ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئاشكرا دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەمڕۆ دووشەممە 6_3_2023 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەسەر چەند پرسێك كۆبووەوە.

لە بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكەدا، ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردە، لە ڕاپۆرتێكی بەرفراواندا، كار و پلانە ستراتیژییەكانی وەزارەتی پەروەردەی خستەڕوو، كە بریتی بوو لە پێداچوونەوە بە پرۆگرامەكانی خوێندن، ڕاهێنانی مامۆستایان، هەڵسەنگاندنی قوتابخانەكان، خزمەتگوزارییە دیجیتەڵییەكان، ژێرخانی پەروەردەیی و بەشداری هەرێمی كوردستان لە هەڵسەنگاندنە نێودەوڵەتییەكان.

بڕگەی دووەم، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بەرەنگاربوونەوەی شووشتنەوەی مایە و مایەداركردنی تیرۆری ئیتیحادی ساڵی 2015 لە هەرێمی كوردستان كە لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان خرایەڕوو.
ئامانج لەم پڕۆژە یاسایە، بەرەنگاربوونەوەی پرۆسەكانی سپیكردنەوە و شوشتنەوەی مایە و ڕێگری كرتنە لە مایەداركردنی تیرۆر و لێكەوتە زیانبەخشەكانی لە سەر ئابووری و كۆمەڵگە. ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ پڕۆژە یاساكەی پەسەند كرد.

لە بڕگەی كۆتاییدا، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ، پێشنیاری دووبارە ڕێگەپێدان بە دامەزراندن و تۆماركردنی كۆمپانیاكانی بواری دەرمان و پێداویستییە پزیشكییەكانی پێشكەش كرد، كە ماوەی چەند ساڵێكە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران وەستاوە .

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا، كە بەدواداچوونی ورد و هەمەلایەنی ئەم بابەتە بكرێت و لە چوارچێوەی پڕۆژەیەكی گشتگیردا بۆ ئەنجومەنی وەزیران ئامادە بكرێت، بە ئاراستەی پاراستنی بەرژەوەندی گشتیی هاووڵاتییان و پێشخستنی بواری تەندروستی و لە چوارچێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەم بۆ چاكسازی لە كەرتی تەندروستی و دەرمان و خۆراك، كە پێویستە بۆ ئەم مەبەستە، دامەزراوەی خۆراك و دەرمانی هەرێمی كوردستان دابمەزرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا