سەربازانی سوریا لە پێکدادانی قەرەباغ هەڵدێن

پۆڵەتیک پرێس

سەرچاوە ناوخۆییەکانی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا پاشگەزبوونەوەی ١٥ سەربازی سوریان  لە پێکدادانەکانی هەرێمی قەرەباغ پشتڕاستکردەوە کە بەشێک بوون لە هێزەکانی سەر بە تورکیا.

سەرچاوە ناوخۆییەکانی سوریا بڵاویانکردەوە، حەوت لەو سەربازانە نیوەشەوی شەممەی رابردوو بەرەو ناحیەی ئەبو راسین لە حەسەکەی رۆژئاوا هەڵهاتوون، بە هەفتەیەکیش بەر لەوان هەشت سەربازی دیکەی سوری لە هێزەکانی سەر بە تورکیا کشاونەتەوە.

ئەو سەربازانە باسیان لەوەکرد، داواکاری سوپای تورکیایان رەتکردووەتەوە کاتێک فەرمانیان پێکردوون بەشداری لە پێکدادانەکانی نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە هەرێمی قەرەباغ بکەن.

ماوەی زیاتر لە مانگێکە، شەڕ و پێکدادان لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لە هەرێمی قەرەباغ دەستیپێکردووە و بەردەوامی هەیە، هاوکات، دەسەڵاتدارانی تورکیا چەندین سەربازی بەکرێگیراوی سورییان ناردە ریزەکانی شەڕ و لەپاڵ ئازەربایجاندا بەرامبەر پارەی مانگانە و دژی ئەرمەنییەکان جەنگان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا