ئێران سزا بەسەر دیبلۆماتکارانی ئەمریکا لە عێراق دەسەپێنێت

پۆڵەتیک پرێس

وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڕیاریدا سزا بەسەر دیبلۆماتکارە ئەمریکییەکانی عێراقدا بسەپێنێت وەک وەڵامێک بۆ ئەو سزایانەی واشنتۆن بەسەر باڵیۆزی ئێراندا لە بەغدا سەپاندی.

ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڕیاریدا، سزا بەسەر باڵیۆزی ئەمریکا و جێگرەکەی لە بەغدا و کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەولێری پایتەختی هەرێم بسەپێنێت لە ئەنجامی بڕیارەکەی واشنتۆن بۆ سزادانی ئیرەج مەسجەدی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا.

بەپێی میدیاکانی ئێران، هەتا ئێستا ئاشکرا نییە سروشتی ئەو سزایانەی ئێران بەسەر دیبلۆماتکارانی ئەمریکا لە عێراق دەیسەپێنێت چۆنە و تا چەند کاریگەری لەسەر عێراق دەبێت.

لەماوەی رابردوودا، ئەمریکا سزای بەسەر پێنج قەوارەی ئێراندا سەپاند لەدوای ئەوەی تۆمەتباری کردن بەوەی دەستوەردەدەنە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا کە بڕیارە ٣ی مانگی داهاتوو ئەنجام بدرێت.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمریکا سزای بەسەر باڵیۆزی ئێران لە عێراق سەپاند دوای ئەوەی وەک بەرپرسێک لە سوپای پاسداران وا پێناسەی کرد کە رۆڵێکی دیاری هەبووە لە راهێنان و چەکدارکردنی میلیشیاکانی سەر بە ئێران.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا