ئەمریکا دەست بەسەر ژمارەیەک ماڵپەڕی ئێرانیدا دەگرێت

پۆڵەتیک پرێس

وەزارەتی دادی ئەمریکا رایگەیاند، دەستی بەسەر ٩٢ ماڵپەڕی ئەلکترۆنی بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەدا گرتووە لەنێویاندا چوار ماڵپەڕی هەواڵیی بە زمانی ئینگلیزی هەیە کە لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە بەڕێوەدەبرێن.

وەزارەتی دادی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، سوپای پاسداران لەڕێی ئەم ماڵپەڕانەوە هەوڵ دەدەن کاریگەری لەسەر سیاسەتی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتەکە دابنێت، دەشڵێت: لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک گوگڵ و تویتەر و فەیسبوکەوە توانیومانە ئەو ماڵپەڕانە دەستنیشان بکەین.

باس لەوەش کراوە، چوار لەو ماڵپەڕانە لەژێر ناوەکانی “US Journal.net، US Journal.com، TW Today.com، News Stand 7.com کاردەکەن، دەشڵێت: بەڵام ٨٨ ماڵپەڕەکەی دیکە بەشێکیان وەک ماڵپەڕی هەواڵیی کاردەکەن و پروپاگەندەی ئێران ئاراستەی ئەوروپای رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشوری رۆژهەڵاتی ئاسیا دەکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، سەردانیکەرانی ئەو ماڵپەڕانە رۆژانی داهاتوو نامەیەکی وەزارەتی دادی ئەمریکا و “ئێف بی ئای”یان بەدەست دەگات لەژێر ناونیشانی “ئەم ماڵپەڕە ساختەکاری تێدا کراوە”.

ئەوەش لەکاتێکدایە، چەند رۆژێک ماوە لەبەردەم هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، بەشێک لە شارەزایان پێیان وایە ئەم ساختەکارییە ئەلکترۆنییانە پەیوەندی بە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەوە هەیە و وڵاتانی زلهێز هەوڵ دەدەن کاریگەری لەسەر گەلی ئەمریکی دابنێن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا