باڤڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و لە ئێستاشدا باری تەندروستی جێگیرەو لە کەرەنتینەدایە.
لە ڕاگەیەنراوێکدا، باڤڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان،هیوای سەلامەتی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەخوازێت و ئاماژەی بەوەداوە کە ئەویش تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە، بەڵام تەندروستی جێگیرە.
تاڵەبانی وتوویەتی؛ داواکارم لەھەمووانیش پابەندی رێنماییەکان بن و پێکەوە رێگربین لەبڵاوبوونەوەی ئەم پەتا جیھانییە و بەسەر ئەم دۆخەدا زاڵبین.
پێشتریش، لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە تۆمارێکی ڤیدیۆیدا، رایگەیاندبوو کە توشی کۆرۆنا بووە و ئەویش وەک هەر هاووڵاتییەک ڕووبەڕووی ئەو پەتایە بۆتەوە.
دەقی راگەیەنراوەکەی باڤڵ تاڵەبانی
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان سەرەتا ھیوای سەلامەتی و تەندروستییەکی باش بۆ ھەموولایەکتان دەخوازم.
دەمەوێت پێتان رابگەیەنم، کە بەندەش توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووم و لە ئێستادا باری تەندروستیم جێگیرە.
وەک ھەر کەسێکی تر، خۆم کەرەنتینەکردووە و رێنماییە تەندروستییەکان جێبەجێدەکەم، داواکارم لەھەمووانیش پابەندی رێنماییەکان بن و پێکەوە رێگربین لەبڵاوبوونەوەی ئەم پەتا جیھانییە و بەسەر ئەم دۆخەدا زاڵبین و دەست لەناودەستبین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاوەدانکردنەوەی زیاتری ھەرێمەکەمان و خزمەتکردنی زیاتری کوردستانیان.
دووبارە سەلامەتی و تەندروستی باش بۆ ھەموولایەک دەخوازم و ھیوادارم پارێزراوبن و دووربن لەھەموو نەخۆشی و پەتایەک.
بافڵ تاڵەبانی
هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان