چی دەگوزەرێ میرم؟

ساڵانێكی دورودرێژ گۆرانیمان بۆ نوێبوونەوەو هەستانەوەی یەكێتی دەگوت، ساڵانێكی دوای ئەوەش شەڕی بەستنی گۆنگرە گەیشتە ترۆپكی ململانێی تەكەتولەكان، هەموو لەگەڵ ئەوەدا بووین جەنگاوەرانی شاخ پشوویەك بدەن‌و هەڵسوكەوتی شۆڕشگێرانەش سەرخەوێك بشكێنێ، ئێمە دەمانزانی بەڕێوەبردنی ناوچەیەك، چەند شاخ و گوندێك زۆر جیاوازترە لە خەباتی مەدەنی و دەوڵەتداری و بەڕێوەبردنی شارێك، بە هیوابووین سەركردایەتی یەكێتی‌و دەوڵەتدارییەكەی بدەینە دەست گەنجانی تەكنۆكرات و سەركردەی لاو و زاخاو بە بیری مۆدێرنەو سەردەمییانە .

هەر ئەوەش ڕوویدا، لە دوای كۆنگرەوە لە سەدو بیست و چوار سەركردایەتی یەكێتی زۆرینەی ڕەهایان كادری گەنج و لاوی خوێنگەرمی پڕ حەماسی بە هەڵپەن .

خۆ ئەوەش دەزانین، سەرەڕای فشارە تاقەتپروكێنەكانی پارتی بۆ لەباربردنی ئەنجامەكانی كۆنگرەی چوار و وتارو چاوپێكەوتنە توند و ڕەخنە ڕووخێنەرەكانی هەندێك لە سەركردایەتی و مەكتەب سیاسییە كۆنەكانی یەكێتی و ئیهانەكردن‌و توانج لێدانی ئەم سەركردایەتییە نوێیە، كە نەشارەزاو نەخوێندەوارو كۆنە پاسەوان‌و..هتدن، سەرەڕای نەبیستن و نەبینینی دەنگ و ڕەنگی چاوپێكەوتنی سەركردایەتییە نوێیەكە لەتیڤییەكان و نەخستنەڕوی پرۆژەو پێشنیارەكانی هەستانەوەی یەكێتی‌و لاوازییان بەرانبەر هێرشی نەیارەكانی نوێبوونەوە، سەرەڕای نەنووسینی دوو وتاری فیكری و سیاسی و هەتا ئەدەبیش، كە خزمەت بە سیاسەت و ئایدۆلۆژیاو ستراتیژی نوێی یەكێتی و سەرۆكەكەی بكات، بەڵام ئێمە هەر دڵمان پێیان خۆش بووەو هەموو ڕۆژێك چاوەڕوانی هەستانەوەو بووژانەوەو بەهێزبوونەوەی یەكێتیمان لێكردوون .

دەیان وتارمان بۆ نووسین و مژدەی نوێبوونەوەمان بەخشییەوەو وتمان پارتی و كۆرۆناو قەیرانی دارایی و هەڵوێستی عێراق و ئێران و توركیاو هەتا ئەمریكاش هەنگاوەكانی چاكسازی و پاكسازی و گۆڕانكاری جەزری و پرنسیپی پاداشت و سزای ڕاگرتووە، وتمان پەلە مەكەن هێشتا پەیڕەوەكەمان تەواو نەبووە، دەسەڵاتەكانمان دابەشنەكردووە، ئەم هەنگاوانەو دەیانی دی بوون بەچاوەڕوانی گۆدۆی تەمەننای دوای كۆنگرەمان .

وتارمان نووسی: (كەس گرەو لەسەر ناكۆكی ئامۆزاكانی یەكێتی نەكات)، ئەوان یەك خوێن و یەك دڵ و یەك بیركردنەوەو بڕیارن، بەڵام ئێستا دەنگۆی ناكۆكییەكانیان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر بڵاودەبێتەوە، ئەگەر ڕاستیشی تێدا نەبێت، دەبوایە ئەوان ڕوونكردنەوە بدەن‌و هەڵوێستی یەكبوون و یەك هەڵوێستی‌و یەك بڕیاری ڕابگەیەنن .

وتمان چەقی ململانێكانمان دەبەینەوە پایتەخت! كەچی هەر خۆمان ڕێگەمان خۆشكرد پایتەخت ململانێكانی ئێمەی لەسلێمانی بەجۆشترو خەستترو قزوڵتر كرد، ڕۆژێك گۆیژە دەسوتێ دەڵێن تاوانی جگەرەیەك بوو! ڕۆژێكی دی گڕتێبەردانی جەستەی سەوزی سنەوبەرەكانی تاسلوجە هەناو داخ دەكات‌و تۆمەتی دەستبەسەرداگرتنی موڵكی گشتی دەگاتە گوێمان و هیچ ڕوونكردنەوەیەك نییە! ڕۆژانێكی تر نووسینەوەی بیرەوەرییەك و بەیەكدادانی شۆڕشگێڕانی شاخ و نابووت و ناشیرین و نەفرەتكردنی خەباتی یەكێتی مێژووەكەی لەكەدار دەكات! ئەی كوا هەڵوێستی یەكێتی لەسەر ئەو چەلەحانێیەی مێژووەكەی سفری شۆڕشگێڕیی‌و قوربانیدانەكەی دەكاتەوە؟ ئەمانەو چەندین هەوڵ و بەربەست، هەموو پرۆژەی هیواكانی یەكێتیی نوێمان لەبیر دەباتەوە .

وتمان لێبڕینی موچەی كارمەندە بێكەسەكانمان تەنیا بۆ مانگێكە، كەچی مانگەكانی تری بە دوادا هات، بەڵێنماندا هەموو یەكێتی بە ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی پەتای تەكەتول بكوتین، كەچی گەرا-ی جۆرێكی تری ڤایرۆسی تەكەتول وا خەریكە سەرەتاكانی دەردەكەوێت .
بە بۆچوونی من، یەكێتی ڕاستەوخۆی دوای كۆنگرە و یەكێتی حاڵی حازر جیاوازییەكی زۆریان هەیە، ئەگەر دوای مانگێك لە كۆنگرەی چوارەم هەڵبژاردنێك ئەنجام بدرایە یەكێتی دووهێندەی پێش كۆنگرەی دەهێنا، بەڵام ئێستا، ڕەنگە جیاوازیەكی ئەوتۆی نەبێت لە ئەنجامی بەر لە كۆنگرە !
بۆ؟ من خۆم دەیزانم، پێویستە سەركردایەتییە نوێیەكە وەڵام بداتەوە..

ئەو حەماسەی مانگێك دوای كۆنگرەی چوار یەكێتییەكانی سلێمانی و كەركوك و بە تایبەتی هەولێر هەیانبوو، ئایا ئێستا هەمان ورەو حەماس و شێلگیری شكدەبەن بۆ یەكێتییەكەیان؟

نەخێر.. بۆ؟ با بەرپرسی مەڵبەندی شارەكان وەڵامبدەنەوە..

ئەو میرەی من ویستم، هەمان میری فلۆرەنسای سەردەمی ماكیاڤێللییە؟

نەخێر.. با خۆی وەڵام بداتەوە، هەڵوێستێك ڕابگەیەنێت، پێمان بڵێ چی دەگوزەرێت، (اللهم بلغت اللهم فاشهد..).

سەمەد زەنگەنە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا