بازرگانی بە توشبووانی كۆرۆناوە دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس:

توشبووانی كۆرۆنا ناچار دەكرێن دەرزییەك بە 1300 بۆ 2000 دۆلار ، تا 2500دۆلار بكڕن.

شنۆ ئەشقی، ئەندامی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان، داوا لە هاوڵاتیانی كوردستان دەكات كە خۆیان بپارێزن لە ڤایرۆسی كۆرۆناو هەموو نەخۆشییەك.

شنۆ ئەشقی، لە لێدوانێكیدا تایبەت بە پۆڵەتیك پرێس رایگەیاند: “وەزارەتی تەندروستی ڕێگەی داوە بە پێی پڕۆتۆكۆڵە چارەسەریەكانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا تەنها بۆ حاڵەتی توند بەكار بێت، بەڵام لە پارێزگای دهۆك توشبوانی حاڵەتی ئاسایی ناچار كراون كە لەدەرەوەی نەخۆشخانە بەنرخەكانی 1300 بۆ 2000 دۆلار ، تا 2500 دۆلار پەیدای بكەن، هەر بەو دەرزیەش ڕاستەوخۆ گیان لەدەست دەدەن.”

ئەو ئەندامەی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: دەرزی ئاكتێمرا(Actemra) كە پێشتر لەلایەن بەغداوە بڕێكی كەمی بۆ هەرێم دابین كراو لەسەر نەخۆشخانەكان دابەش كرا كە تەنها بۆ چەند حاڵەتێكی تایبەتمەند و ئەو نەخۆشانە بەكار دەهێنرا كە لە ژێر چاودێری چڕدان، ئێستا بە بیانوی ئەوەی كە ئەو دەرمانە كەمە و دەستناكەوێ بەشێوەیەكی نایاسایی نەخۆش ناچارە خۆی لە بازاڕەكان بیكڕێ، دەكرێ بپرسین چۆن هاوڵاتی دەتوانێ ئەو دەرزیە دابین بكا بەڵام حكومەتێكی گەورەو گران ناتوانێ دابینی بكا ئەگەر شەریك نین لەو تاڵانی و بازرگانیەی كە بەدەرمانەوە دەكرێ؟

شنۆ ئەشقی، باسی لەوەش كرد: پێویستە وەزارەتی تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەكان بەزووترین كات بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بكەن، لەئەگەری ڕاستی و دروستی، ڕێكاری یاسایی بەرامبەر بەڕێوەبەر و پزیشكانی نەخۆشخانەی ئازادی دهۆك بگرنەبەر، ئەو دەرمانانەی كە نرخیان گرانە یاخود كەمە پێویستە لەلایەن لێژنەیەكی پزیشكی پسپۆڕ بڕیار لەسەر بەكارهێنانی بدرێ بۆ هەر نەخۆشێك بەمەبەستی ڕێگریكردن لەگەندەڵی و بازرگانی كردن بەو دەرمانانە، هاوكات ڕێوشوێنی توند بگرنەبەر لەبەرامبەر بە قاچاغ هێنانی ئەو جۆرە دەرمانەو چیتر بازرگانی بە گیانی توشبوانی ڤایرۆسی كۆڕۆنا نەكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا