جه‌نگی كه‌نداو، ئه‌و شكسته‌ی سه‌دام حسێن كه‌ چینی كرده‌ زلهێزی جیهان

پۆڵەتیک پرێس: لاڤە واحید

ساڵی 1991، سوپای چین لەڕووی توانا سەربازییەکانیەوە هێندەی ئەمریکا پێشکەوتوو و هاوچەرخ نەبوو، بەڵام وێرانکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە جەنگی کەنداو، بووەهۆی ئەوەی چین ببێتە خاوەنی سوپایەکی پەرەسەندووی هاوچەرخی پشتبەستوو بە تەکنەلۆجیای سەربازی پەرەسەندوو.

نەریتی کۆنی سەربازی لە ساڵی 1991 بووە یەکێک لە بەربەستەکانی بەردەم دامەزراوەی سەربازی چینی، بەجۆرێک لەو کاتەدا سوپای عێراق لە پەرەسەندوویی و چەکداریشدا لەپێش چینەوە بوو، بەنمونە خاوەنی فڕۆکەی پێشکەوتوو بوو لە جۆری میگ-23 و میگ-25 و میگ-29، لەکاتێکدا سوپای چین پشتی بە فڕۆکەی میگ-21 دەبەست کە دروستکراوی چین بوو لەگەڵ ئەو فڕۆکانەی لەڕێی یەکێتی سۆڤیەتی پێشووەوە بەدەستی گەیشتبوو بەڵام ئەوانیش لە جۆرە کۆنەکانی فڕۆکەی سەربازی بوون لەوانەش میگ-19.

لەڕووی سیستمی بەرگری ئاسمانیشەوە عێراق لەپێش چینەوە بوو، بەجۆرێک حکومەتی سەدام حسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق، خاوەنی سیستمی بەرگری پێشکەوتووتر بوو لە پەکین، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا شکستێکی خراپی هێنا لە روبەڕوبوونەوەی فڕۆکەکانی ئەمریکا.

سەرکردە سەربازییەکانی چین ئەوەشیان لەلا ئاشکرابوو، تانکە عێراقییەکان لە جۆری تی-72 کە هیچ مەترسییەکیان بۆ سوپای ئەمریکا دروست نەدەکرد، لەوکاتەدا زۆر پێشکەوتووتر بوون لە تانکە چینییەکان.

ئەو جەنگەی کە 30 ساڵ پشێوی و نائارامی لە وڵات هێنایەئاراوە، لەهەمانکاتدا بووە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ سەرکردایەتی سوپای چین

جەنگی کەنداو کە لە ساڵی 1991 لەنێوان عێراق و کوەیت روویدا، سوپای چین چاودێری وردی سوپای ئەمریکای دەکرد، کاتێک بەئاسانی توانی زۆرینەی سوپای عێراق کاول بکات.

ئەو جەنگەی کە 30 ساڵ پشێوی و نائارامی لە وڵات هێنایەئاراوە، لەهەمانکاتدا بووە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ سەرکردایەتی سوپای چین، ئەو سوپایەی کەپێشتر بەدەست کەمی سەرچاوە و پاڵپشتی سیاسییەوە دەیناڵاند.

بەپێی بڵاوکراوەیەکی ماڵپەڕی ناشناڵ ئینترێسی ئەمریکی، بەزاندنی سوپای عێراق لە جەنگی کوەیت ئەوەی سەلماند کە چەندێتی سەرباز یەکلاکەرەوەی ئەنجامەکان نییە، ئەوەشی سەلماند کە تەکنەلۆجیا و تەکنیکی هاوچەرخ براوەیە، هەر ئەمەش بووەهۆی ئەوەی چین هەست بە زەنگێکی مەترسیدار بکات بەتایبەت کە پێشتر زیاتر لە تەکنەلۆجیا و تەکنیکی هاوچەرخی سەربازی، پشتی بە زۆری ژمارەی سەربازان ئەبەست.

بەپێی بڵاوکراوەیەکی رۆژنامەی ساوس چاینا مۆرنینگ پۆست، جەنگی کەنداو هاوشێوەی بۆمبێکی ئەتۆمی بوو بۆ چین، کاتێک سەرنجی تەکنەلۆجیا و هێزی ئەمریکای دەدا و دەیڕوانییە بۆردومانە وردەکانی و مانگە دەستکردەکانی چاودێری و رێگریکردن لە موشەکەکان و تێکشکاندنی تانکە عێراقییەکان لەڕێی موشەکە ئاسمانی و زەمینییەکانی.

جەنگی کەنداو چینی هاندا پەلە بکات لە بابەتی پەرەسەندن بە توانا سەربازییەکانی سوپاکەی، بەتایبەتیش هێزە ئاسمانی و دەریاییەکانی، هەر ئەوەش وایکرد پەنا بباتەبەر کڕینی کەرەستەی پێشکەوتووی سەربازی روسی.

