تەنیا چیاكان دۆستی كورد نین

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
جۆ بایدن، كە بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بێت، لەئێستادا براوەیە و رەنگە ببێتە چل و شەشەمین سەرۆكی ئەمریكا، كەسایەتییەكە زۆرینە پێیانوایە یەكێك دەبێت لە شارەزاترین سەرۆكەكانی ئەمریكا لە دۆسییەی عێراق و بەتایبەت كوردەكان.

بایدن ماوەی ساڵانێكی زۆر لە دۆسییەی عێراقدا كاری كردووە لەو ماوەیەشدا كاری لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەركردایەتی كورد كردووە، چاودێران باس لەوە دەكەن، لەو ماوەیەدا جۆ بایدن و مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان پەیوەندییەكی بەهێزی كەسییان دروستكردووە.

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ راپۆرتێكی پێشووی National Interestی ئەمریكی، كە ئاماژەی بە قسەیەكی جۆن بۆلتۆن راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی كردو دەڵێت: ترامپ كوردەكانی خۆشناوێت و دوو جار داوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای لەرۆژئاوای كوردستان كردووە و كوردانی رۆژئاواو هاوپەیمانانی واشنتۆنی بەتەنیا لە بەرەی بەرگریكردن دژی داعش بەجێهێشتووە.

ترامپ كوردەكانی خۆشناوێت

لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە دراوە، بایدن لەماوەی ١٥ ساڵی كاركردنی لەلیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی كۆنگرێسی ئەمریكا، كە لەو ماوەیەدا دوو جار بووە بەسەرۆكی لیژنەكە، گرنگییەكی زۆری بە كورد داوە و بەتایبەت لەعێراق بەجۆرێك ٢٤ جار سەردانی كردووە.

لە ساڵی ٢٠٠٣، بایدن یەكێك بوو لەو سیاسییانەی پەرۆشی روخانی سەدام حسێن سەرۆكی پێشووی عێراق بوو، لە ساڵی ١٩٩١یش دژی جەنگی كەنداو دەنگیدا و بەهەڵەیەك پێناسەی كرد، كە عێراق بۆ ماوەی دەیان ساڵی دیكە پێوەی دەناڵێنێت.

بەپێی راپۆرتێكی میدیا عێراقییەكان، گرنگیدان بە كورد یەكێك بوو لەهۆكارە سەرەكییەكانی دەنگدانی بایدن بە پرۆسەی روخانی سەدام حسێن، ئەو ترسی لەوە بوو سەدام لەڕێی چەكی ئەتۆمییەوە دووبارە هێرش بكاتە سەر وڵاتانی دراوسێ و كوردەكان.

لەگەڵ ئەوەی بایدن لەگەڵ خەمی كورد بوو، لەلایەكی دیكەوە خەمی ئەو ئاژاوانەشی بوو، كە پێشبینی دەكرا دوای روخانی سەدام رووبەڕووی عێراق ببێتەوە لەوانەش دەستگرتنی كوردەكان بەسەر كێڵگە نەوتییەكان و بەزاندنی سنوور لەلایەن توركەكانەوە تا رێگا لە دەركەوتنی دەوڵەتی كوردی بگرن.

بەپێی راپۆرتەكەی National Interest، گەورەترین دەربڕینی پاڵپشتی لەلایەن بایدنەوە بۆ كوردەكان لەكانوونی یەكەمی ساڵی ٢٠٠٢ بووە، كاتێك بە هاوەڵی سیناتۆر چەك هەگڵی هاوپیشەی سەردانی ناوچەكەیان كرد و لەپەرلەمانی كوردستان دوای ئەوەی پێشوازییەكی گەرمیان لێكرا وتارێكی خوێندەوە و رایگەیاند، ئەوەی هەر منداڵێكی كورد فێری دەبێت ئەوەیە: چیاكان تاكە هاوڕێی ئێمەن.

لەلایەكی دیكەوە، بایدن هەرێمی كوردستانی بە پۆڵەندای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێناسە كردو پەیمانیدا واشنتۆن پاڵپشتی بكات و وتیشی: چیاكان تاكە هاوڕێی ئێوە نین، مەبەستی لەوەبوو كە ئەمریكاش هاوڕێی كوردەكانە.

چیاكان تاكە هاوڕێی ئێوە نین

بەپێی گۆڤارە ئەمریكییەكە، لەگەڵ ئەوەی كوردەكان سودیان لەو گۆڕانكارییە بینی، كە لە سیستمی عێراقدا هاتە ئاراوە، بەڵام بەشەكانی دیكەی عێراق لە ئاژاوە و پشێویدا وێران بوون، بۆیە بەهەماهەنگی لەگەڵ لیزلی گێلب سەرۆكی ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوە بایدن پێشنیاری بەرفراوانكردنی دەسەڵاتی عێراقی كرد لەڕێی سێ حكومەتی ناوخۆییەوە ئەوانیش سوننە و شیعە و كوردەكان بوون، هاوكات، یەكێكی دیكە لە خاڵەكانی گفتوگۆكە بەرگریكردن بوو لە حوكمی خۆجێی كورد و دەستبەردار نەبوون لەو مافە رەوایە.

كۆتاییەكانی ساڵی ٢٠١٧، بایدن رایگەیاند، بریا ئەمریكا كاری زیاتری لەبەرژەوەندی كوردەكان بكردایە، كاتێكیش لە بایدنیان پرسی ئەی خۆت بۆ كاتێك جێگری سەرۆك بوویت نەتكرد؟ وتی: توركیا بوو.

گرنگیدان بە كورد یەكێك بوو لەهۆكارە سەرەكییەكانی دەنگدانی بایدن بە پرۆسەی روخانی سەدام حسێن

بەپێی گۆڤارەكە، ئەگەر بایدن كار لەسەر بەرگری كوردەكانی باكور و رۆژئاوا و هەرێم بكات، ئەوا پێویستە ئاگاداربێت لەوەی ئاڵۆزی لە پەیوەندییەكانی واشنتۆن لەگەڵ ئەنقەرە و بەغدا و دیمەشق دروست نەبێت، بۆ ئەوەی، كە پلانەكەی سەركەوتن بەدەستبهێنێت پێویستە بڕوا بە بەغدا و ئەنقەرە بهێنێت، كە وەك هاوبەشێك تەماشای بكەن، كە یارمەتیدەریانە لە كێشەكانیان لەگەڵ كورددا بەپێچەوانەی ئەوەی وەك دێوانەیەكی كورد تەماشای بكەن.

وا پێشبینی دەكرێت هاتنی بایدن دووبارە واشنتۆن بگەڕێنێتەوە بۆ پابەندبوونی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كە بەر لە دوو ساڵ دۆناڵد ترەمپ لێی كشایەوە، بەڵام رەنگە بایدن ئەوەش لەبەرچاو بگرێت كە سزاكانی ترەمپ پێگەی ناوخۆیی و هەرێمی ئێرانی لاواز كرد لەناویشیاندا لە عێراق، كە رەنگە ئەمە بكاتە هەل و بە مەرجی دەستبەرداربوونی زیاتری ئێران و واشنتۆن بگەڕێنێتەوە سەر مێزی دانوستان ئەوەش چاودێری هەولێر و بەغدا زیاد دەكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا