ناوچە دابرێنراوەکان لە دیدگا و ستراتیژی یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا

بەهۆی جێبەجێنەکردنی ماددەی ١٤٠ دەستوری عیراقییەوە،لەئێستادا باشوری کوردستان لەڕووی ئیدارییەوە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت.

بەشی یەکەم :هەرێمی کوردستان، کەلە چوار پارێزگا پێکدێت و پایتەختەکەی شاری هەولێرە.
بەشی دووەم: ناوچە دابرێنراوەکانە کەبەهەمان شێوە دەکەوێتە سنوری هەرچوار پارێزگای (کەرکوک، نەینەوا، سەلاح الدین، دیالە)، شاری کەرکوک بەهۆی هەڵکەوتەی جۆگرافی و پێگەی مێژووی و ئابووری و سیاسییەوە، بە پایتەختی ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان وێنادەکرێت.
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەرلەسەرەتای دامەزراندنیەوە ڕەگێکی قوڵ و پەیوەندییەکی پتەوی هەبووە و هەیە لەگەڵ هاوڵاتیان و سەرجەم چین و توێژەکانی کەرکوک و ناوچەدابرێنراوەکان بەگشتی. لەسەردەمی شوڕشی نوێ و خەباتی چەکداریدا یەکێتی لەهەموو وێستگە جیاوازەکانی خەباتی سەخت و دژواری ئەوناوچانەدا لەلایەکەوە پشتی بە کۆمەڵانی خەڵکی ناوچەکە بەستووە، لەلایەکی دیکەوە لەهەموو قوناغەکانی خەباتی پێشمەرگایەتیدا بەخوێنی گەشی قارەمانەکانی خۆی، ناسنامەی کوردستانی بوونی ئەو ناوچانەی سەلماندووە و هێز و ئیرادەی خەبات و سەرکەوتنی بەخشیوە بەجەماوەری ناوچەکە.

لەقوناغی دوای پرۆسەی ئازادی عیراق و ڕوخانی رژێمی بەعسیش کە شێوازی خەباتی چەکداری گۆردرا بۆ خەباتی پەرلەمانی دیموکراتی، یاسایی، ململانێی فرەحزبی و گەیشتن بەدەسەڵات لەڕێی پرۆسەی هەڵبژاردن و سندوقەکانی دەنگدانەوە، یەکێتی بەدیدگا و ستراتیژیەکی واقیع بینانە و نەگۆرو شەفافەوە ،هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەی کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکەی داوە، ئەویش چەسپاندنی مەبدەئی یەکتر قبوڵکردن و پێکەوەژیانی ئاشتیانەی پێکهاتەکانی ناوچەکە، هەوڵدان بۆجێبەجێکردنی بڕگەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستوری عیراقی و هێنانەکایەی چارەسەرکردنێکی ریشەییانە بۆ ناوچە دابڕێنراوەکانی کوردستان، دورکەوتنەوە لە بیری توندڕەوی و خۆسەپێنی پێکهاتەیەک بەسەر پێکهاتەکانی دیکەی سنوری ناوچەدابرێنراوەکان، بەشداریكردن لە ئیدارە خۆجێییەکانی ناوچەکە و دابەشکردنی پۆستەکان لەسەر بنەمای هاوسەنگی و تەوافوقی سیاسی و نیشتیمانی، بەڕەچاوکردنی رێژەی دەنگ و کورسییەکانی هەرلایەن و پێکهاتەیەکی ناوچەکە، بنەما و بناغەی ئەم سیاسەتە لەسەر دەستی سەرۆک مام جەلال داڕێژراوە و گەشەی کردووە.

ئەم دیدگاو سیاسەت وستراتیژیە نەگۆرو رۆشنەی یەکێتی بەرامبەر بە ناوچەدابرێنراوەکان وایکردووە کە لەهەموو هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا ، یەکێتی وەکو هێزی یەکەم لەسەر ئاستی هێزە عیراقی و کوردستانییەکان لە ناوچە دابرێنراوەکان متمانەی زۆرترین دەنگدەری ناوچەکە بەدەست بهێنێت و ببێتە هێزی یەکەم، هەروەک بتوانێت لەسنوری پارێزگای کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی سنوری پارێزگای نەینەوا و سەلاحەدین و دیالە وەک تاکە لایەنی کوردستانی کورسی پەرلەمان بەدەست بێنێت.

نهێنی بەدەست هێنانی ئەم متمانەیەش بۆ هەڵوێست و سیاسەتی نەگۆر و واقعبینانەی یەکێتی دەگەڕێتەوە، کە دوورلە دروشمی بریقەداری عاتفی، هەمیشە بۆچارەسەرکردنی کێشەکان پشت بە دەستوری عیراقی و گرتنەبەری رێگای دانوستان دەبەستێت، تاکە رێگاش بۆ فەراهەمکردنی کەشێکی سەقامگیری سیاسی و ئیداری و ئەمنی و خزمەتگوزاری لەکەرکوک و ناوچەکانی دیکە و گۆڕینی واقیعی ئێستا و کۆتایهێنان بەدەسەڵاتی پارێزگاری سەپێنراوی کەرکوک پشتبەستنە بەو سیاسەتە.

هەرلەم چوارچێوەشدا چاوەڕواندەکرێت جەماوەری کەرکوک و ناوچە دابڕێنراوەکانی دیکە لەپێناو سەقامگیری و هێنانەکایەی ئیدارەیەکی خزمەتگوزار بەشێوەیەکی فراوان پێشوازی لەهەمان سیاسەتی نەگۆڕی یەکێتی بکەن کە بەبەردەوامی سەرۆک بافڵ و سەرکردایەتی یەکێتی دوپاتی دەکەنەوە.

لەتیف نێروەیی
29/10/2023

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا