گفتوگۆکردن بە پشتی بەتاڵەوە

یاسای پڕکردنەوەی کورتھێنانی بودجەی پەڕلەمانی عێراق، سۆمۆی کردۆتە لایەنی عێراق بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ ھەرێم!

دیوە نەوتراوەکەی ئەمەش ئەوەیە کە، پرسەکە، واتە ڕێکەوتنی نێوان بەغداو ھەولێر لە بنەڕەتدا، مەترەح نیە بۆ گفتوگۆی سیاسی، بەڵکو بۆ قبوڵکردن یان رەتکردنەوەو سەپاندنە. بەمانایەکی تر، فراکسیۆنەکانی زۆرینە، تاراددەیەکی بەرچاو، ئازادی گفتوگۆیان لەحکومەتی بەغدا سەندۆتەوەو ڕێکەوتنیان لەگەڵ ھەرێم بەستۆتەوە بەشرۆڤەو ڕەزامەندی خۆیان و ھێزو پارتەکانیان، ئەوەش لە ڕوانگەی پێداویستیەکانی ھەڵبژاردن و بەڕێوەبردنی ململانێکان لە نێو خۆیان و لەگەڵ ھەرێمیشدا.

بەشێکیشیان کار بۆ لە قاڵبدان و بچوککردنەوەی ھەرێم دەکەن، دەخوازن ئەو دەرفەتەی لەم ڕووەشەوە بۆیان ھەڵکەوتووە، لەدەستی نەدەن. بە حوکمی ئەوەی بڕوایان وایە ئەوەی لەدەستوردا بۆ کورد و گەلی کوردستان بریاری لێدراوەو چەسپاوە، بەرھەمی فشاری دەرەکی و لاوازی و بەسەردا تێپەڕینەو لە ئێستادا لێی پەشیمانن و بەدوای ھەلێکدا دەگەڕێن بۆ لێسەندنەوەو بێ ناوەرۆك کردنی. کوردو دەسەڵاتدارانی ھەرێمیش لەم ڕووەوە دەرفەتێکی زێرینیان خستۆتە بەردەمیان!! ئەو دۆخە خراپەی ئەمڕۆ لەھەرێمدا ھەیە بێ پێشینەیە. پێگەی ھەرێمی بە ئاستێکی ترسناك لاواز کردووە.

قەیرانێکی قوڵی ئابوری، بێ متمانەیی مەترسیداری نێوان ھێزە سیاسیەکان و زۆرینەی ھاوڵاتیان و حکومەت و نوخبەی حوکمڕان، نائومێدی لە ئایندە، بونی گەندەڵی و ناعەدالەتیەکی زۆر، شپرزەیی بەرەی ناوخۆ، بەحیزبی مانەوەی ھێزە چەکدارەکان، نیمچە ڕوخانی ھەرێم لەڕووی ئەخلاقی و رەمزی و شکانی ھەیبەتی و ڕوتبوونەوەی لە زۆر وێناو بەھاو ڕەونەقی بۆ دروستکراو، بەسەر یەکەوە کارێکیان کردووە، گفتوگۆکاری ھەرێم تاڕاددەیەك بێ وەرەقەو بەپشتی نیمچە بەتاڵەوە گفتوگۆ بکات!

گفتوگۆیەکی لەم جۆرەش، مەگەر پارسەنگێکی دەرەکی ھەندێ ھێزو ھاوسەنگیی بۆ بگێرێتەوە، دەنا سەخت و ئایندە نادیار دەبێت، ھەروەھا ناچاری گفتوگۆکار دەکات لەدەرەوەی خواستی خۆی مل بەھەندێ مەرج و داواکاری بدات. ئەوەش وادەکات، پابەندبوون بە ڕێکەوتنەکان لەداھاتودا، ملکەچی ھاوکێشەی ھێزبێت. سەرەڕای ھەموو ئەم دۆخە، ھەوڵی تۆڵەکردنەوە لەپارتیش لەبەر زیاد لەھۆکارێك، لەلایەن بەشێ لەھێزو فراکسیۆنە عێراقیەکانەوە، لەپاڵ بوونی دەستێوەردانی دەرەکی، ھەلومەرجەکەیان ئاڵۆزتر و گفتوگۆکانیان زەحمەتر کردووە.

ئەبوبەكر كاروانی

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا