ئەو پارانەی لەعێراق‌و هەرێم بەهەدەر دراون بەسە بۆ بونیادنانی وڵاتێكی نوێ‌

پۆڵەتیك پرێس:
بەقسەی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق لەساڵی 2003وە تائێستا زیاتر لەیەك ترلیۆن دۆلار لەعێراق بەهەدەر دراوە.

ئەو قسەیەی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی كاردانەوەی دروست كردووەو شارەزایانی ئابووریش باس لەوە دەكەن، كە ئەو پارەیە لەوە زیاترە وەزیری دارایی باسی كردووەو بڕەكەشی بەسە بۆ ئەوەی وڵاتێكی نوێی پێ بونیاد بنرێت.

شارەزایان دەشڵێن: ئەو بڕە پارەی لەساڵی 2003وە لەعێراق بەهەدەر دراوە 1.1 ترلیۆن دۆلاری ئەمریكی بووە، ئەوەی وەزیری دارایی باسی كردووە، بەشێكی لێشاراوەتەوە.

 

ئەو بڕە پارەی لەساڵی 2003وە لەعێراق بەهەدەر دراوە 1.1 ترلیۆن دۆلاری ئەمریكی بووە

 

هاوكات سەرچاوەیەك لەدیوانی چاودێری، كە بەدواداچوونی بۆ بەهەدەردانی پارە كردووە، بۆ كەناڵی حوڕە رایگەیاندووە، زۆرترین بڕی بەهەدەردانی پارە لەبودجەی گشتی لەنێوان ساڵانی 2008 بۆ 2014 بووە، كە سەردەمی سەرۆك وەزیرانی نوری مالیكی سەرۆكی دەوڵەتی یاسا بووە.

نوری مالیكی لەساڵی 2006 پۆستی سەرۆك وەزیرانی وەرگرت‌و دوو خول لەپۆستەكەی مایەوەو ساڵی 2014 كۆتایی بەخولی سەرۆكایەتییەكەی هات، كە ئەو سەرچاوەیەی دیوانی چاودێری باسی لەوەش كردووە، زۆرترین گەندەڵی لەو ماوەیە كراوە.

منار عوبێدی شارەزای ئابووری لەو بارەوە دەڵێت: لەماوەی دەسەڵاتی مالیكی “400 -450 ملیار دۆلاری ئەمریكی” بەهەدەر دراوە، كە ئەوە لەسەدا 40ی بودجەی ساڵانەی عێراق بووە.

 

لەماوەی دەسەڵاتی مالیكی “400 -450 ملیار دۆلاری ئەمریكی” بەهەدەر دراوە

 

بڕی 400 ملیار دۆلار دەتوانی 400 هەزار قوتابخانەی نموونەیی پێدروست بكرێت، كە بەهای تێچووی هەر یەكێكیان ملیۆنێك دۆلار بێت، هەروەها 20 هەزار نەخۆشخانەی نموونەیی پێدروست دەكرێت، كە بەهای تێچووی هەر یەكێكیان 20 ملیۆن دۆلار بێت.

هاوكات ئەو پارەیە بەسە بۆ كڕینی 28 هەزار فڕۆكەی F-16 ی ئەمریكی، كە نرخی هەر یەكێكیان 16 ملیۆن دۆلار بێت، یان ئەو پارە ئەگەر دابەشبكرێت بەسەر عێراقییەكاندا یەكی 10 هەزار دۆلاریان بەردەكەوێت.

عێراق پێش ساڵی 2003 نزیكەی 850 هەزار فەرمانبەری هەبوو، ئێستا ژمارەكە بۆ زیاتر لە 4.5 ملیۆن كەس زیادبووە، كە بەهەدەردانێكی زۆر پارە لەموچەی ئەو فەرمانبەرانەدا هەیەو زۆرینەشیان بندیوارن‌و بەو هۆیەشەوە زۆربەی دامودەزگا حكومییەكان كراون بە “ناوەندی بەفیڕۆدانی كات و پارە ” بۆ هاووڵاتیان.

لەكاتێكدا دەكرێت عێراق بەكەمتر لە 500 هەزار فەرمانبەر بەرێوەببرێت، كە بەپێی ئەوە بێت نزیكەی چوار ملیۆن فەرمانبەر زیادەیەو موچەی مانگانەیان وەك بەهەدەردان ئەژمار دەكرێت.

 

دەكرێت عێراق بەكەمتر لە 500 هەزار فەرمانبەر بەرێوەببرێت

 

هەرێمی كوردستانیش بەشێكی تری ئەو بەهەدەردانی پارەیە لەعێراق، كە لەدواین لێدواندا مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێم رایگەیاند، حكومەتەكەی بڕی 28.4 ملیار دۆلار قەرزارە.

هونەر تۆفیق نووسەرو شارەزای ئابووری شیكردنەوەیەكی بۆ ئەو 28 ملیار دۆلار قەرزەی سەر حكومەتی هەرێم كردووە، كە بەقسەی ئەو دەتوانی بەو پارەیە ئەم كارانە بكەیت.
100 فڕۆكەی جەنگی هێرشبەر لەجۆریF18 ، كە بەهاكەیان 5 ملیار دۆلارە
سیستەمێكی بەرگری پێشكەوتوو لەجۆری S400، كە بەهاكەی 5 ملیار دۆلارە
100 فڕۆكەی SU35 ی هێرشبەر، كە نرخیان 3 ملیاردو نیو دۆلارە
بنیاتنانی 3 كورەی ئەتۆمی بۆ بەرهەمهێنانی 4800 مێگاوات كارەباو كاری تر بە بەهای 3 ملیار دۆلار
دروستكردنی 14 هەزار كیلۆمەتر ئۆتۆبان كە سەرتاری شارەكانی هەرێم بەیەكەوە دەبەستێتەوە تێچووەكەی دەكاتە 5 ملیار دۆلار
بنیاتناتی 4 تۆڕی میترۆ لە 4 شاری سەرەكی هەرێم بەتێچووی 4 ملیار دۆلار
سەوزكردنی هەموو هەرێمی كوردستان بە تێچووی 1 ملیار دۆلار
3 ملیار دۆلارەكەی دیكەی ماوەتەوە 3 بەنداوی ئاوی زەبەلاحی پێدروست دەكرێت هەم بۆ پاشەكەوتی ئاو و هەم بۆ پیشەسازی كارەبا و گەشتوگوزار

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا