پۆڵه‌تیك پرێس
سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در له رێگه‌ی چه‌ند پێشنیازێكه‌وه داوا له‌حكومه‌تی عێراق ده‌كات قه‌رز نه‌كات، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی دارایش له‌په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت “به‌هۆی ئه‌و پێشنیازانه‌وه چاوه‌ڕوانده‌كرێت تێپه‌ڕاندنی پرۆژه یاساكه ئاسان نه‌بێت”.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه به‌ر له به‌ڕێوه‌چونی كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌باره‌ی یاسای قه‌رز، موقته‌دا سه‌در په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه و هۆشداریدا له‌وه‌ی حكومه‌تی عێراق قه‌رزبكات و كۆمه‌ڵێك پێشنیازی وه‌ك جێگره‌وه‌ی قه‌رز خستوه‌ته‌ڕوو.
جه‌مال كۆچه‌ر، په‌رله‌مانتاری لیژنه‌ی دارایی له په‌رله‌مانی كوردستان به پۆڵه‌تیك پرێس-ی راگه‌یاند، “دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆ په‌یوه‌ندی به پێشنیازه‌كانی سه‌رۆكی ڕه‌وتی سه‌در نییه، خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ پرۆژه یاسای قه‌رزه‌كه ده‌كرێت، ئه‌و پێشنیازانه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر تێپه‌ڕاندنی ده‌بێت، چاوه‌ڕوانده‌كرێت دوابخرێت”.
وتیشی، “ره‌نگه پێشنیازه‌كانی موقته‌دا سه‌در ببێته هۆی ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتارانی ڕه‌وتی سه‌در ده‌نگ به پرۆژه یاسایی قه‌رزه‌كه نه‌ده‌ن و ڕێژه‌ی یاسایی ئاماده‌بوونی په‌رله‌مانتار تێكبده‌ن، چونكه زۆر فراكسیۆنی دیكه‌ش هه‌ن ناڕازین و بڕوایان به‌وه هه‌یه ئه‌م قه‌رزه زۆره و حكومه‌ت به‌ره‌و مایه‌پوچبون ده‌بات، ئه‌گه‌ر ئه‌و لایه‌نه ناڕازییانه یه‌كبگرن، ئه‌وا تێپه‌ڕاندنی پرۆژه یاساكه قورس ده‌بێت”.
به‌وته‌ی جه‌مال كۆچه‌ر، په‌رله‌مانتاران ده‌ستخۆشیان له سه‌در كردووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ن ئه‌گه‌ر حكومه‌ت به‌شێوه‌ی ئێستا به‌رده‌وام بێت و موچه دوابكه‌وێت و بندیوار وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه، حكومه‌تیش بیه‌وێت به قه‌رز ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت بدات، مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه،
هه‌ر له چوارچێوه‌ی ئه‌و پێشنیازانه‌دا سه‌در داوا ده‌كات هه‌رێم و به‌غدا له‌باره‌ی كێشه‌كانی نێوانیان به‌تایبه‌ت پرسی ده‌رهێنانی نه‌وت ڕێكبكه‌ون.
له‌و ڕوه‌وه جه‌مال كۆچه‌ر، باسی له‌وه‌كرد، ئه‌ندامانی هاوپه‌یمانی سائیروون كه سه‌در سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات، له ده‌ستپێكی دانوستانه‌كانه‌وه تائێستاش سورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر هه‌رێم نه‌وت راده‌ست نه‌كات، ئه‌وان وه‌ك سه‌دریه‌كان ده‌نگ به یاساكه ناده‌ن و هه‌نگاوی دیكه ده‌گرنه به‌ر ئه‌وه‌ش هۆكارێكه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردوو حكومه‌ت پابه‌ندی رێككه‌وتنی نێوانیان بن، ئه‌وه‌ش پاڵنه‌رێكی باشه بۆ ئه‌وه‌ی مافی خه‌ڵك ده‌سته‌به‌ربكرێت، له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه ده‌بێته كارتی فشار بۆ پابه‌ند بونی حكومه‌ت.