پۆڵەتیك پرێس:
هاوپەیمانی فەتح، بەسەرۆكایەتی هادی عامری، رەخنەی توندی لەمەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتو مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق گرت، تۆمەتباریشیان دەكات بەوەی “كار بۆ لاوازكردنی حەشدی شەعبی دەكەن.
عەبدولئەمیر مەیاهی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی فەتح، لەمیانی لێدوانێك دەڵێت: بارزانی كازمی، بەهەماهەنگی باڵوێزخانەی ئەمریكا لەبەغدا، كار بۆ ئەوە دەكەن، حەشدی شەعبی لاواز بكەن.
عەبدولئەمیر مەیاهی دەشڵێت: بارزانیو كازمی دەیانەوێت بەدەركردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەچەند ناوچەیەك دەربكەن، بەوەش كار بۆ لاوازكردنی بكەن.
ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوە كردووە، حەشدی شەعبی لەبەرانبەر هێرشی داعش دروست بووە، نابێت رێز لەقوربانییەكانی نەگیرێت، بۆیە دەبێت رێگری لەهەوڵەكانی بارزانیو كازمی بكرێت.
هەروەها دەڵێت: هەنگاوی یەكەمی لاوازكردنی حەشدی شەعبی، لەرێككەوتنی شنگالەوە دەستپێدەكات، كە لەنێوان هەولێرو بەغدا ئەنجامدراوەو بڕیارە رێككەوتنی تریش لەو بارەوە ئەنجامبدرێت.
رۆژی نۆی ئەم مانگە هەردوو حكومەتی عێراقو هەرێمی كوردستان لەسەر دۆسییەی شنگال رێككەوتن، كە بەپێی رێككەوتنەكە سەرجەم هێزەكانی دەرەوەی سوپای عێراق لەو ناوچانە دەردەكرێتو هێزی پۆلیسی ناوخۆیی لێجێگیر دەكرێت.