پێشنیازی چۆنیه‌تی كوتانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌ڤاكسینی كۆرۆنا ده‌كرێت

پۆڵه‌تیك پرێس:
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی پێشنیازه‌پلانێک بۆ کوتاندنی هەمو خەڵکی کوردستان بە ڤاکسینی کۆرۆنا ده‌كات.

تۆڕی پاراستنی ته‌ندروستی گشتی له‌ پێشنیازه‌كه‌یاندا كه‌ وێنه‌یه‌كی بۆ پۆڵه‌تیك پرێس نێردراوه‌ باس له‌وه‌ده‌كات، “بە نزیکەی 20 ملێون دۆلار دەکرێ هەمو خەڵکی کوردستان به‌ڤاكسینه‌كه‌ی زانكۆی ئۆكسفۆرد بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا بكوترێن، ئه‌ویش به‌هۆی كه‌میی نرخه‌كه‌یه‌وه‌ كه‌ 2 پاوه‌نده‌ بۆ هه‌ر ده‌رزییه‌ك”.

تۆڕه‌كه‌ هه‌نگاوه‌كانی كوتانی خه‌ڵكیی به‌ ڤاكسینه‌كه‌ بۆ سێ قۆناغ دابه‌شكردووه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌، “هەنگاوی یەکەم: دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەسەر هەمو تەندروستکاران و لە پێشی هەمویانەوە ئەوانەی راستەوخۆ بەرکەوتنیان لەگەڵ نەخۆشی کۆرۆنا هەیە”.

ده‌قی پێشنیازه‌كان:

تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی پێشنیاری پلانێک دەکا بۆ کوتاندنی هەمو خەڵکی کوردستان بە ڤاکسینی کۆرۆنا.
ئاشکرایە کە تاوەکو ئێستا بەلای کەمەوە سێ ڤاکسین سەرکەوتنیان بەدەست هێناوە لە دروستکردنی بەرگری بۆ پەتای کۆرۆنا. بۆیە کاتی ئەوە هاتوە کە وەزارەتی تەندروستی و حکومەت پلانێک دابرێژن و بودجەی تەواو بۆ مەبەستی دابینکردن و دابەشکردنی ڤاکسینێک بۆ کۆرۆنا دابنێن.
ئەمەی لە بەردەستاندایە پێشنیاری پلانێکە بۆ دابینکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا.
١. کامە ڤاکسین: بەلای ئێمەوە، ڤاکسینەکەی زانکۆی ئۆکسفۆرد باشترین کاندیدە لە نێوان ئەو ڤاکسینانەی کە تاوەکو ئێستا لە بەردەستن. دەستنیشانکردنی ئەم ڤاکسینەیان بەهۆی چەند فاکتەرێکەوەیە.
یەکەم ڤاکسینەکە بە جورعەیەکی کەم کاریگەری ٩٠% و بە جورعە زۆرەکەی کاریگەری ٧٠%ی هەیە.
دووەم، زانکۆی ئۆکسفۆرد و کۆمپانیای ئەسترازینیکا کە دروستیان کردوە بڕیاریان داوە هیچ قازانجێک نەخەنە سەر نرخی ڤاکسینەکە.
سێیەم و لە پەیوەست بە خاڵی دووەمەوە، ڤاکسینەکەی ئۆکسفۆرد بە ٢ پاوەند بۆ هەر دەرزییەک فەراهەم دەبێ. بە گوێرەی لێکدانەوەکانی کەسە شارەزاکانی تۆڕکەمان، بە نزیکەی ٢٠ ملێون دۆلار دەکرێ هەمو خەڵکی کوردستان بکوتێنرێ دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا.
چوارەم: ڤاکسینەکەی ئۆکسفۆرد دەکرێ لە پلەی گەرمیی ساردکەرەوەی ئاسایی بپارێزرێ لە کاتێکا ڤاکسینەکانی تر پێویستیان بە پلەی ٧٠ی خوار سفرەوەیە کە ئەمەش لە کوردستان دەستناکەوێ.
٢. پلانی دابەشکردن: ئێمە لە تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی پێشنیاری سێ قۆناغی سەرەکی دەکەین بۆ دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا:
قۆناغی یەکەم-هەنگاوی یەکەم: دابەشکردنی ڤاکسینی کۆرۆنا بەسەر هەمو تەندروستکاران و لە پێشی هەمویانەوە ئەوانەی راستەوخۆ بەرکەوتنیان لەگەڵ نەخۆشی کۆرۆنا هەیە. پێویستە هەمو پزیشکان و کارمەندان و ستافی نەخۆشخانەکان و کارگوزار….هتد بکوتێنرێ. پێویستە نزیکەی ٣٠٠ هەزار جورعە بۆ ئەم قۆناغە دابینبکرێ. ئەم قۆناغە پێویستی بە نزیکەی ١ ملیۆن دۆلار بودجە هەیە.
قۆناغی یەکەم-هەنگاوی دووەم: هەمو ئەوانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە یا ئەو بەساڵاچوانەی کە سەرو ٥٥ ساڵن کە بەهۆی کار و پیشەوە پێویستە بچنە شوێنی قەرەباڵەغ. ئەم قۆناغە پێویستی بە نزیکەی ٦٠٠ هەزار جورعە هەیە و پێویستی بە نزیکەی ٢ ملیۆن دۆلار بودجە هەیە.
قۆناغی دووەم: پێویستە ئەم گروپانە بکوتێنرێن
١. هەمو مامۆستایان و کارمەندانی قوتابخانە و پەیمانگا و زانکۆکان.
٢. هەمو کارمەندی شارەوانی و ئاگرکوژێنەوە و بانکەکان.
٣. هەمو پیشەوەرانی وەکو بەقاڵ و نانەوا و خاوەن دوکانەکان.
پێشبینی دەکەین بۆ ئەم قۆناغە ٢ ملیۆن جورعەی ڤاکسینەکە پێویست بێ و بە بڕی نزیکەی ٨ ملیون دۆلاری پێویستە.
قۆناغی سێیەم: لەم قۆناغەدا پێویست ئەم گروپانە بکوتێنرێن
١. ژنی ماڵەوە
٢. منداڵ
٣. گەنج
پێشبینی دەکەین کە ئەم قۆناغە نزیکەی ٣ ملیۆن جورعەی پێویستە کە نزیکەی ١٢ ملیۆن دۆلار بودجەی پێویست دەبێ.
بەکورتی، بە گوێرەی ئەم پلانە، دەکرێ هەمو خەڵکی کوردستان دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا بکوتێنرێن و بڕی نزیکەی ٢٣ ملیون دۆلار بودجەی پێویستە.
هیوادارین حکومەتی هەرێم و دەزگا پەیوەندیدارەکان جیددیانە ئەم پلانە وەرگرن و کاری لەسەر بکەن.
بە هیوای تەندروستیەکی باش بۆ گشت لایەک.
تۆڕی پاراستنی تەندروستی گشتی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا