ڤایرۆسی کۆرۆنا بیستن پەک دەخات

پۆڵەتیک پرێس؛

پاش دەرکەوتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، زانایانی بواری ناسینەوەی ڤایرۆسەکان دەستیان کرد بە ناسینەوەی نیشانەکانی ئەو ڤایرۆسە نوێیەو، وتیان نیشانەکانی زۆر لە نیشانەکانی سەرمابوونی ئاسایی دەچن، وەک تای بەرز، هاتنەوەیەکی ئاڵووەکان و کۆکە و پژمینی زۆر و داهێزرانی لەش.

 

لەگەڵ تێپەڕینی کات، زیانەکانی ڤایرۆسەکە بۆ جەستەی مرۆڤ زیاتر و زیاتر دەرکەوت، بەتایبەت کە نیشانەکانی وەک نەمانی هەستی بۆن و ڕەقبوونی خوێنبەرەکان و دانانی کاریگەریی لەسەر کۆ ئەندامەکانی هەرس و هەناسەدان، دواجارو بە پێی وتەی زانایانی ئەو بوارە، ڤایرۆسی کۆرۆنا هۆکارە بۆ پەکخستن و لەدەستدانی هەستی بیستن.

 

بەپێی توێژینەوەیەک کە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، زانایان وتوویانە؛ بەڵگەی نوێیان بۆ دەرکەوتەی نوێ، ئەوەیە کە ڕەنگە ئەو ڤایرۆسە ببێتە هۆی لەدەستدانی بیستنی کتوپڕ و هەمیشەیی، تەئکیدیشیان کردووەتەوە کە ئەم پیشهاتە نوێیەی ڤایرۆسەکە پێویستی بە دۆزینەوەی پێشوەخت و چارەسەری بەپەلە هەیە .

 

گاردیان نووسیویەتی؛ بە پێی توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری BMG Case Report بڵاوکراوەتەوە زانایان لە کۆلێژی لەندەن لێکۆڵینەوەیان لەسەر کەیسی پیاوێکی تەمەن 45 ساڵان کردووە، کە دووچاری نەخۆشی (رەبۆ) – تەنگەنەفەسی بووە و لەگەڵیدا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، پاش چاودێرییەکی چڕ و پێدانی چارەسەری پێویست و دانانی ئامێری هەناسەدانی دەستکرد بۆی، دەرکەوتووە کە هۆی بیستن لە گوێی چەپیدا کەمووکورتی هەیە.

 

تیمی توێژەران گومانیان لەوە نییە، کە هیچ کام لەو دەرمانانەی بە نەخۆشەکە دراوە، زیانی بۆ بیستن نەبووە، لەکاتێکدا نەخۆشەکە پێش تووشبوونی بەکۆرۆنا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کەناڵەکانی گوێچکەیدا نەبووە .

 

توێژەرەوان دەڵێن؛ پاش ئەنجامدانی پشکنینی زیادە بۆ نەخۆشەکە دەرکەوتووە، هیچ نیشانەیەکی کێشەی کەمی بەرگری جەستە یان توشبوونی بە نەخۆشی دیکە نەبووە تا هۆکار بن بۆ لەدەستدانی هەستی بیستنی و بەر لە توشبوونیشی بە کۆرۆنا نەخۆشەکە هیچ گرفتێکی لە بیستنیدا نەبووە.

 

دەرەنجامی توێژینەوەکە دواتر دەریخست کە نەخۆشەکە، بەهۆی توندی کاریگەری ڤایرۆسەکە و هەوکردنی زۆر تووشی لاوازی دەماربووە لە کەنەڵەکانی گوێی چەپی دا، کە دواتر و بە پێی ڕێنمای پزیشک و پێدانی چارەسەر ئەو دۆخە بەرەو باش بوون چووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا