پۆڵەتیك پرێس:
حكومەتی هەرێم بەنیازە لەكاتی ئامادەكردنی پڕۆژە یاسای بودجە بۆ ساڵی 2021 لێبڕینی موچەی فەرمانبەران جێگیربكات.
حكومەتی هەرێم ماوەی رابردوو وەزارەتی دارایی راسپارد بۆ ئامادەكردنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2021، كە بەپێی زانیارییەكانی پۆڵەتیك پرێس لەو پرۆژە یاسایەدا، لێبڕینی موچەی مانگانەی فەرمانبەران جێگیر دەكات.
هەر بەپێی زانیارییەكان، لێبڕینەكە لەسەروو 20% دەبێتو بڕیارە بۆ ئەو مەبەستەش گفتوگۆ لەگەڵ فراكسیۆنەكانی پەرلەمان بكات، تا بە لێبڕینەكە رازی بن.
لەو بارەوە شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی دارایی لەپەرلەمانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: هەرچەندە تا ئێستا پرۆژەیاساكە بوونی نییە، بەڵام دەست بردن بۆموچەی فەرمانبەران لەكاتی ئامادەكردنی پڕۆژە یاساكەدا كارێكی نایاساییە، چونكە موچە مافێكی یاسایی فەرمانبەرانە، بەڵام لەپەرلەمانی كوردستانیش زۆرینە كاردەكات
شێركۆ جەودەت وتیشی: بەهۆی ئەوەی پەرلەمانی كوردستان بە سیستەمی زۆرینە كاردەكات پێویستە هەموو لۆبییەك دروستبكرێتو رێگری بكرێت لەهەموو هەوڵێك بۆ بۆ دیاریكردنی رێژەی لێبڕنی موچەی فەرمانبەران لەپرۆژەیاسای بودجەدەی هەرێمدا.
لەهەرێمی كوردستان زیاتر لە 1 ملیۆن و 250 هەزار موچە خۆری شارستانی و سەربازی و خانەنشین هەیە، بۆ پێدانی موچەی تەواوەتی حكومەتی هەرێم پێویستی بە 895 ملیار دینارە، بەڵام حكومەتی هەرێم لەئێستادا بەلێبڕینی 21% بۆ 50% بە دوومانگ جارێك موچەی فەرمانبەران و پلەباڵاكان دابەشدەكات .
بەگوێرەی ئامارەكانیش، كەحكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردووەتەوە، جگە لەو 320 ملیارەی كە لەبەغداوە دێت 20 ملیار دینار لەهاوپەیمامان وەردەگرێت و 270 ملیار دیناری وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و 120 ملیار دیناری لە داهاتی ناوخۆ بۆ دەگەڕێتەوە.
ماوەی حەوت ساڵە حكومەتی هەرێم پرۆژە یاسای بودجەی ئامادەنەكردووە پێشبینیش دەكرێت پەسەندكردنی تەواوی پرۆژە یاساكە زیاتر لە دوو مانگ بخایەنێت.