كورد ترسی لەچۆنییەتی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردنی عێراق هەیە

پۆڵەتیك پرێس:
پرسی فرە بازنەیی بۆ هەڵبژاردنی پێش وەختەی عێراق یەكلاییبووەتەوە، ئێستا ترسی كورد لەچۆنییەتی دابەشكردنی بازنەكانی هەڵبژاردنە.

جوان ئیحسان، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق بۆ پۆڵەتیك پرێسی وتی: كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراق تایبەتە بە رێككەوتنی كوتلەكان لەسەر دیاریكردنی یەك میكانیزم بۆ دابەشكردنی كورسی بازنەكانی هەڵبژاردن.

جوان ئیحسان وتیشی: پرسی فرە بازنەیی لە هەڵبژاردنی پێش وەختەی عێراق یەكلاییبووەتەوە، ئەمەش لەناوچە دابڕێندراوەكاندا زیانی بۆ كورد هەیە و لەهەموو شوێنەكانی تری ناو هەرێمی كوردستانیش بەهەدەردانی دەنگی زۆر تێدادەبێت.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لەپەرلەمانی عێراق باسی لەوەش كرد، لەكاتی دەنگدان بە پرۆژە یاساكە، لە مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی رابردوو، فراكسیۆنە كوردییەكان دەنگیان بە پرۆژە یاساكە نەدا بەزۆرینە و كەمینە تێپەڕێنرا، ئێستاش ئەگەر ئێمە وەك فراكسیۆنە كوردییەكان بەشدارنەبین لەدابەشكردنی كورسییەكانی بازنەكان، لایەنە شیعی و سوننییەكان بەویستی خۆیان كورسییەكانی بازنەكان دابەشدەكەن و ئەوكاتە ئێمە وەك كورد زۆر زەرەمەنددەبین بەتایبەتی لە ناوچە جێناكۆكەكان.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق باسی لەوەشكرد كورد دەرفەتی تانە لێدانی لە یاسای هەڵبژاردن نییە لە دادگای باڵای فیدراڵی، چونكە ئەو دادگایە لە ئێستادا هیچ سكاڵاو تانەیەك وەرناگرێت چونكە رێژەی یاسایی ئەندامەكانی تەواونیە.

لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنی كورسی بازنەكان لە ناوچە جێناكۆكەكان جوان ئیحسان ئامادەنەبوو زانیاری لەوبارەیەوە بدات و وتی: ئەوە بابەتێكی ستراتیجییە ئێمە بەلایەنە شیعی و سوننیەكانیشی نادەین تا بۆ راگەیاندنی ئاشكرابكەین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا