پەروەردەی سلێمانی سێ‌ دیاردە لە قوتابخانەكان قەدەغە دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لە ئاگادارییەكدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی سێ‌ دیارەدە لەناو قوتابخانەكاندا قەدەغەدەكات، یەكێكیان ئەوەیە نابێت مۆبایل بەكاربهێنرێت بۆ وێنەگرتنی نانخواردنی خوێندكاران یان ئەو چالاكییانەی كە بەناوی سیمینار و چالاكی زانستی پێشكەش دەكرێن.

لە ئاگاداریەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانیداكە ئاراستەی گشت باخچەی منداڵان و قوتابخانەو خوێندنگە حكومییەكانی سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی كراوە هاتووە: سێ دیاردە دەبینرێت لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا كە ڕێگە پێدراو نییەو داواكارین دوای ئەم ڕاگەیاندنە ئەو دیاردانە ڕابگیرێت لەبەرئەوەی بە پێی یاساو ڕێنماییەكان لێپرسینەوە دەكەین لەگەڵ ناوەندەكانی خوێندندا.

یەكەم/ كاتێك قوتابخانەیەك چالاكی دەبێت پێویست ناكات گشت بەڕێوەبەرەكانی تری ناوەندەكانی خوێندن بەشداری لەو چالاكییەدا بكەن و ناوەندی خوێندنی خۆیان بەجێبهێڵن كە بەرپرسی یەكەم لە ناوەندی خوێندن و پرۆسەی پەروەردەو فێركردن و پاراستنی ژیانی قوتابیان و خوێندكاران بەڕێوەبەرە، كە بە بێ پرس قوتابخانە بەجێدەهێڵن ئەمە قەدەغە كراوەو ڕێگەپێدراو نییە.

ئەو چالاكیانە كە دەكرێت بۆ سنووری قوتابخانەكەو قوتابیانی قوتابخانەكەیە و بۆ زیاتر گەشەسەندنی پرۆسەی پەروەردەو فێركردنە لە نێوان خۆیاندا.

دووەم/ هەندێك خەڵك یان كەسی دەرەوەی پەروەردە بە بێ پرس و وەرگرتنی ڕەزامەندی بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان هەم لە پەیمانگا ناحكومییە پیشەییەكان هەم لە ڕێكخراوە ناحكومییەكان ناوخۆیی و نێودەوڵەتی وە هەم لە كەسایەتییەكان دەبرێنە ناو ناوەندەكانی خوێندنەوەو دەوامیان پێ ڕادەگیرێت بە ناوی سیمیناری پێداچوونەوە بە بابەتەكانی خوێندن و ناوی جۆراوجۆری ترەوە كە ئەمەش ڕێگەپێدراو نییە و ڕێكاری یاسایی دەگرینە بەر.

سێیەم/ حاڵەتی سێیەم وێنە گرتنە بە مۆبایل، كاتێك بابەتێكی زانستی دەكرێت یان نان خواردنی خوێندكاران بە هیچ شێوەیەك ڕێگەپێدراو نییە. كاتێك چالاكییەك دەكەیت ئەگەر شتێكی تازەگەرت كردووە ئێمە وەك بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی ، بەڕێوەبەرێتی مەشق و ڕاهێنان یان دامەزراوەی ترمان هەیە ئەتوانی ئەو ڕێگە نوێیە، ئەو هۆكاری فێركردنە نوێیە بهێنیت خوێندنەوەی بۆ بكەین و بە نووسراوی فەرمی گشتاندنی پێ بكەین بۆ سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن ئەگەر لە ڕووی پەروەردەو فێركردنەوە باش بوو، نەك بە بێ پرس وێنەو ڤیدیۆی ناو قوتابخانەكەت و ناو پۆل و قوتابیان و خوێندكاران بڵاوبكەیتەوە، كە ئەمە زۆر جار گلەیی و گازندەیەكی زۆر لە لایەن دایكان و باوكانەوە دەكرێت و بۆمان هاتووە كە پێیان قبوڵ نییە وێنەی منداڵەكەیان لە سۆشیال میدیا و هەندێ گروپدا دابنرێت، دەڵێن ئەوان منداڵ دەنێرن بۆ خوێندن نەك بۆ ڕیكلامی لەو جۆرە.

بۆیە داواكارین ئەو دیاردانە ڕابگیرێت، ڕێكاری یاسایی دەگرینە بەرو ئەو ناوەندی خوێندنە لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت. چونكە لەلای ئێمە مامۆستایان و ڕێنمایكارانی پەروەردەیی ناوەندەكانی خوێندن و ڕاهێنەرانمان لە بەڕێوەبەرێتی مەشق و ڕاهێنان هەم لە ڕووی زانست و مەعریفی و ڕێگەكانی وانەوتنەوە لە هەمووان پێشەنگ ترن و شارەزایی زیاتریان هەیە بۆ باشتركردنی ژینگەی پەروەردەیی نەك كۆمەڵە خەڵكانێك یان ڕێكخراوو پەیمانگایەك كە ڕۆژێك مامۆستا نەبوون یان مامۆستا بوون لە ژینگەیەكدا كە جیاوازی تەمەن هەیە لە باخچەی منداڵان و قوتابخانە بنەڕەتی و ئامادەییەكان دەیهێنن بە بێ پرس ئەوانیش دەیكەنە ڕیكلامێكی مەبەستداری جۆراوجۆر بۆ خۆیان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا