ستەم لە ئیسلامییەكان مەكەن

لە پەیوەندی بە توركیاوە، لە سنوری ئاگاداری خۆمدا، موزایەدە كردن بەسەر ئیسلامییەكان و لەوانەش یەكگرتوو، بە تایبەتیش لە لایەن كادرو ئەندامانی دوو پارتە دەسەڵاتدارەكەی ھەرێمەوە، كارێكی ناراست و ناڕەوایە. چونكە ئەگەر مەسەلەكە بێتە سەر ھەڵسەنگاندنی پەیوەندی ھێزە سیاسیەكانی ھەرێم لەگەڵ توركیا، ئیسلامییەكان بەگشتی و لەوانەش یەكگرتوو، دەچنە ڕیزی بێ كێشەترین و سەربەرزترینەكانەوە. لانی كەم تا ئەم كاتەی ئێمە قسەی تێدا دەكەین. ئیسلامییەكانیش، لە چەندین وێستگەو بۆنەدا ، پشتڕاستی ئەمەیان كردۆتەوە، لەوانەش:
١- رەتكردنەوەی بزوتنەوەی ئیسلامی بۆ بەشداری لەشەڕ ١٩٩٣ ی پارتی و یەكێتی بە پشتوانی توركیا دژ بە پەكەكە، وێڕای پێداگری زۆری توركەكان و تەماح نانە بەری زۆر.

٢- ڕۆڵی بەرچاوو لە سنوری توانادابووی یەكگرتوو، بۆ سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی لە باكوری كوردستان و گواستنەوەی باری سەرنجی قەندیل بۆ ئەنكەرەو كاركردن لەسەر كاربەدەستانی توركیا بۆ جوان تێگەیشتن لە جەوھەری عادیلانەی مەسەلەی كوردو ئامادەكردنی زەینی سیاسیان بۆ قبوڵكردنی پێویستیەكانی چارەسەر.

٣- ناوبژیوانی و ڕۆڵی یەكگرتوو لە بەیەكگەیاندنی بەشێك لە ئیسلامییەكانی سوریاو كوردی ڕۆژئاوا و قسەكردن لەگەڵ حكومەتی توركیا بەمەبەستی:
ا- تێگەیشتنی ئیسلامییەكان بۆ ناوەرۆكی كێشەی كورد لە سوریاو قبوڵكردنی چارەسەری فیدراڵی.
ب- ھەماھەنگی كردنی ھەردوولا لە چوارچێوەی ئۆپۆزیسیۆنی سوریاو تێپەڕاندنی بەربەستی جیاوازیی ئایدۆلۆژی.
ج- قایلكردنی حكومەتی ئەنقەرە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ واقیعی نوێی خۆرئاوای كوردستان.

ھەر لەم چوارچێوەدا داود ئۆغڵۆش سەرۆك وەزیرانی ئەوكات گەیشتە ئەوەی ڕایگەیەنێت: ئێمە ئامادەین ھاوشێوەی ئیدارەی باكوری عێراق مامەڵە لەگەڵ ڕۆژئاواش بكەین و بەمەترسی بۆ سەر خۆمانی نەزانیین، بەمەرجێك وادەرنەكەوێت، دام و دەزگای پەكەكەیە. كە بەداخەوە ناكۆكی نێوماڵی كورد ئەو دەرفەتەو ھەندێ دەرفەتی لە دواتریشدا لە دەستدا! كە دەكرا بكرانایا سەرەتایەك بۆ ئایندەیەكی جیاوازتر.

٤-لە ڕابردوودا قەندیل و ھەدەپەو ڕۆژئاواش، كەمترین گلەییان لە ئیسلامییەكان ھەبووەو چەندین جاریش سوپاسیان كردوون.

٥- لە زۆربەی رووداوەكانی پەیوەست بە باكورو توركیاو لەوانەش ئەمەی دوایی، بەشێ لە كەسێتی و رەمزە ئیسلامییە كوردستانییەكان و كادرو جەماوەری ئیسلامیی و زۆر جاریش فراكسیۆنە پەڕلەمانییەكانییان، بەشێكی بەرچاو كادرو ئەندام و جەماوەری ئیسلامیەكان لە ھەڵوێست دەربڕیندا پێشەنگ بوون.

ماوتەوە بڵێین: بەداخەوە كەم جار ھەیە كە ڕوداوێكی ھاوشێوەی ئەم جارە ڕودەدات، لەلایەن ھەندێكمانەوە نەقۆزرێتەوە بۆ كەرەسەی شەركردن دژ بەیەك و شەڕەكە نەكەینەوە بە شەڕێكی ساردی نێوخۆو سوكایەتی بەیەكتر نەكەین؟!! ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی ھێشتا لە بیركردنەوەی زۆرێكماندا، ناكۆكی لەگەڵ یەك، بایەخی پلە یەكی ھەیەو ڕۆڵی مەرجەع لە دەستنیشانكردنی ھەڵوێست و جۆری زمانی سیاسیماندا دەگێڕێت، نەك ناكۆكی لەگەڵ بەرامبەرە نەتەوەییەكان؟!! ھەروەھا ئاماژەیە بەھەژاری و لاوازییەكی كوشندە لە ھوشیاری نیشتیمانی و نەتەوەیماندا، كە ڕێگرە لەوەی ناسنامەو ھەستێكی ھاوبەشی ڕاستەقینە پەرەپێبدەین.

ئەبوبەكر كاروانی

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک