نووسینی: بەختیار عەلی
وه‌رگێڕانی: هاوار محه‌مه‌د
سەرچاوە: ماڵپەڕی ناوەخت
وتەى وەرگێڕ:
له بنه‌ڕه‌تدا “به‌ختیار عه‌لی” ئه‌م وتاره‌ی به زمانی عه‌ره‌بی، بۆ سایتی په‌یمانگای گۆته نووسیوه. دواتر بۆ زمانی ئینگلیزی و ئه‌ڵمانی و فارسی وه‌رگێڕدراوه و ساڵى 2016 له به‌شی “فیكر و هونه‌ر”ی سایته‌كه به هه‌ر چوار زمانه‌كه بڵاوبۆته‌وه. ئێمه‌یش هەر ئەو كات، لە گەرمەى كۆچى كۆچبەراندا بەرەو هەندەران، بە ئاگادارى نووسەر خۆى بۆ بەرچاوى خوێنەرانى كورد كردمان بە كوردى و بەنیازبووم لە گۆڤارێك یان لە پرۆژەی كتێبێكدا دەربارەى كۆچ و پەنارێتى و ڕاسیزم، لەگەڵ چەند وتارێكى تر‌ى بیرمەندانى ڕۆژئاوادا بڵاوى بكەمەوە؛ هەڵبەت نە گۆڤارەكە سەری گرت و نە كتێبەكەم بۆ تەواو كرا، بۆیە وتارەكە هەر لە ئەرشیفى خۆمدا مایەوە. ئێستا، لە سەروەختى مشت‌ومڕ لەسەر سیاسەتەكانى ماكرۆن و كاردانەوەى هیستریایى و ناعەقڵانى دنیاى ئیسلام، پێمباشبوو بڵاوى بكەمەوە.
بۆ وەرگێڕانى ئەم وتارە پشتمان به ده‌قه عه‌ره‌بییه‌كه و وه‌رگێڕدراوه ئینگلیزییه‌كه‌ی به‌ستووه، له كۆتاییشدا لینكی وتاره‌كه‌مان به هه‌ردوو زمانه‌كه داناوه و خوێنەر دەتوانێت بۆیان بگەڕێتەوە.
په‌نابه‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه به په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ شوێندا ده‌ناسرێته‌وه، به‌ڵام له چوارچێوه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌دا سنووردار نابێت. چونكه ئه‌وه گرنگ نییه په‌نابه‌ر به كرده‌یی له كوێدایه، ئه‌و هێشتایش له نێو خۆیدا شوێنی دووه‌می هه‌ڵگرتووه: شوێنێكی ناوه‌كی. واته یاده‌وه‌رییه‌كانی، ترسه‌كانی، ئومێده‌كانی. دڕدۆنگییه‌ك له‌نێوان په‌نابه‌ران و واقیعه كۆن و نوێیه‌كاندا هه‌یه؛ ئه‌وان پۆتێنشییه‌ڵی تێكده‌رانه‌یان هه‌ڵگرتووه، ئه‌م پۆتێنشیه‌ڵه ڕووبه‌ڕووی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌یش ده‌بێته‌وه كه په‌نابه‌ر بۆ نێویان هه‌ڵهاتووه.
كۆمه‌ڵێك پاسه‌وانی تووڕه له ناوه‌وه‌ماندا پاسه‌وانیی له ده‌رگا شاراوه‌كان ده‌كه‌ن. بۆ هه‌ر كوێ بچین هه‌میشه ده‌كه‌وینه‌وه نێو نیشتمان-ڕۆژهه‌ڵات كه له‌وێدا خودا نه‌فره‌تلێكراوان ده‌نێرێت كاتێك دۆزه‌خ له لایه‌كه‌ی دیكه پڕ ده‌بێت. ئه‌وان پێمان ده‌ڵێن “مه‌ڕۆن”. هه‌میشه هێزێك هه‌یه بانگمان لێده‌كات: كۆچ مه‌كه، نیشتمان جێمه‌هێڵه، خاكی باوباپیران جێمه‌هێڵه، مه‌ڕۆ. شوێن به پڕێتی خۆیه‌وه، به فه‌رمانه‌كانی خۆیه‌وه، دوامان ده‌كه‌وێت.
ده‌رباره‌ی ترس:
هێزێك هه‌یه یاده‌وه‌رییه‌كی فاشیستی له ناخماندا چاندووه. ئێمه كۆچ ده‌كه‌ین و ئه‌و له شوێنی خۆیدا ده‌مێنێته‌وه. ته‌حه‌دای جه‌سته ده‌كات، ته‌حه‌دای ڕه‌هه‌نده‌كانی شوێن ده‌كات، ته‌حه‌دای درێژبوونه‌وه جوگرافییه‌كان و مه‌وداكان ده‌كات. ئه‌م یاده‌وه‌رییه چۆن دروستبووه هه‌ر وا ده‌مێنێته‌وه، له ترسه‌كانیدا و له دڵه‌ڕاوكێ ئۆقره‌بڕه‌كانیدا ده‌مێنێته‌وه. كاتێك بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ژێر سته‌مدا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ین، یاده‌وه‌ری ناتوانێت له ترسی خۆی ڕزگاری ببێت، ئه‌وه ترسێكی داهێنه‌رانه‌یه، به بێ ئه‌و ترسه دره‌وشاوه‌یه شوێنه‌كانی تر ناتوانن شوناسی خۆیان هه‌بێت. ته‌نیا ئه‌و ترسه‌ی كه له‌ئێمه‌دا چێنراوه ده‌توانێت ناوه‌كان ده‌رببڕێت، ئه‌و له ناوه‌وه‌ماندا تاكه قسه‌كه‌ری ڕاسته‌قینه‌یه.
دوو جۆری كۆچی هه‌ڵهاتووان له دۆزه‌خی نیشتمانه كاره‌ساتباره‌كان هه‌یه: جۆری یه‌كه‌میان، كۆچ ده‌كه‌ین بۆ له‌یادكردن و به ئاراسته‌ی پێچه‌وانه‌ی یاده‌وه‌ریدا ده‌ڕۆین. نه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆحی خۆمان ڕزگار بكه‌ین، به‌ڵكو بۆ ئه‌وه‌ی شوناسی خۆمان بگۆڕین، بۆ ئه‌وه‌ی له ڕیشه‌وه بوونی خۆمان بگۆڕین.. كۆچ ده‌كه‌ین نه‌ك له‌پێناو ڕزگاركردنی ئه‌و شتانه‌دا كه ده‌بێت له خاشاكی سته‌مكاری ڕزگاریان بكه‌ین، به‌ڵكو بۆ خاپووركردنی هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه سته‌مكاری نه‌یتوانیووه له نێو كه‌سایه‌تی ترسا‌و و وشكهه‌ڵاتووی ئێمه‌دا خاپووریان بكات. له‌م دۆخه‌دا كۆچ به ئامێزانبوونێكی ته‌واو كۆتایی پێدێت، به توانه‌وه له كۆمه‌ڵگه نوێیه‌كاندا (ئینتیگراسیۆن). به‌ڵام جۆری دووه‌می كۆچ، دووركه‌وتنه‌وه‌یه له نیشتمان بۆ ئه‌وه‌ی یاده‌وه‌ریمان بپارێزێن و نه‌هێڵێن له‌یادچوونه‌وه بیسڕێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی ماومانه به خۆشیی ترسه‌وه به‌سه‌رى ببه‌ین، چێژی لێوه‌ربگرین، شانازی به بوونییه‌وه بكه‌ین و تێیدا نیشته‌جێ ببین. هه‌موو ڕۆژێك ترس بانگمان ده‌كات بۆ بینینی شته‌كان، بۆ ناونانی شته‌كان، بۆ كه‌شفكردنی جیاوازی نێوان ئێمه و سروشتی ئاسایی مرۆڤ.
ئه‌وانه‌مان كه له‌ژێر زه‌بروزه‌نگی دیكتاتۆرییه‌تدا ژیاوین، ترس ئه‌و به‌شه‌ی ئێمه‌یه كه له‌وانیتر جیامان ده‌كاته‌وه. ئه‌وه ترسێكی تایبه‌تی و جیاكه‌ره‌وه‌یه، ترسێك كه له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی زه‌مه‌ندا بۆته فۆڕمێك له فۆڕمه‌كانی سۆمای ناوه‌كی، كه به پشبینییه‌كانی ته‌نیا شته‌كان ڕه‌نگاو ڕه‌نگ ناكات، به‌ڵكو به نیشانه‌كانی ئایینده و داهاتوویش تێوه ده‌گلێنێت. هه‌ڵهاتوو ناتوانێت زۆر له ماڵه پڕ ترسه‌كه‌ی دوور بكه‌وێته‌وه. ته‌نیا له‌م ڕوانگه‌وه‌یه ده‌توانین ته‌فسیری ئه‌و وته‌یه‌ی “ژیل دۆلۆز” بكه‌ین كه ده‌ڵێت: “كۆچه‌ر، بوونه‌وه‌رێكه له شوێنی خۆی ناجوڵێت، ته‌نیا ئه‌و كاته ده‌بێته كۆچه‌ر كه بڕیاری مانه‌وه له‌نێو ماڵه‌كه‌ی خۆیدا بدات”.
تاڕاده‌یه‌ك تیرمی “په‌نابه‌ر” (refugee)م پێ دروست نییه. له په‌نابه‌ریدا جۆرێك له وه‌ستان و جێگیر بوون ئارامگرتن بوونی هه‌یه. به‌ڵام هه‌ڵهاتن (running/escape)، به گه‌یشتن به كه‌ناری ئارامی ته‌واو نابێت و كۆتایی نایه‌ت. په‌نابه‌ری، وه‌ستانێكی ناچارییه، ئیدی شوێن ناهێڵێت زیاتر بڕۆیت. به‌ڵام كرده‌ی هه‌ڵهاتن به فۆڕمی تر، له‌ژێر ماسكه‌كانه‌وه به‌رده‌وام ده‌بێت. به‌لای هه‌ڵهاتووه‌وه هه‌رگیز شوێنێكی خاڵی له ترس بوونی نییه. مه‌سه‌له‌كه له سنووری هاوكێشه‌یه‌كی ساده‌ی سیاسی‌دا ناوه‌ستێت، واته مه‌سه‌له هه‌ڵهاتن له ده‌سه‌ڵاتی ده‌وڵه‌ت یان ده‌رچوون له ناوچه‌یه‌ك نییه كه ڕاسته‌وخۆ مه‌ترسیداره، به‌ڵكو مه‌به‌ستی ڕاسته‌قینه‌ی پشت هه‌ڵهاتن، شكاندنی بازنه‌ی ترسه. هه‌ڵهاتن كرده‌یه‌كی ئه‌فسانه‌ییه، خه‌یاڵكارییه، له‌چوارچێوه‌ی لۆژیكی خه‌یاڵداندایه، نه‌ك لۆژیكی بیركردنه‌وه‌ی عه‌قڵانیی په‌تی. جیاوازییه‌كی ڕیشه‌یی له‌نێوان “ناوچه‌ی مه‌ترسیدار” (danger zone) و “بازنه‌ی ترس” (circle of fear)ـدا هه‌یه. هه‌ڵهاتوو ده‌توانێت له ناوچه‌ی مه‌ترسیدار ده‌ربچێت، به‌ڵام ده‌رچوونی یه‌كجاره‌كی له بازنه‌ی ترس پێویستی به كه‌ره‌سته‌ی ده‌روونی و سیاسی زۆر ئاڵۆز هه‌یه. ترس چه‌مكێكی خه‌یاڵی و ده‌روونییه، ته‌نیا به نه‌مانی مه‌ترسیی ڕاسته‌وخۆ، ناڕه‌وێته‌وه.
ساته هه‌ره دراماتیكییه‌كان له په‌ره‌سه‌ندنیی ڕۆحیی هه‌ڵهاتوودا، ئه‌و ساتانه‌ی گۆڕان و په‌ڕینه‌وه‌یه كه تییاندا ترس له دیارده‌یه‌كی په‌یوه‌ست به واقیعییه‌تێكی سیاسی دیاریكراوه‌وه ده‌بێته واقیعییه‌تێكی وجودی (existential reality)، له دیارده‌یه‌كی دیاریكراوه‌وه كه له شوێن و كاتدا جێگیره، ده‌گۆڕێت بۆ دۆخێك كه گوزارشت له مه‌رجێكی وجودیی ده‌كات- مه‌رجێك كه ناتوانین تێیبپه‌ڕێنین. واته كاتێك مه‌جازی (hypothetical) له واقیعی كاریگه‌ری زیاتره و خه‌یاڵییش له واقیع ڕه‌قتره.
مانه‌وه له دۆخی ترس‌دا مه‌رج نییه تووشی بێجووڵه‌یی و ونبوونمان بكات، كه‌سی ترسا‌و ده‌توانێت به یارمه‌تیی خه‌یاڵدانه چالاكه‌كه‌ی به‌رده‌وام بێت و دێژه به ڕۆیشتنی خۆی بدات، ده‌توانێت له‌سه‌ر چه‌ند ئاستێكی مه‌جازیی هه‌مه‌چه‌شن، درێژه به گه‌شته‌كه‌ی بدات، به‌ڵام ئه‌و ئاستانه له‌و ترسه ڕزگاری ناكه‌ن و نایپه‌ڕێننه‌وه كه له پانتایی ده‌روونییدا باڵاده‌سته. جارێك “ئیریش كیستنه‌ر” وتی: “ئه‌وه‌ی ترسی نه‌بێت خه‌یاڵیشی نییه”. ئه‌و وته‌یه، تاڕاده‌یه‌ك، جۆرێك له كارلێك له‌نێو فه‌زای ڕۆحیی هه‌ڵهاتوودا پیشان ده‌دات. ئاسته‌مه ته‌نیا له ڕێگه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌گه‌زه كولتوورییانه‌ی له نائاگاییدا هه‌ڵگیراون، یان له ڕێگه‌ی حوكمدانی ڕووكه‌شانه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای باكگراوندی ئایینی و ئایدیۆلۆژیی كۆچبه‌ر، له‌وه تێبگه‌ین كه چی له زه‌ینی كۆچبه‌راندا ده‌گوزه‌رێت. هه‌ڵهاتوو زیاتر له‌وه‌ی بیر بكاته‌وه خه‌یاڵ ده‌كات، زیاتر له‌وه‌ی چه‌مكی عه‌قڵی به‌رهه‌م بهێنێت وێنه‌ی فانتازی به‌رهه‌م ده‌هێنێت.
ته‌وه‌هومی ئه‌وه‌ی كه ڕۆژئاوا بۆ ئاواره‌كان به شێوه‌یه‌كی ئۆتۆماتیكی جۆرێك فیرده‌وسی زه‌مینییه، بۆچوونكی ئێجگار ناواقیعییه. ئه‌و ترسه‌ی له هه‌ڵهاتوودا نیشته‌جێیه، كۆمه‌ڵێك حه‌قیقه‌تی ئاڵۆزتر پیشان ده‌ده‌ن. وێنه‌ی بانگه‌شه بۆ كراوی “ڕۆژئاوا” وه‌ك جۆرێك فیرده‌سی زه‌مینی له چه‌ند قۆناغێكی تایبه‌تیدا، له‌نێو ئه‌زموونی مه‌نفا و له‌ژێر فشاری كۆمه‌ڵێك میكانیزمی دیاریكراودا دروست بووه، وه‌ك هه‌وڵێك بۆ چه‌پاندنی ئاره‌زووی سه‌ركێشی هه‌ڵهاتن له هه‌موو شوێنه‌كان و وه‌ك هه‌وڵێك بۆ به‌رگرتن به سیحری هه‌ڵهاتنی به‌رده‌وام.
ڕۆژئاوا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، حه‌قیقه‌تی له‌ده‌ستچوونی ئه‌به‌دیی فیرده‌وس له كۆچبه‌ر (migrant) ده‌گه‌یه‌نێت. ئه‌و حه‌قیقه‌ته ئازارده‌ره‌یش، نامۆیی نێوان هه‌ڵهاتووان و شوێنه واقیعییه‌كان قووڵتر ده‌كاته‌وه. ترسی كۆچبه‌ران به‌رامبه‌ر ڕۆژئاوا له بنه‌ڕه‌تدا هه‌ڵقوڵاوی ڕوانگه ئایدیۆلۆژی و ئایینییه په‌تییه‌كان نییه. گه‌شبینی به‌رامبه‌ر ڕۆژئاوا یان كینه‌ی زێده‌ڕه‌وانه به‌رامبه‌ر ڕۆژئاوا، له په‌یوه‌ندییه‌كی كێشه‌ئامێزی چاره‌سه‌رنه‌كراوی نێوان سوبێكت و شوێنه‌وه دێت.
ده‌رباره‌ی ونبوونی شوێن:
ترس له “ترس له دیار”ه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ “ترس له نادیار”، ئه‌مه په‌یوه‌ندییه‌كی زه‌قه له گه‌شتی كەسى هه‌ڵهاتوودا. هه‌ڵهاتوو، دوای گه‌یشتنی به ڕۆژئاوا، ناتوانێت له بازنه‌ی مه‌ترسییه مه‌جازییه‌كان ده‌ربچێت. مه‌به‌ستم ئه‌و مه‌ترسییه سروشتییانه نییه كه ڕووبه‌ڕووی مرۆڤ ده‌بنه‌وه، به‌ڵكو هه‌ستكردنێكی ڕاسته‌وخۆ و ترسناكه به ناكۆتایی گه‌شتی هه‌ڵهاتن. هه‌ر كه هه‌ڵهاتوو ده‌گاته شوێنێك، وا هه‌ست ده‌كات ئه‌و شوێنه ئامانجه ویستراوه‌كه‌ی نییه و كۆمه‌ڵێك ڕێگای تر چاوه‌ڕێی ده‌كه‌ن. په‌نابه‌رێتی هیچ نییه جگه له قۆناغێك له قۆناغه‌كانی گه‌شتێكی بێكۆتایی، وێستگه‌یه‌ك له وێستگه‌كان و هیچیتر. جه‌سته‌ی پاڵكه‌وتووی كۆچبه‌ران له‌سه‌ر نوێنی كه‌مپه‌كان هه‌ست به حه‌وانه‌وه ناكات. هه‌میشه ده‌نگێك هه‌یه به گوێیدا ده‌چرپێنێت و پێده‌ڵێت مه‌ودای دیكه هه‌یه كه ده‌بێت بیانبڕێت.
كێشه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ڵهاتوو كێشه‌یه له‌گه‌ڵ وێنه‌ی شوێندا، به‌و واتایه‌ی نیگای ئه‌و بۆ شوێن سروشتی حاڵه‌ته ڕۆحییه‌كه‌ی دیاریی ده‌كات. هه‌موو هه‌ڵهاتنێك هه‌ڵهاتنه له پانتاییه‌كی سیاسی دیاریكراو، هه‌ڵهاتنه له دابه‌شكارییه‌كی دیاریكراو له‌نێو پانتایی سروشتی‌دا. كۆچبه‌ر له ڕێگه‌ی كرده‌ی هه‌ڵهاتنه‌وه هه‌وڵ ده‌كات شوێن بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ حاڵه‌ته سه‌ره‌تاییه‌كه‌ی، بۆ حه‌قیقه‌ته‌كه‌ی وه‌ك زه‌مینه‌ی ژیان، واته بۆ پێش دابه‌شبوونی به‌سه‌ر ده‌وڵه‌تان و كۆمه‌ڵگاكاندا.
له خه‌یاڵدانی هه‌ڵهاتوودا شتێك به ناوی “ڕۆژئاوا” بوونی نییه. ئه‌و چیرۆكه‌ی به‌هه‌شت كه له لایه‌كی دیكه[ى جیهان] چاوه‌ڕێی په‌نابه‌ره، وێنایه‌كی ته‌واو ڕۆژئاواییه بۆ حیكایه‌تی كۆچ. هه‌ڵهاتوو ده‌یه‌وێت شوێن بگه‌ڕێنێته‌وه بۆ سروشته نا-سیاسییه‌كه‌ی، بۆ په‌ڵه زه‌وییه‌ك كه هێشتا نه‌خراوه‌ته ژێر باری پرۆسه‌ی پارچه پارچه‌كردنه‌وه. دووركه‌وتنه‌وه له بازنه‌ی مه‌رگ ته‌نیا مه‌به‌ستی یه‌كه‌مه، هه‌نگاوی یه‌كه‌مه، به‌ڵام ئامانجه سه‌ره‌كییه‌كه دووركه‌وتنه‌وه‌یه له شوێنی به‌سیاسیكراو و ڕۆیشتنه به‌ره‌و شوێنی سروشتی، نه‌ك له پێناو مانه‌وه‌دا به‌ڵكو له‌پێناو گه‌یشتندا به جیهانێكی جیاواز. كۆچبه‌ر ئومێدی به‌وه‌یه له ڕۆژئاوا پانتاییه به سیاسینه‌كراوه‌كان بدۆزێته‌وه. مه‌به‌ستی ئه‌و، ده‌رچوون نییه له دۆزه‌خه‌وه به‌ره‌و به‌هه‌شت، به‌ڵكو گه‌ڕانه به‌دوای پارچه زه‌وییه‌كه‌دا كه چیتر بوونی نه‌ماوه. هه‌ڵهاتن كارێكه كه خه‌تمی شكستی لێدراوه. له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌وڵه بۆ سه‌رله‌نوێ پێناسه‌كردنه‌وه‌ی زه‌مین وه‌ك موڵكێكی گشتیی هه‌موو بوونه‌وه‌ران.
كاتێك هه‌ڵهاتوو ده‌گاته ڕۆژئاوا ده‌كه‌وێته به‌رده‌م دووڕێیانێك: یان ده‌بێت مل بۆ جه‌بری شوێن بدات، یان ده‌بێت له ئاسته ناوه‌كییه‌كاندا، واته له‌سه‌ر ئاستی فیكری-خه‌یاڵی یان له‌نێو چه‌پاندنی ده‌روونیدا، له نائاگاییدا، له كاردانه‌وه هه‌ڕه‌مه‌كییه‌كانیدا به‌رامبه‌ر به دیارده ڕۆژانه‌ییه‌كان، له گه‌شته مه‌جازییه‌كه‌ی به‌رده‌وام بێت.
ته‌سلیمبوون به جه‌بری شوێن، واته ده‌ستبه‌رداربوون له واتای ئه‌خلاقی و ڕه‌هه‌ندی فه‌لسه‌فییانه‌ی كرده‌ی هه‌ڵهاتن. لێره‌دا هه‌ڵهاتوو پێویستی به ده‌قێكی ئه‌فسانه‌یی كارایه، پێویستی به حیكایه‌تێكی تایبه‌تی وه‌كو ئه‌فسانه‌ی “ڕۆژئاوا-به‌هه‌شت” هه‌یه تاوه‌كو پاساوی ته‌سلیمبوونه‌كه‌ی پێبدات. مه‌سه‌له‌ی لێكجووتیی نێوان وێنه‌ی ڕۆئاوا و وێنه‌ی شوێنی خه‌یاڵی، یه‌كێك نییه له بزوێنه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی كۆچ. ئه‌فسانه‌ی “ڕۆژئاوا-به‌هه‌شت” ته‌نیا ئه‌و كاته ئیش ده‌كات كه كۆچبه‌ر پێویستی به پاساوێكی ئه‌خلاقی و فیكری هه‌یه بۆ كۆتاییهێنان به گه‌شته‌كه‌ی و داننان به بێهووده‌یی گه‌ڕان به دوای شوێنێكدا كه به هێما سیاسییه‌كان بار نه‌كرابێت.
له‌دایكبوونی چه‌مكی فیرده‌وسی ڕۆژئاوایی له پانتایی ده‌روونی كۆچبه‌ردا، هیچ نییه جگه له میكانیزمێك له مكانیزمه‌كانی به‌رگریی زاتی، بۆیه نه په‌یوه‌ندییه‌كی به ده‌رككردن و ئه‌زموونی ڕاسته‌قینه‌ی كۆچبه‌ره‌وه له ڕۆژئاوا هه‌یه و نه په‌یوه‌ندیی به ماهییه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی ڕۆژئاواوه هه‌یه وه‌ك كیانێكی سیاسی و شارستانی. وه‌زیفه‌یه‌كی سه‌ره‌كی وێنه‌ی فیرده‌وسییانه، به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئاره‌زووی سه‌ركێشی به‌رده‌وامبوونه له هه‌ڵهاتن، واته جۆرێك فێڵی ده‌روونییه تاوه‌كو سوبێكت ناچار بكات له‌و شوێنه‌دا بمێنێته‌وه كه تێیدایه. تێگه‌یشتنی باوی ڕۆژئاوا له كۆچبه‌ر، وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی ته‌ماعباز بۆ داگیركردنی فیرده‌وسی ئه‌وروپی، ئه‌وه له‌بیر ده‌كات كه ئه‌و وێنه‌یه هیچ نییه جگه له كه‌ره‌سته‌یه‌كی سایكۆلۆژیی په‌تی بۆ ڕزگاركردنی كۆچبه‌ر له قورسایی خه‌یاڵه‌كه‌ی، بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ی له‌و بانگه نهێنییه‌ی له ناوه‌وه‌یه‌وه دێت و هانی ده‌دات بۆ ڕۆیشتنی ئه‌به‌دی به هه‌ر ئاراسته‌یه‌كدا. به‌هه‌شتی ڕۆژئاوایی لای كۆچبه‌ر، په‌یوه‌ندیی نییه به چه‌مكی به‌هه‌شته‌وه به واتا باوه‌كه‌ی. ئه‌مه به‌هه‌شتێكی ئابووری یان سیاسی نییه، به‌ڵكو دالێكی ڕه‌مزییه، نیشانه‌یه‌كی ده‌روونییه بۆ شكستی خه‌یاڵ له به‌رده‌م واقیعدا.
بینینی جیهان له‌ژێر ڕۆشنایی دووالیزمی “ڕۆژهه‌ڵات: دۆزه‌خ/ ڕۆژئاوا: به‌هه‌شت” جۆرێك له‌نێوبردنی یه‌كجاره‌كی دووالیزمێكی ڕیشه‌ییتره، ئه‌ویش دووالیزمی “خه‌یاڵی/واقیعی”ـه. ناكرێت ڕه‌هه‌نده ڕادیكاڵییه‌كه‌ی دووالیزمه ڕیشه‌ییه‌كه به بێ پشتبه‌ستن به جۆرێكی دیكه‌ی وێناكردن، كه هاوكار بێت بۆ سه‌رله‌نوێ ئاوێزانبوونه‌وه به جیهان، له‌نێو ببرێت. ئه‌فسانه‌ی ڕۆژئاوای فیره‌ده‌وسییانه یه‌كێكه له گرنگترین ڕه‌گه‌زه بزوێنه‌ره‌كانی كرده‌ی ئاوێزانبوونه‌وه. هه‌ڵهاتوو ناتوانێت له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگایه‌كی ڕۆژئاوایی و ژینگه‌یه‌كی سیاسی و كولتووری نوێ‌دا بچێته نێو كرده‌ی ئاوێزانی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه، به بێ پشت به‌ستن به ئه‌فسانه‌یه‌ك كه پاڵهێزه‌كه‌ی هێنده‌ی ئه‌و دووالیزمه سه‌ره‌كییه به‌هێز بێت كه بۆ هه‌ڵهاتن پاڵی ناوه. ده‌سته‌مۆكردنی خه‌یاڵدان پێویستی به زمانێكی به‌ڵێنده‌ر promising language هه‌یه بتوانێت ڕه‌هه‌ندی ئه‌فسانه‌یی تێكه‌ڵ به ڕه‌هه‌ندی واقیعی بكات. ئه‌م ئاوێزانبوونه به بێ یارمه‌تیی پێدراوه واقعییه‌كان، وه‌ك ئه‌وه‌ی له حاڵه‌تی ڕۆژئاوادا هه‌یه، ناشێت ڕووبدات.
ئه‌و كۆچبه‌رانه‌ی بڕوایان به ئه‌فسانه‌ی فیرده‌وسی ڕۆژئاوایی هه‌یه، كۆشش ده‌كه‌ن بۆ توانه‌وه‌یه‌كی سه‌راپایی له‌نێو بۆته‌قه‌یه‌كی نوێ‌دا، به بێ نۆستالژیا بۆ شوێنی دیكه‌ی واقیعی یان خه‌یاڵی. هانا ئارێنت ناو له‌مانه ده‌نێت “پارڤینۆكان” parvenus، كه بێ دوودڵی، په‌له‌ی توانه‌وه‌یانه له ژینگه نوێیه‌كه‌دا. دواجار كرده‌ی ئاوێزانبوون ته‌نیا نابێته مایه‌ی ته‌بابوون و گونجان له‌گه‌ڵ شوێندا، به‌ڵكو هیچ مه‌یلێكیش بۆ یاخیبوون له ژینگه‌ی سیاسی ناهێڵێته‌وه. كۆچبه‌ری ئاوێزانبوو له‌و بوونه‌وه‌رانه‌یه كه زۆر كه‌م ناڕه‌زایه‌تی ده‌نوێنێت، به‌ڵام له‌و بوونه‌وه‌رانه‌یه كه هه‌وڵی زۆر ده‌دات به ڕوخسارێكی دیسپلینكراوه‌وه خۆی پیشان بدات.
ئێستاتیكای نا-ئاوێزان:
جۆره‌كه‌ی دیكه‌ی هه‌ڵهاتن پۆلی پێچه‌وانه ده‌نوێنێته‌وه، بوونه‌وه‌رێكه له جه‌بری شوێن خۆی ده‌دزێته‌وه، ناتوانێت له گۆشه‌یه‌كدا ئۆقره بگرێت. هێشتا شوێنی مه‌جازی، ئاره‌زووی ڕۆیشتنی تێدا ده‌بزوێنێت، ده‌یخاته سه‌ر كه‌ڵكه‌ڵه‌ی جووڵان به لایه‌كدا. ڕه‌نگه له كیشوه‌رێكه‌وه بۆ كیشوه‌رێكی تر، له ده‌وڵه‌تێكه‌وه بۆ ده‌وڵه‌تێكی تر، له شارێكه‌وه بۆ شارێكی تر سه‌فه‌ر بكات و سه‌رشار بێت له هه‌ستی گه‌ڕان. هه‌ڵه‌یه‌كی گه‌وره ده‌كه‌ین ئه‌گه‌ر وه‌ها له پرۆسه‌ی هه‌ڵهاتن تێبگه‌ین كه ته‌نیا گه‌ڕانی جەستەیى [فیزیكی]ـه به‌نێو شوێنه‌كاندا. هه‌ڵهاتووی ڕاسته‌قینه، گه‌ڕیده‌یه‌كى وێڵ به‌دوای زه‌مینێكی ده‌ره موڵكایه‌تیدا، به‌دوای هه‌رێمێكدا كه مۆری ناسیۆنالیزم و ئایینی لێنه‌درابێت، سه‌ره‌ڕای مانه‌وه‌ی له‌و شوێنه‌دا كه له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی كۆچ و كۆچبه‌رانه‌وه بۆی ته‌رخانكراوه، هێشتا له ناوه‌وه و له ڕێگه‌ی نه‌سازانی قووڵ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره نوێیه‌كه‌یدا، درێژه به گه‌شته ده‌روونی و فیكرییه‌كه‌ی خۆی ده‌دات. هه‌روه‌ها له ڕێگه‌ی گومانێكه‌وه كه ڕه‌نگه به‌ره‌و نامۆییه‌كی مرۆیی داهێنه‌رانه‌ی ببات، یان ڕه‌نگه بیبات به‌ره‌و كشانه‌وه و گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و ڕابردوو، بۆ ئه‌و كاته‌ی كه وێنه منداڵییه‌كان دەر‌باره‌ی شوێنی یه‌كه‌م له یاده‌وه‌رییەكەیدا كه‌ڵه‌كه ده‌بن، ئه‌و كاته‌ی كه ئامێزی دایك سیحری ئه‌فسانه‌یی خۆی تێكه‌ڵ به شوێن ده‌كات. وێنه‌ی شوێنی مه‌جازی له خه‌یاڵدانی كۆچبه‌ردا، له وێنه‌ی سه‌ره‌تایی شوێنی دایكانه‌ییه‌وه دروست ده‌بێت و دێته ده‌ره‌وه، له‌وێدا كه سروشتی ئاوێزانبوونی نێوان سوبێكت و جیهان ملكه‌چی پێوه‌ره خێڵه‌كییه‌كان نه‌بووه. خۆ ئه‌گه‌ر كۆچبه‌ر به‌ره‌و كشانه‌وه بگه‌ڕێته‌وه، واته به‌ره‌و نۆستالژیا بۆ ئه‌و شتانه‌ی كه په‌یوه‌ندیدارن به یاده‌وه‌ریی منداڵییه‌وه، ئه‌وا ڕه‌نگه ئه‌م جوڵه‌یه لای هه‌ندێك به لاڕێدا بڕوات و ببێته جۆرێك له دوژمنكاری به‌رامبه‌ر جیهان. ئه‌و كاته، له بری وێنه‌ی فیرده‌وسییانه‌ی ڕۆژئاوا، ڕوانینێكی شه‌یتانی سه‌رهه‌ڵده‌دات كه گروپه ئایدیۆلۆژییه تووندڕه‌وه‌كان، بۆ بەرفراوانكردنی كه‌لێنی نێوان كۆچبه‌ر و ژینگه ڕۆژئاواییه‌كه، ده‌یقۆزنه‌وه و سوودی لێوه‌رده‌گرن.
وه‌دوونه‌كه‌وتنی فریووه‌كانی وێنه‌ی فیرده‌وسییانه‌ی ڕۆژئاوا دیارده‌یه‌كی ترسێنه‌ر و نه‌رێنی نییه. بۆ كۆچبه‌ر گرنگه به‌شێك له ڕۆحی یاخیبوون بپارێزێت، واته به ته‌واوی له شوێندا نه‌توێته‌وه. ئاوێزانبوونی ته‌واو له‌گه‌ڵ شوێندا و تووانه‌وه‌ی نێگه‌تیڤانه له بۆته‌قه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئه‌و مه‌ودا ڕه‌خنه‌ییه هه‌ڵده‌گرێت كه پێویسته له نێوان مرۆڤ و ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی-سیاسییه‌كه‌یدا هه‌بێت. هێشتنه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ودایه پێشمه‌رجێكی سه‌ره‌كییه بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بێته ئامرازێكى كۆمه‌ڵایه‌تیی گوێڕایه‌ڵ.
ئاوێزاننه‌بوون واتای ئه‌وه نییه ببینه بوونه‌وه‌ری پاسیڤی دووره‌په‌رێز، یان له ڕووی كولتووری و زمانه‌وه ببینه مه‌خلوقی نامۆكراو، به‌ڵكو واتای هێشتنه‌وه ئه‌و ترسه داهێنه‌رانه‌یه كه ده‌بێته مایه‌ی “بوونبه” صیرورهیهكی هه‌میشه‌یی. واته ئاماده‌باش بین بۆ ئه‌و بانگه نیچه‌ییه‌ی كه پێمان ده‌ڵێت له مه‌ترسیدا بژین، مه‌ترسیی گۆڕان و بڵندبوونه‌وه. ده‌بێت كۆچبه‌ر ببێته “نۆماد” كۆچه‌رێكی ڕاسته‌قینه به واتا دۆلۆزییه‌كه‌ی. ته‌نیا له شوێنه جوگرافییه‌كاندا نه‌جووڵێت، به‌ڵكو “هێڵی هه‌ڵهاتن”ـی دۆلۆزی بكێشێت و فه‌زای نوێ واڵا بكات. به ده‌ربڕێنێكی دیكه، هه‌وڵ بدات واتای شوێن فراوان بكات و هێڵی نوێی ڕاكردن له ده‌وری ستراكتوره جێگیره‌كانی نێو سیسته‌می گشتی، زیاد بكات. ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌كه‌وێته ترسه‌وه وه‌كو ئه‌و كه‌سه نییه كه ده‌كه‌وێته ئارامییه‌وه. سوبێكتی ترسا‌و خۆى ڕادەستى ئاسانیی شوێن، ڕادەستى هه‌لومه‌رجی خۆشگوزه‌رانیی ڕووكه‌ش ناكات، به‌ڵكو له ڕووی كولتووری و ژیارییه‌وه هه‌ندێك پانتایی واڵا ده‌كات كه پێشتر بوونیان نه‌بووه. واته هه‌بوونه‌كه‌ی بۆ شارستانێتیی مرۆڤایه‌تی گرنگه، چونكه ئه‌و بوونه‌وه‌ره ده‌نوێنێته‌وه كه چیتر نه ڕۆژهه‌ڵاتییه و نه ڕۆژئاوایی، به‌ڵكو جۆرێك دۆزه‌ره‌وه‌ی داهاتووه و پێشه‌نگی جۆرێكی مرۆییه كه ئاوێزانی بۆته‌قه ئاماده‌كان نابێت.
كه‌واته دوو جۆر ئاوێزاننه‌بوون هه‌یه، یه‌كه‌میان كشانه‌وه‌یه و هه‌وڵ ده‌دات بۆ دواوه بگه‌ڕێته‌وه، په‌رچه‌كردار و گۆشه‌گیرانه‌یه. جۆرێك له ئاره‌زووی وێرانكاری به‌رهه‌م ده‌هێنێت و له كه‌ڵكه‌ڵه‌ی سڕینه‌وه‌ی شوێنه واقعییه‌كاندا ده‌ژی له پێناو كردنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت بۆ شوێنی خه‌یاڵكراوی مه‌جازی. گه‌ڕانه به‌رده‌وامه‌كه‌ی به‌دوای پاساوێكی ئایینی‌دا و ئاره‌زووه پێداگره‌كه‌ی بۆ وێرانكردنی ڕۆژئاوا (و ڕۆژهه‌ڵاتیش)، دوو نیشانه‌ن له‌سه‌ر ئاره‌زووه كشانه‌وه‌خوازه‌كه‌ی بۆ گه‌ڕانه‌وه به‌ره‌و به‌هه‌شتی منداڵی. لێره‌دا، ته‌نگژه‌ی سوبێكت و شوێن ده‌گاته ترۆپكی خۆی. ده‌ركه‌وتنی هه‌ڵقوڵانی شوێنی مه‌جازی پابه‌نده به پرۆسه‌ی وێرانكردنی سوبێكت و شوێن پێكه‌وه. له نموونه‌ی جه‌نگاوه‌ری خۆكوژی ئایینی‌دا به‌ر جۆره بوونه‌وه‌رێك ده‌كه‌وین كه له‌لای ئه‌م بوونه‌وه‌ره كشانه‌وه‌خوازی تێكه‌ڵ به كه‌ڵكه‌ڵه‌ی وێرانكاریی سوبێكت و شوێنه واقیعییه‌كان بووه.
جۆری دووه‌می كۆچبه‌ر، ئه‌وه‌یه كه بڕوای به فیرده‌وسی ڕۆژئاوایی نییه، جۆرێك له هه‌ستی واقیعی و ده‌رككردنی ڕه‌خنه‌یی به‌رامبه‌ر دۆخی مرۆیی به‌گشتی، په‌ره پێده‌دات. سه‌رمه‌ستی گه‌شبینی یان كینه نابێت. ته‌نگژه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ شوێنی یه‌كه‌مدا ده‌بێته بناغه‌یه‌ك بۆ جۆره ڕوانینێكی یونیڤێرسال و پاڵنه‌رێكی هه‌میشه‌یی بۆ كه‌شفكردنی ئه‌گه‌ره نوێیه‌كان و ئه‌و ڕێگایانه‌ی ژیان كه هێشتا تاقیی نه‌بوونه‌ته‌وه. چڕیی ئه‌زموون له ناوه‌وه‌یدا ده‌بێته مایه‌ی په‌ره‌دان به جۆرێك له هه‌ستی گشتیی مرۆیی كه ده‌یباته ده‌ره‌وه‌ی تێگه‌یشتنی به‌رته‌سكی شوناسه‌كانه‌وه. ئەوە ئاماژه‌یه له‌سه‌ر ده‌ركه‌وتنی ڕوانینێكی مرۆیی كه، له ده‌ره‌وه‌ی ناونانه سیاسییه‌كانه‌وه، پشت ده‌به‌ستێت به پێناسه‌كردنی ڕه‌گه‌زی مرۆیی ته‌نیا له‌م ڕه‌گه‌زه خۆیه‌وه. له قووڵاییه‌كانی ئه‌زموونی كۆچدا، گوتارێكی نادیاری مرۆیی هه‌یه، ئه‌م گوتاره ڕه‌تی ده‌كاته‌وه بوونه‌وه‌ری مرۆیی ملكه‌چی مه‌رجه‌كانی ژینگه‌ی سیاسی ببێت، ڕه‌تی ده‌كاته‌وه مرۆڤ له بوونه‌وه‌رێكی ئایینی یان سیاسی یان ئێتنیكیدا كورت بكرێته‌وه. بوونه‌وه‌رێك كه ته‌نیا له هه‌لومه‌رجی سیاسیی ڕۆژهه‌ڵات یاخی نابێت، كه تێیدا شوناسه‌كان له‌گه‌ڵ یه‌كتردا ده‌جه‌نگن، به‌ڵكو له لۆژیكی مۆدێرنه‌ی ئه‌وروپییش یاخی ده‌بێت، له ڕێگه‌ی ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سیسته‌مه‌كانی پۆلێنی ناچاركه‌رانه و میكانیزمه‌كانی دابه‌شكاریی پراگماتی و پێوه‌ره په‌تییه‌كانی سوود بۆ چه‌مكی ئاوێزانی كۆمه‌ڵایه‌تی. به‌ستنه‌وه‌ی شوناسی بوونه‌وه‌رێكی مرۆیی به ده‌وڵه‌تێكه‌وه، به كیانێكی سیاسییه‌وه، به ئایینێكه‌وه، ئینجا پێناسه‌كردن و پۆلێنكردنی مرۆڤ به گوێره‌ی ئه‌و بنچینانه، یه‌كێكه له‌و دیارد هه‌ره ترسناكانه‌ی كه له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ی مۆدێرنه‌ی ئه‌وروپیدا گه‌شه‌ی كردووه.
كۆچبه‌ر وه‌ك تێكده‌ری شوێن:
گه‌یشتنی شه‌پۆلی كۆچبه‌ران بۆ ڕۆژئاوا په‌یوه‌ندیداره به سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی گه‌وره‌وه له چه‌ندین وڵاتی ڕۆژئاوای ئه‌وروپیدا. ناتوانین ته‌نیا له ڕێگه‌ی مه‌رجه سیاسی و ئابوورییه‌كانی ئێستاوه، له سروشتی ئه‌و قه‌یرانانه تێبگه‌ین. ئه‌م قه‌یرانه‌ی ئێستا ڕیشه‌كانی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تاكانی ڕۆشنگه‌ری و ململانێی سه‌ختی ئه‌و كاته ده‌رباره‌ی واتای چه‌ند چه‌مكێكی سه‌ره‌كی، له‌وانه چه‌مكی مرۆڤ و هاونیشتمانی و غه‌ریبه بێگانه. به بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ چه‌مكه‌كانی فۆكۆ ده‌رباره‌ی بایۆپۆله‌تیك، كه زیاتر له سێ سه‌ده‌یه له ڕۆژئاوادا سیاسه‌تی زاڵه، ئاسته‌مه له‌م دیمه‌نه‌ی ئێستا تێبگه‌ین. ئه‌و هه‌موو بێگانه-فۆبیا (xenophobia )ـیه‌ی له‌مڕۆدا هه‌یه په‌یوه‌سته به‌ترسی نه‌زمی سیاسی و ئابوورییەوە به‌رامبه‌ر ده‌ركه‌وتنی كۆمه‌ڵه خه‌ڵكێك كه به ئاسانی ئاوێزانی سیسته‌مه بایۆپۆله‌تیكییه گشتییه‌كه نابن.
كۆچبه‌ر ده‌بێت به خێراییه‌كی ترسناك بگۆڕێت بۆ بابه‌تی كۆنترۆڵكردن، ببێته به‌شێك له‌نێو هه‌یكه‌لییه‌تی پۆلێنبه‌ندییدا، به جۆرێكی وا كه ده‌وڵه‌ت ده‌رفه‌تی تێگه‌یشتن و چاودێریی هه‌بێت. له بنه‌ڕه‌تدا ترسه‌كه له ده‌ركه‌وتنی كۆمه‌ڵێكی مرۆییه كه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان بۆ نه‌هێڵنه‌وه لێیان تێبگه‌ین، بۆ ئه‌وه نه‌شێن به ئاسانی به‌شێوه‌یه‌كی ڕاسته‌وخۆ و هه‌میشه‌یی گه‌مارۆ بدرێن. سیسته‌م كه به‌رده‌وام میكانیزمه ئاسنینه‌كانی چاودێری و سزای په‌ره پێداوه، له ناكاو خۆی له به‌رده‌م دیارده‌یه‌كدا ده‌بینێته‌وه كه ناكرێت به خێراییەكى چاوه‌ڕوانكراو قووت بدرێت، واته ناتوانێت ئه‌و كۆمه‌ڵه مرۆییه ئاوێزان به سیسته‌می بایۆپۆله‌تێكی بكات تاوه‌كو بتوانێت چاودێرییان بكات و به شێوه‌ی گونجاو و له ساتی گونجاو‌دا به‌كاریان بهێنێت.
گرێدانه‌وه‌ی دیارده‌ی ترس له تیرۆر به ترس له غه‌ریبه‌كان و كۆچبه‌رانه‌وه، نیشانه‌یه‌كی ترسناكه كه پێمان ده‌ڵێت سیسته‌می گشتی ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی تێدایە بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان بگه‌ڕێته‌وه بۆ نا-عه‌قڵانییه‌ت. هه‌روه‌ها گوزارشته له به‌ر‌كه‌وتنی ڕۆژئاوا به دوا سنووری ناوه‌كیی خۆی. لێره‌دا سیسته‌می كۆنترۆڵی ته‌كنیكی له‌سه‌ر مرۆڤ، به‌ر نوقسانییه زاتییه‌كانی خۆی ده‌كه‌وێت، به‌ر ئه‌و درزه ناوه‌كییه‌ی خۆی ده‌كه‌وێت كه مه‌حاڵه پڕ بكرێته‌وه. زۆرێك له دامه‌زراوه سیاسییه چالاكه‌كان له ڕۆژئاوادا هێشتایش سه‌رسه‌ختی ده‌نوێنن و هه‌وڵ ده‌ده‌ن غه‌ریبه‌كان له پۆلێنی یاسایی گشتیی مرۆڤه‌كان بكه‌نه ده‌ره‌وه. زێده‌ڕه‌ویكردن له ترس و به‌رزكردنه‌وه‌ی تا ئاستی دێوانه‌یی، ته‌نیا دروستكراوێكی تایبه‌ت به ڕاستڕه‌وی تووندڕه‌و نییه، به‌ڵكو به‌شێكه له میكانیزمه‌كانی به‌رگری، كه به‌هۆیه‌وه ڕۆژئاوا هه‌وڵ ده‌دات بۆ پته‌وكردن و تازه‌كردنه‌وه‌ی سیسته‌می چاودێرییه‌كان. لێره‌دا شوێن خۆی به داڕماوی پیشان ده‌دات، تاوه‌كو مافی زیاتر بۆ خۆی به‌ده‌ست بهێنێت و ئه‌م مافانه‌یش هاوكار بن بۆ چه‌سپاندنی زیاتری سیسته‌می په‌رتكردن و چاودێری.
له ئه‌ڵمانیا هۆشداریدان له داڕمانی ته‌واوه‌تی و سه‌رله‌نوێ بره‌ودانه‌وه به چه‌مكه‌كانی وه‌كو “كه‌وتنی شارستانێتی ڕۆئاوایی” و “خۆكوژیی ژیاری” ته‌نیا له نووسه‌رانێكی وه‌كو “تیلۆ سارازاین” و “عاكف بێرنگی”ـی‌دا نه‌وه‌ستا، به‌ڵكو فه‌یله‌سوفه گه‌وره‌كانی وه‌كو “رۆدیگه‌ر زافرانسكی” و “پیته‌ر سڵۆته‌ردایك”یشی گرته‌وه. ئه‌م ترسه زۆره، په‌یوه‌ندیی به بەغه‌ریبەكراوه‌كانه‌وه نییه، به‌ڵكو په‌یوه‌سته به گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌كارهێنانی ترس وه‌ك چه‌كێكی كاریگه‌ر بۆ پته‌وكردنی كۆنترۆڵی تۆتالیتاریانه‌ی ده‌وڵه‌تی مۆدێرن له‌سه‌ر ژیانی تاكه‌كه‌سی.
له‌گه‌ڵ ده‌ركه‌وتنی ئه‌و ژماره زۆره‌ی كۆچبه‌ران له‌سه‌ر ڕێگا ڕۆژئاواییه‌كاندا، به‌شێك له شوێنی ڕۆژئاوایی گه‌ڕایه‌وه بۆ ساتی بێ نه‌زمی، بۆ دۆخه سروشتییه‌كه به‌ر له ده‌ركه‌وتنی خورافه‌تی فیرده‌سی زه‌مینی. وێنه‌ی فیرۆده‌وسی ته‌نیا ده‌لاله‌تێكی نێردراو له‌لایه‌ن ڕۆژئاواوه نییه بۆ ڕاكێشانی سه‌رنجی ئه‌وانیتر به‌لای خۆیدا و ڕواندنی گرێی خۆ-به‌كه‌مزانین لای شارستانییه دواكه‌وتووه‌كان له ڕووی پیشه‌سازی و سیاسییه‌وه، به‌ڵكو جۆرێك له په‌یامی خودییشه بۆ بونیادنانی په‌یوه‌ندییه‌كی دروستكه‌رانه له‌نێوان سوبێكت و شوێندا، له‌نێوان مرۆڤی ڕۆژئاوایی و ژینگه‌ی سیاسیی ده‌وروبه‌ردا. ئه‌و ترسه‌ی كه ئێستا بێداركراوه‌ته‌وه، ئامانجی هۆشیاركردنه‌وه‌ی مرۆڤی ڕۆژئاوایی نییه له مه‌ترسیی كۆچ و كۆچبه‌ران، به‌ڵكو بۆ هه‌ڵمژینی ئاسته‌نگه مه‌ترسیداره‌كانی دیكه‌یشه، وه‌كو داڕمانی پرۆسه‌ی ئاوێزانكردنی تاكی ڕۆژئاوایی له‌گه‌ڵ ژینگه سیاسییه‌كه‌یدا، ئینجا ئاراسته‌كردنی به‌ره‌و ڕاست یان به‌ره‌و چه‌پ.
دڵنیابوونه‌وه و مسۆگه‌ربوون له‌وه‌ی ڕه‌گه‌زێكی بێگانه نایه‌ته ناوه‌وه كه ژینگه‌ی ژیانی ڕۆژانه بهه‌ژێنێت، له‌م ده‌یانه‌ی دواییدا بووه‌ته تایبه‌تمه‌ندییه‌كی زه‌قی ژیانی مرۆڤ له كۆمه‌ڵگه پیشه‌سازییه‌كاندا. تاكی ڕۆژئاوایی، ده‌یان ساڵه له‌ژێر گوشاری ڕاسته‌وخۆی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیی‌دا نه‌ژیاوه كه پاڵی بنێت به‌ره‌و تووندڕه‌وی. له دوای جه‌نگی دووه‌می جیهانییه‌وه، دۆخی نیگه‌رانی ڕۆژئاوا نه‌خراوه‌ته ژێر تاقیكردنه‌وه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی ئه‌خلاقییه‌وه تاوه‌كو پێوانه‌ی لۆژیكه لێبوورده‌یی و عه‌قڵانییه‌كه‌ی بكرێت. له‌به‌رئه‌وه ترس له نادیار له نێو مرۆڤی ڕۆژئاواییدا، كه‌متر نییه له ترس له شاراوه‌یی و شه‌یتانێتى لای كۆچبه‌ر. ترس له هێزه نه‌ناسراوه‌كان كه له عه‌قڵی سیاسیی ڕۆژئاواییه‌وه دێته ده‌رێ و ڕێكخستنی عه‌قڵانی له ڕۆژئاوا تێكده‌دات، كه‌متر نییه له‌و ترسه‌ی كه كۆچبه‌ر له‌نێو تاریكاییه‌كانی ناخیدا ده‌یشارێته‌وه. نیشانه‌كانی یه‌كه‌م، بوونی شڵه‌ژانی ڕاسته‌قینه‌مان پیشان ده‌دات له وێنه‌ی ده‌روونیی شوێندا لای گروپه كۆمه‌ڵایه‌تییه به‌رفراوانه‌كانی ڕۆژئاوا. كۆمه‌ڵێك ڕه‌گه‌ز هه‌ن كه زه‌مینه‌ساز ده‌كه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی وێنه‌ی شوێنی ترسناك له یاده‌وه‌ری ڕۆژئاواییدا.
گه‌یشتنی هه‌ڵهاتوو به ڕواڵه‌تی غه‌ریبه‌وه، به ڕوخساره جیاوازه‌كه‌ی و به باكگراونده ترسێنه‌ره‌كه‌یه‌وه، لای هه‌ندێك كه‌س و به كاریگه‌ری وه‌سوه‌سه خه‌یاڵییه په‌تییه‌كه‌یان، بووه هۆی گۆڕانی وێنه‌ی شوێن و كردنی به شوێنێك كه له ڕووی “ده‌روونی”ـیه‌وه، پڕییه‌تی له مه‌ترسی. ئه‌م بوونه‌وه‌ره غه‌ریبه‌ی كه بووه مایه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی وێنه‌ی “شوێنی مه‌ترسیدار” بۆ نێو یاده‌وه‌ری ڕۆژئاوایی، ئه‌م بوونه‌وه‌ره‌ی كه هه‌ستی پارانۆئیدی نوستووی له قوڵاییه‌كانی ده‌رووندا به‌خه‌به‌ر هێنایه‌وه و بووه هۆی دروستبوونی كۆمه‌ڵێك شه‌پۆلی نائاگاییانه به‌رامبه‌ر به غه‌ریبه‌كان، ئیدی كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی سه‌ره‌تایی كێوی سه‌یر بكرێت، وه‌ك ئاژه‌ڵێكی دڕنده كه ئارامیی مێژوویی ڕۆژئاوای شێواندووه. “شه‌وی كۆلۆنیا”ی به‌ناوبانگ هیچ نه‌بوو جگه له به‌رجه‌سته‌بوونێكی پێویست و چاوه‌ڕوانكراوی وێنه‌یه‌ك ده‌رباره‌ی كۆچبه‌ر، كه هه‌ر پێشوه‌خته له خه‌یاڵدانی ئه‌وروپیدا بوونی هه‌یه. كۆچبه‌ر، ته‌نیا بوونه‌وه‌رێكی ترسا‌و نییه، به‌ڵكو ترسێنه‌ریشه. بوونه‌وه‌رێك ته‌نیا له شوێن ڕاناكات، به‌ڵكو شوێنیش لێی ڕاده‌كات. كه‌سی هه‌ڵهاتوو له وێرانكارییه‌كانی نیشتمان، به بێ ئه‌وه‌ی بزانێت، بۆ هه‌ر كوێ بڕوات و به هه‌ر لایه‌كدا بجوڵێت، خۆی تێكده‌ری نه‌زمی شته‌كان و شوێنه‌كانه.
– سه‌رچاوه‌ى وتاره‌كه به زمانی عه‌ره‌بی:
بختيار علي: الرعب الخلاق-في علاقة المهاجر و المكان، حزيرا (يونيو)، 2016.
http://www.goethe.de/ges/phi/prj/ffs/the/105/ar15698273.htm
– سه‌رچاوه‌ی وتاره‌كه به زمانی ئینگلیزی:
Bakhtiyar Ali: Creative frear- An Essay on Migrants’ Relationship with place, June 2016.
http://www.goethe.de/ges/phi/prj/ffs/the/105/en15698273.htm