارتى بەوجۆرەیە کە لە خزمەتی ئەو بنەماڵەدایە، “ئەوەی لەسەر نوسەر و رۆژنامەنوس و چالاکوانان و هاوڵاتیش پێویستبووبێت کردوویانە بۆ ئەوەی دیموکراسی دروستبێت و نیشتیمان هی هەموان بێت، بەڵام ئەوەی بەردەوام خزمەتی بەوانکردووە هەڵوێستى لایەنە سیاسییەکانی دیکە بووە”.