بەزاندنی سوپای عێراق لە جەنگی کوەیت ئەوەی سەلماند کە چەندێتی سەرباز یەکلاکەرەوەی ئەنجامەکان نییە

هاوکات، چین هەوڵیدا بگات بە تەکنیکی سەربازی هاوچەرخی ئەوروپا بەڵام سزا ئابوورییەکانی سەر چین بەهۆی “کوشتارەکەی گۆڕەپانی تیانامین” بووە بەربەست لەبەردەم ئەم هەنگاوەدا، سەرباری ئەوەش هەوڵیدا کار بۆ ئەوە بکات پەرە بە توانا و ئامراز و دروستکراوی ناوخۆیی بدات.

لەناوچوونی یەکێتی سۆڤیەت و کۆتایهاتنی جەنگی سارد لە ساڵی 1991، بوونەهۆی زیادبوونی فشاری سیاسی و سەربازی لەسەر چین، هاوکات، بوونەهۆی ئەوەی چین درک بە کون کەلەبەرەکانی خۆی بکات و هەموو هەوڵەکانی خۆی لە پەرەپێدانی سەربازیدا چڕبکاتەوە.

لەوبارەیەوە جین ینان، ژەنەڕاڵی خانەنشین ئاماژەی بەوەکرد، چین سودی لە شێوازی کارکردنی هێزەکانی ئەمریکا و راپۆرتە سەربازییەکانی بینی و دەستیکرد بە بنیادنانی سوپایەک لەڕێی دووبارەکردنەوەی نمونە و پێوەرەکانی ئەمریکا.

چین لەژێر سەرکردایەتی جیانگ زیمینگ، لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوو، ژمارەی سەربازانی سوپای چینی بۆ 700 هەزار سەرباز کەمکردەوە و دواتر لە ساڵی 2015، جیاو جیبینگ، سەرۆکی چین 300 هەزار سەربازی دیکەی لە سوپا کەمکردەوە و دەستیکرد بە گۆرانکارییەکی بەرفراوان لە پێکهاتەی سەرکردایەتی سەربازی سوپای چین.

لە ساڵی 1999، بودجەی سەربازی چین بەشێوەیەکی خێرا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوەبینی، بە گەیشتن بە ساڵی 2019، چین چووە پلەی دووەمی وڵاتانی جیهان لەڕووی خەرجی سەربازییەوە بەجۆرێک بەهاکەی 176 ملیار دۆلار بوو، دواتر لە ساڵی 2020، چین بری 178.6 ملیار دۆلاری بۆ ئەو بوارە تەرخانکرد.

ئەگەر لەوکاتەدا ئێمە روبەڕوی ئەو هێرشانەی ئەمریکا ببوینایەتەوە، چارەنوسمان لە چارەنوسی عێراق باشتر نەدەبوو

لە ئێستاشدا، چین خاوەنی دووەم گەورەترین کەشتی جەنگی دەریاییە و خاوەنی 350 کەشتی و ژێردەریاییە، لەکاتێکدا ئەمریکا 293 کەشتی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا، زۆرینەی کەشتییەکانی چین لەدوای ساڵی 2010 دروستکران، بۆیە باشترین توانای تەکنەلۆجی پەرەسەندوویان هەیە.

هاوکات، چین لە پلەی سێیەمی جیهاندایە لەڕووی چەکی ئاسمانییەوە بەجۆرێک دوو هەزار و 500 فڕۆکە و نزیکەی دوو هەزار فڕۆکەی جەنگی هەیە، کە زۆرینەیان سەر بە نەوەی سێیەم و چوارەمن بەبەراورد بە فڕۆکەکانی رۆژئاوا، لەلایەکی دیکەشەوە، چین دووەم وڵاتی جیهانە کە توانی پەرە بە فڕۆکە جەنگییەکانی نەوەی پێنجەم بدات “G-20”.

لەبارەی ئەو یەکلاکردنەوە خێرا و وێرانکەرەی هێزەکانی ئەمریکا تەنیا لەماوەی 40 رۆژدا دژی عێراق بەدیهێنا، نی لیسکیونگ، شارەزای سەربازی دەڵێت: ئەگەر لەوکاتەدا ئێمە روبەڕوی ئەو هێرشانەی ئەمریکا ببوینایەتەوە، چارەنوسمان لە چارەنوسی عێراق باشتر نەدەبوو.

لەکۆتاییدا وانگ ییوی، مامۆستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی رینمینی چینی وتی: جەنگی کەنداو یاسای دارستانی هێنایەوە بیری چینییەکان: “کۆنخوازبە! هەتا لێتبدرێت”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا