كام سیستمی ئابوریی سیاسیی لە ھەرێمدا؟

مەسرور بارزانی لە پەرلەمان ووتی: “ئێمە نیزامێكی سۆسیالیستی یان كۆمۆنۆێمیستیمان نیە تا گرنگی بە كەرتی گشتی بدەین”. لە وەڵامی ئەم قسەیەدا دەكرێت لەو بەڕێزە بپرسین ئەی باشە ئێوە چ ”نیزام“ێكتان ھەیە؟ كام سیستمی ئابوریی و سیاسیتان ھەیە؟

من تەواو لەو باوەڕەدام نە مەسرور بارزانی، نە ئەو خێزان و بنەماڵە و گروپانەی ئەو نوێنەرایەتیان دەكات، لە خەمی وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانەدا نین. ئەوان ئەسڵەن بەلایانەوە گرنگ نییە چ جۆرە ئابوریی و مۆدێلێكی سیاسیان ھەبێت، بە مەرجێك بەردەوام خۆیان گەمەكەری ژمارەیەكی ناو ئەو سیستمە و سودمەندیی ژمارە یەكی ئەو مۆدێلە، بن.

بەڵام ھەندێك لە نەیارەكانی ئەوان، بەتایبەتی بڕێك لەوانەی خۆیان بە چەپ و ڕادیكال دەزانن، وەڵامی ئەم پرسیارانەیان بۆ ئەدەنەوە و پێیاندەڵێن: سیستمەكەتان ”كامپیتالیزم“ە، ”سەرمایەداریی“ە، ”كاپیتالیزمێكە لە خزمەتی چینی سەرمایەداراندا لە كوردستان“، ئەم ”كاپیتالیزم“ەش ”بە چەند تۆڕێكی یاسایی و نایاساییشەوە بە سەرمایەداریی جیھانییەوە، گرێدراوە“.

بە بۆچوونی من ئەم جۆرە وەڵامە گشتگیر و ئەبستراكتە بە پرسیاری ئەوەی چ جۆرە سیستمێكی ئابوریی لەھەرێمدا دروستكراوە، وەڵامێكی تەواو ھەڵە و بێمانا و بێبنەمایە. ناونانی ئەوەی لە ھەرێمدا ھەیە بە ”كاپیتالیزم“ یان ”سەرمایەداریی“ كە خزمەت بە ”چینێك“ لە ”بۆرژوازیی“ و ”سەرمایەدار“ دەكات، جگە لە ئینشانووسییەكی ئاسان و ئیستیقالەكردنێكی تەواو لە بیركردنەوە، جگە لە خۆدزینەوە لە شیكردنەوەیەكی مێژوویی كۆنكریت ئەوەی لە ئارادایە، شتێكی دیكە نییە. ناونانی سیستمی ئابوریی لە ھەرێمدا بە ”سەرمایەداریی“ ھەم تێنەگەیشتنێكی سەرسوڕھێنەرمان لە سەرمایەداریی و ھەم لەو جۆرە سیستمەش نیشانئەدات كە لە ھەرێمدا ئامادەیە. سەرمایەداریی سیستمێكی ئابوریی سیاسییە ناكرێت بۆ یەك فۆرم كورتبكرێتەوە و بەو شێوە گشتگیرە بەكاربھێنرێت، سەرمایەداریی فۆرم و شێوازی جیاواز و ھەمەجۆریی ھەیە. ھەر بۆ نموونە ئەو سەرمایەدارییەی لە سوید و نەرویج و دانیمارك ئامادەیە، ئەو سیستمە نییە كە لە سعودیە و ئێران و سوداندا ئامادەیە، ئەو كاپیتالیزمەی لە ھۆڵەندا و ئەڵمانیا و فەرەنسادا ھەیە، ئەوە نییە كە لە ئابووریە پڕ تاڵانییەكەی ھەرێمەكەی ئێمەدا ھەیە. قسەوتنی گشتییش بە كاپیتالیزم، ئەوەندەی دەچێتە قاڵبی جنێودانەوە، دەیەكی ئەوە ناچێتە قاڵبی شیكردنەوە و ڕاڤەكردنێكی نیمچە زانستیشەوەوە.

ئەو فۆرمە لە سەرمایەداریی كە لە سوید و نەرویجدا ھەیە، بە سەدان ساڵ لەپێش ئەو ئابوریی تاڵانیی و جەردەیی و دزیی و كوشتن و بڕینەوەیە، كە لە ھەرێمەكەی ئێمەدا ھەیە. ئەو سەرمایەدارییە دەوڵەتییەی لە چیندا ھەیە، جیاوازە لەو ئابورییە خێزانیی و بنەماڵەییە سوڵتانییەی لە ھەرێمدا دروستكراوە، تەنانەت ئەو سەرمایەدارییەی لە شوێنێكی وەك میسر و مەغریب و توركیادا ھەیە، جیاوازە لەو سەرمایەدارییە خێزانییە، حیزبییەی لە دونیای ئێەمەدا دروستكراوە. ئیشی ژمارە یەكی فیكر دووركەوتنەیە لە گشتگیریی و دابەزینە بۆناو شیكرندەوەی بەرجەستەبوون و رەنگڕێژییە كۆنكریتەكانی ناو واقیع.
ئەوەی لە كوردستاندا ھەیە و دروستكراوە، سەپاندنی لۆژیكی حوكمڕانییەكی جەردەیی و گەندەڵ و توندوتیژە، بەسەر كایەی ئابورییدا و كەڵەكەكردنی سەرمایە و ئاراستەكردنی سەرجەمی كایەی ئابورییە، بەپێی ئەو لۆژیكی حوكمڕانییە، كە لۆژیكێكی خێزانیی و بنەماڵەیی و سوڵتانییە. لێرەدا كایەی ئابوریی لەوەدەكەوێت كایەیەكی سەربەخۆ بێت، لەوەدەكەوێت لۆژیكی ناوەكیی خۆی ھەبێت، لەوەدەكەوێت میكانیزمی ئابورییانەی تایبەت ئاراستەی بكات، بەڵكو دەگۆڕدرێت بۆ شوێنی تەڕاتێنكردنی بكەرە سەرەكییەكانی سیستمە سوڵتانییەكە، بە ھاریكاریی كۆمەڵێك كۆمپنیا و دەوڵەتی ئیقلیمیی، كە بەدوای قازانجی خێرا و ڕاستەوخۆدان. ئامانجی ئەم گشتە تێكەڵە گەشە و پێشكەوتنی ئابووریی نییە، ئەوە نییە ئابورییەكی دروستبكەن ئەگەری ئەوەی تێدابێت بە لۆژیكی قازانجی زۆرینەی كۆمەڵگا كاربكات. ئەو نوخبە سوڵتانیەی دروستبووە لە خەمی ئەوەدایە سیستمێكی ئابوریی و سیاسی و سەربازیی دروستبكات كە پاراستن و زیاتركردنی ھێزو دەسەڵات و كەڵەكەكردنی زیاتر و خێرای سەرمایەی خۆی، بەھەر نرخێك بووە، مەیسەربكات. ئەوەی ھەیە. سیستمێكی ئابورییە لەباتی ئەوەی یاسا و بەھا و میكانیزمەكانی كاركردنی ئابوریی بەڕێوەیببات، ھێزی سیاسەتێكی گرێدراو بە ھێزی سەربازیی میلیشیایی و بە توانای پەكخستنی یاسا و توانای وێرانكردنی فۆرمە جیاوازەكانی ململانێ، ئاراستەیدەكات.

كەڵەكەكردنی سەرمایە لەڕێگای ھێزەوە، لە ڕێگای تێكەڵكردنێكی پاسۆلۆژیانەی ھێزی سیاسیی و ھێزی سەربازیی و ھێزی ئەمنیی بە ئابوریی، ئەو ژێرخانەیە كە ئەم ئابورییە ترسناكەی لەسەر دروستبووە. كەڵەكەكردنی سەرمایەیە لەڕێگای تاڵانی ڕۆژانەی ئابورییەكەوە كە تەواو كۆنترۆڵ و ئاراستەكراوە. لە ڕاستیدا ئەوەی لە ھەرێمدا ھەیە ”بازای سەرمایەداریی“ ئازاد و نائازاد نییە، بەڵكو بازاڕێكی تەواو مۆنۆپۆڵكراو و خنكێنراوە، بەڕادەیەك لەوانەیە زەحمەتبێت بتوانین بازاڕێك بدۆزینەوە بەڕادەی ئەم بازاڕە لە ھەرێمدا مۆنۆپۆڵكراو و دەستەبەسەرداگیراو و بە زۆرمانا خنكێنراوبێت. بازاڕێك دابەشكراو بەسەر چەند گروپێكی بەناویەكداچوودا كە بە لۆژیكی كۆنترۆڵكردنی مافیاییانە كاردەكات، نەك بە لۆژیكی بازاڕ خۆی، لەھەر فۆرمێك لە فۆرمەكانیدا.

سەرمایەداریی دیاردەیەكی پڕ ئاڵۆزیی و فرەفۆرمە، كورتناكرێتەوە بۆ یەك سیستمی ھاوشێوە و لێكچوی ڕێكخستنی ژیانی ئابوریی. لە چەندان شوێنی جیھاندا ئەوەی ناوی سەرمایەداریی لێنراوە فۆرمی جیاوازیی ڕێكخستنی بازاڕ، ڕۆڵی جیاوازی دەوڵەت لەناو ئابوریدا، پەیوەندیی جیاواز لە نێوان سیاسەت و ئابوریی، فۆرمی جیاوازیی دەستخستنە ناو بازاڕ و ڕێكخستن و ئاراستەكردنی بازاڕی، گرتۆتەخۆی. ئەوەی لە كوردستاندا ھەیە خراپترین و تۆقێنەرترین فۆرمی بازاڕە كە ھەیە و دروستكراوە. بازاڕێك لۆژیكی تاڵانكردنێكی ڕێكخراو و پارێزراو ئاراستەی دەكات و ئەوەشی دەیپارێزێت، ھێزە، ھێزی سەربازیی و ئەمنیی و میدیایی ڕووت. ئەوەشی ئەم گشتە ئاراستە دەكات چینێك لە سەرمایەدار و بۆرژوازیی نییە، بەڵكو كۆمەڵێك خێزان و بنەماڵە و گروپی سوڵتانی داخراوە، كە ھیچ یەكێكیان ھیچ چالاكییەكی بەرھەمھێنان و ھیچ كردەیەكی ئابوریی ماناداریان نییە، ئەوەی ھەیانە لەشكری حیزبیی و سوپای تایبەت و پارتی سیاسیی گوێڕایەڵ و قۆرخكراو و میدیای درۆزن و ئاراستەكراوە، كە وایان لێدەكات خاوەنی ئەو ئابوریی تاڵانییە بێیاسا و بێنۆرم و بێلێپرسینەوەیە بن لە ھەرێمدا سەروەركراوە.

ڕاستە ئەو سیستمەی مەسرور بارزانی و ھاوەڵەكانی دروستیانكردوە سۆسیالیزم و كۆمۆنیزم نییە، بەڵكو ئەو ئابورییە كە باسمانكرد.

 

مەریوان قانع

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا