پۆڵەتیك پرێس:
بەهۆی توشبوونیان بەڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ، دۆخی تەندروستی چوار بەرپرسی باڵای حیزبی و حكومی لەهەرێم بەرەو خراپی چووە .
فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێرو رۆژ نوری شاویس، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتو قادر حاجی عەلی یەكێك لەدامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕانو فەرید ئەسەسەرد، سكرتێری ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی، ئەو بەرپرسە حیزبیو حكومیانەی هەرێمن، كە باری تەندروستیان خراپە.
ئەو بەرپرسانەی هەرێم چەند رۆژێكە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون
ئەو بەرپرسانەی هەرێم چەند رۆژێكە تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونو بەپێی چەند سەرچاوەیەكی ئاگادار، بەهۆی خراپی باری تەندروستیان، سەرجەمیان لەنەخۆشخانە لەژێر چاودێری وردی پزیشكیدانو چارەسەر وەردەگرن.
لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان زیادیكرد، بەڵام دوای گرتنەبەری چەند رێكارێك، لەسەرەتای ئەم هەفتەوە رێژەی تووشبوون بەنزیكەی 50 لەسەدا كەمیكردووە.ئاماری تووشبووانی كۆرۆنا لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوو، بەراورد بە چەند رۆژی پێشوو، بۆ نزیكەی 50% كەمی كردووە، بەشێوەیەك بەپێی راگەیەندراوی ژمارەی 248ی وەزارەتی تەندروستی، كە رۆژی شەممە، 31 تشرینی یەكەم بڵاوبووەتەوە، رێژەی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان 600 و 89 كەس بووە، لە كاتێكدا بەپێی راگەیەندراوی ژمارە 247، كە رۆژی هەینی 30 تشرینی یەكەم بڵاوبووەتەوە، رێژەكە هەزار و 2 كەس بووە.
هەروەها بەپێی راگەیەندراوی ژمارە 246، كە رۆژی پێنج شەممەی رابردوو 29ی تشرینی یەكەم بڵاوبووەتەوە، رێژەی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا هەزار و 285 كەس بووە، كە ئەمەش دەریدەخات رێژەی تووشبوون لەماوەی چەند رۆژی رابردوو بەنزیكەیی 50 لەسەدا دابەزیوە.
لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا لەهەرێمی كوردستان زیادیكرد
لەبارەی هۆكاری دابەزینی رێژەی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا، ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: رێكارەكانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا توندكراوەتەوە بە تایبەتی لە شوێنە گشتییەكانو شوێنە داخراوەكان، ئەوەش ئاماژەیەكی باشە، كە رێكارەكان تونددەكەینەوە و هەندێك شوێن، كە پێویست نین دایدەخەین رێژەی تۆماركراوی رۆژانەی تووشبووان كەمدەبێتەوە، ئەوەش بەرچاو ڕوونیمان دەداتێ ئێمە لەسەر رێگای راست دەڕۆین كاتێك رێكارەكان توند دەكەینەوە.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی وتیشی: رێكارەكان لەوەی ئێستا هەیە توندتردەكەینەوە، ئەو شوێنانەی لەئێستادا پێویست نین و داخستنییان كاریگەری ئەو تۆی نابێت لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دایاندەخەین، بەڵام ئێمە یەك كێشەمان هەیە، خەڵكی خۆمان ئەوەیان دەوێت یان هەموو شوێنەكان بكەینەوە، یان هەمووی دابخەین، ئەوەش لە هەموو دنیادا نییە هەموو شوێنەكان بەتەواوی كراوەبن ئێستا وای لێهاتووە كردنەوەی شوێنەكان سنورداركراوە.
لەچەند رۆژی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕیارێكی وەك رێكاری خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا دەكرد، گرنگترین بڕیاریش بەستنی ماسك بوو، هەر كەسێكیش پابەند نەبێت، لیژنە تایبەتەكان سزای پێبژاردنی بۆ دەكەن.
لەچەند رۆژی رابردوو، وەزارەتی ناوخۆ چەند بڕیارێكی وەك رێكاری خۆپارێزی لەڤایرۆسی كۆرۆنا دەكرد
بڕیاریشە رۆژی یەك شەممە، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای كۆرۆنا ئەنجامبدرێتو بڕیار لەبارەی دەستپێكردنەوەی دەوامی قوتابخانەو خوێندنگەكان بدرێت، كە بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تائێستا دەستپێنەكراوە.
لەو بارەوە ئاسۆ حەوێزی وتی: ئێمە وەك وەزارەتی تەندروستی هەڵسەنگاندنی خۆمان بۆ دۆخی قوتابخانەكان پێشكەش دەكەین لەژێر رۆشنایی ئەو راپۆرتەی ئێمە بڕیار لەسەر چارەنووسی پرۆسەی خوێندن دەدرێت، بەپێی هەڵسەنگاندنی ئێمە رێژەی تووشبوون بە كۆرۆنا لەنێو قوتابیان بەتایبەتی تەمەنی شەش و حەوت ساڵ زۆربووە و ژمارەی مامۆستایانی تووشبوو بە كۆرۆنا زۆربووە.
تائێستا لەهەرێمی كوردستان ژمارەی تووشبوون بەڤایرۆسی كۆرۆنا گەیشتووە بە ٧٦٠٢٥ كەس، لەو ژمارەیەش ٤٢٨٠٩ كەس چاكبوونەتەوەو ٢٤٥٥ كەسیش مردوون.