گەورەترین قاوەخانە و ناوەندی فەرهەنگی لەلایەن چەند نوسەر و رۆژنامەنووسێکەوە لە هەولێر دەکرێتەوە

پۆلەتیک پرێس

گەورەترین قاوەخانە و ناوەندی فەرهەنگی بە ناوی ” نازدار حەیران”  لەسەر ڕووبەری زیاتر لە هەزار مەتر کە کۆمەڵێک نوسەر و رژنامەنووس بەڕێوەی دەبەن لە شاری هەولێر دەکرێتەوە.

بەڵێن سابیر عومەر، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی قاوەخانەی نازدار حەیران لەبارەی پرۆژەکەیانەوە بە بەشی فەرهەنگی پۆلەتیک پرێس-ی وت: قاوەخانەی نازدار حەیران لە هەولێر لە ڕووبەرێکی فراوانی سەرو هەزار مەترەوە بنیادنراوە، کە پێمانوایە تا ئێستا گەورەترین قاوەخانەی هەرێمی کوردستان و هەولێر دەبێت، لەلایەن چەند نووسەر و رۆژنامەنوسێکەوە بەڕێوەدەبرێت.

قاوەخانەکە دوو باخچەی گەورەی هەیە کە یەکێکیان تایبەتە بە نووسەران و کۆڕ و سیمینار بۆ شاعیران و چیرۆکنووسان و ئێوارە کۆڕ و سازدانی دیبەیت و ڕاگۆڕینەوەی ڕەخنەگران.

سێ هۆڵی مامناوەندیشی هەیە کە لە رۆژانی سارد و زستاندا بۆ سیمینار و کۆڕ و دیبەیتەکانی رۆشنبیران بەکاردەهێنرێت.

باخچەی دووەم زیاتر تەرخانە بۆ چالاکی میوزیکی “میوزیک لایڤ” لەگەڵ پێرفۆرمانس و پێشانگای شێوەکاران، سەرەڕای بوونی چوار هۆڵی دیکە بۆ ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر.

No description available.

بەڵێن سابیر کە لەگەڵ سێ کەسی دیکەدا قاوەخانەکە بەڕێوە دەبات وتیشی، “لە ئێستادا سەرقاڵی دیزاینی ماڵپەڕێکی هونەری و کەلتورین بە ناوی “ژنەفتن” هەروەها دەرچوونی رۆژنامەیەکی کلتوری بە ستایلی جیاواز لە پلانماندایە، دوای راوێژیش لەگەڵ لێکۆڵەران و ئەکادیمیست و رۆشنبیران  وەرزنامەیەکی فکری و فەلسەفی بڵاودەکەینەوە کە ئەویش نزیکەی ٢٠٠ لاپەڕە دەبێت”.

وەک بەڵێن سابیر باسی دەکات،  لە پلاندایە چاپەمەنیەک دابمەزرێنن کتێبی ئەدەبی و فکری و فەلەسەفی داهێنەرانی کورد و وەرگێڕانیش لە زمانە زیندووەکانی دونیاوە چاپ بکات.

دەشڵێت، “لەگەڵ دەستپێکردنی کارەکانمان کار لەگەڵ کۆمەڵێک کەس دەکەین کە وەک لیژنە مامەڵەیان لەگەڵ دەکەین کە ساڵانە یان دوو ساڵ جارێک خەڵاتێکی شایستە ببەخشینە باشترین دەق و ئەو کتێبانەی لەو ماوەیەدا نوسراون چ لە بواری لێکۆڵینەوە، شیعر، چێرۆک، وەرگێڕان”.

بەڵێن سابیر  ئاماژەی بەوەش کرد، “وەک بەڕێوەبەرانی نازدار حەیران جەخت لەوە دەکەینەوە چالاکیەکانمان گرنگی بە هەر چوار پارچەی کوردستان بدات و تەنها سەرنج ناخەینە سەر باشوری کوردستان، لە رووی خزمەتگوزاریشەوە هەوڵێکی زۆرمان داوە نرخی خواردن و خواردنەوەکانمان کەم بێت و لە ئاستی بژێوی سەردانکەران و نوسەران بێت و کاتێک سەردانمان دەکەن بیریان لای بەرزی نرخەکان نەبێت”.

No description available.

هەروەها لە پلاندایە کتێب فرۆشی دابنێین و داشکاندنی زۆر بۆ نرخی کتێبەکان بکەین و ساڵانەش ئەگەر کرا پێشانگا لە رێگەی دەزگاکانی چاپەوە بکەینەوە.لەم قاوەخانە زیاتر لە ٢٠٠ مەتری تەرخانکراوە بۆ پارکین ئۆتۆمبێل، قاوەخانەکە دەکەوێتە نزیک سەنتەری شار و بەم نزیکانە شوێنەکەی رادەگەیەنرێت.

لەناو باڵەخانەی ئەم ناوەندە فەرهەنگیەدا کۆمەڵێک دیوار بە سپێتی دەهێڵرێنەوە کە ژمارەیان ٨ تا ٩ دیوار دەبێت و بۆتابلۆ هونەرییەکانی شێوەکاران تەرخاندەکرێت، هەر شێوەکارێک دەتوانێت بۆ ماوەی ٣ تا ٦ مانگ چەند تابلۆیەکی بە روونکردنەوەو نرخەوە لەسەر دیوارەکە هەڵبواسێت و لەو ماوەیەدا ئەو دیوارە بە ناوی شێوەکارەکەوە دەکرێت، نازدار حەیرانیش تەنها رێژەی سەدا ١٠ تا ١٥ ی نرخی تابلۆکە وەردەگرێت.

یەکێکی تر لە چالاکیەکانی نازدار حەیران وەک بەڵێن سابیر دەڵێت: زیندووکردنەوەو زیندووڕاگرتنی هەندێ بۆنەی کەلتوری و نەتەوەیی جۆراوجۆر دەبێت وەک شەوی یەڵدا و نەورۆز و چەندین بۆنەی تر بە پشتبەستن بە هونەرمەندان و نوسەران جا ئەگەر بۆنەکە جیهانی بێت یاخود نەتەوەیی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا