یەکەمین ژمارەی  گۆڤاری وانیار بڵاو کرایەوە

پۆڵەتیک پرێس

یەکەمین ژمارەی وەرزنامەی ئەدەبی – فیکری منداڵان و مێرمنداڵانی وانیار کە سەر بە کۆمەڵگای پەروەردەیی مارگرێتە لەسەر ئەرکی دکتۆر تەها ڕەسوول بڵاو کرایەوە کە تایبەتە بە پەروەردەی فکری و ئەدەبی منداڵان و مێرمنداڵانی کورد.

ئەم وەرزنامەیە لە ۷۷ لاپەڕە پێکهاتووە و چەندین بابەت و وتاری تایبەت بە پەروەردەی فکری و ئەدەبی منداڵان و مێرمنداڵانی کورد تێدایە کە لەلایەن نووسەرانی کوردی و بیانییەوە نووسراون.

بابەتەکانی ئەم وەرزنامەیە لە چوار بەشی وتار و لێکۆڵینەوە، وتووێژ، چیرۆک و شیعر پێکهاتووە و چەندین باس و تەوەری تایبەت بە پەروەردەی فکری و ئەدەبی منداڵان و مێرمنداڵانی تێدا دەبینرێت:

بەختیار عەلی، نووسەری بەناوبانگی کورد لە سەروتاری گۆڤارەکەدا لە ژێر ناوی ” لە گڕووگاڵەوە بۆ هەستانەوە” باسێکی ڕەخنەگرانەی سەبارەت بە سیستەمی پەروەردە و ڕاهێنانی منداڵان و مێرمنداڵان لە جیهانی ئەمڕۆدا پێشکەش کردووە و کۆمەڵگەی ئەمڕۆی ڕووبەڕووی چەندین پرسیاری گرنگ لەو بوارەدا کردووەتەوە.

ئەحمەد شەبانی، ماستەری فەلسەفەی پەروەردە و ڕاهێنان بابەتێکی لە جانا مۆرلۆن لە ژێر ناوی “منداڵی فەلسەفی” بە زمانی کوردی وەرگێڕاوە و لەو بابەتەدا پێوەندی چڕی نێوان فەلسەفە و چەمکی منداڵیی و ڕەوتی پەروەردە و ڕاهێنانی فەلسەفی منداڵان و مێرمنداڵانی خستووەتە بەرباس.

مەریوان هەڵەبجەیی، وەرگێڕی ناسراوی کورد و سەرنووسەری وەرزنامەکە لە وەرگێڕانی کوردی وتارێکدا لە کریستۆفەر فیلیپ لە ژێر ناوی “یانەی فەلسەفی بۆ منداڵان” ئاماژەی بە کاریگەری فەلسەفە لە سەر بیر و هزری منداڵان و مێرمنداڵان دەکات و ڕۆڵی فەلسەفە بەرز دەنرخێنێت.

کۆسار عەبدوڵا، لە وتاری “بۆ چی فەلسەفە بخوێنم؟” پرسیارێکی گرینگی لە سەردەمی مودێڕنیتەدا خستوەتە ڕوو هەوڵیداوە لە چەند ڕوانگەیەکی جیاوازەوە گرنگی ئەو باسە بخاتە ڕوو.

ئارەش مێهرەبان، بەرپرسی وەشانخانەی پەپوولە و سەرنووسەری گۆڤاری ڕەخنەی ئەدەبی منداڵان و مێرمنداڵانی ئاوزێن لە بابەتێکدا لە ژێر ناوی “داهاتووەکانی ئەدەبیات” چەند ڕێکخراوەی سەرکەوتووی بواری پەروەردەیی فکری و ئەدەبی منداڵان و مێرمنداڵانی ئێرانی ناساندووە.

عەتا وەلەدی، نووسەر و شاعری خەڵاتکراوی فستیڤاڵی شۆناس و مناڵ لە وتارێکی ڕەخنەگرانە لە ژێر ناوی “ڕێکخراوەی ئەدەبی منداڵان” ڕۆڵی سیاسەت و حکومەتی کوردی و کۆمەڵگەی کوردەواری لە گەشەی ئەدەبی منداڵان و مێرمنداڵاندا، شرۆڤە کردووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا