كاتی دابەشكردنی نەوتی ماڵان نادیارە

پۆڵەتیك پرێس

لەگەڵ هاتنی وەرزی پایز و نزیكبوونەوەی وەرزی سەرما هاوڵاتیانی هەرێم چاوەڕێی هەواڵی دابەشكردنی نەوتی سپین كە لەلایەن حكومەتی هەرێم، یاخود بەغداوە بۆیان دابین بكرێت.

بەپێی بەدواداچوونەكانی پۆڵەتیك پرێس، تائێستا حكومەتی هەرێم هیچ بەرنامەیەكی نییە تاوەكو خۆی نەوتی ماڵان دابین بكات، هاوكات ئەو هەوڵانەشی لەلایەن بەشێك لە بەرپرس و پەرلەمانتارانەوە لە بەغدا دراوە، هێشتا ئەویش روون نییە كە ئایا بەغدا بەشە سوتەمەنی هەرێم دەنێرێت یاخود نا.

لەماوەی رابردودا پارێزگاری سلێمانی لەكاتی سەردانی كازمی بۆ پارێزگاكە چەند داواكارییەكی ئاڕاستەی كازمی كرد، یەكێك لەوانە دابینكردنی سوتەمەنی بوو، هاوكات پەرلەمانتارێكی كوردیش لەبەغدا بەنوسراوی فەرمی داوای لەبەرپرسانی بەغدا كردووە تاوەكو نەوتی هەرێم دابین بكەن.

 

تائێستا حكومەتی هەرێم هیچ بەرنامەیەكی نییە تاوەكو خۆی نەوتی ماڵان دابین بكات

غالب محەمەد، پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بۆ دابینكردنی بەشە نەوتی سپی ماڵان نوسراوی بۆ بەرپرسانی بەغدا كردووە و لەگەڵ وەكیل وەزیر وەزارەتی نەوت و وزەش گفتوگۆی كردووە و داتاو زانیاری بۆ ناردوون.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە نوسراوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو لە كوردستان ملیۆنێك و 200 خێزان هەن، پێویستە نەوتی سپی ماڵانیان بۆ دابینبكرێت، ئەو ژمارەیەش بەسەر شەش بەشدا دابەشكراوە، بەشێوەیەك ئێدارەی گەرمیان، ئیدارەی ڕاپەڕین، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، هەولێر، بۆ ئەوەی بۆ هەر شوێنێك بەجیا بەشە نەوتی خۆی بۆ بنێردرێت، ئێستاش چاوەڕوانی وەڵامی بەغدان.

ساڵانە لە هەرێمی كوردستان لە وەرزی پایز و زستاندا نرخی نەوت بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزدەبێتەوە بەجۆرێك زۆركات نرخەكەی دەگاتە 150 هەزار دینار ئەوەش لە نرخی بەرمیلێك نەوتی خاو لە بازاڕەكانی جیهان زیاترە.

 

لە كوردستان ملیۆنێك و 200 خێزان هەن، پێویستە نەوتی سپی ماڵانیان بۆ دابینبكرێت، ئەو ژمارەیەش بەسەر شەش بەشدا دابەشكراوە، بەشێوەیەك ئێدارەی گەرمیان، ئیدارەی ڕاپەڕین، سلێمانی، دهۆك، هەڵەبجە، هەولێر

ئەمساڵ بەهۆی دابەزینی بەهای نەوت لە بازاڕەكانی جیهان بەهۆی پەتای كۆرۆناوە نرخی نەوتی سپیش لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان بۆ 100 هەزار دینار دابەزی، بەڵام ئێستا لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی پایز و بەرزبوونەوەی بەهای نەوت، نرخی نەوتی سپیش بەرزبووەتەوە بۆ 110 هەزار دینار بۆ بەرمیلێك.

كەریم عەلی، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە و سەرچاوە سروشتییەكان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پێشتر بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاندبوو، دابەشكردنی نەوت و هەنگاوەكانی لە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانە، ئەوانیش وەك لیژنەكەیان تەنها چاودێری پرۆسەی دابەشكردنەكە دەكەن و بەدواداچوون بۆ كێشەو گرفتەكانی دەكەن.

باسی لەوەشكرد، تائێستا هیچ بەرچاو روونییەك نییە كە حكومەتی هەرێم خۆی نەوت دابین دەكات، یان چاوەڕێی بەغدا دەكات وەك ساڵانی رابردو دابینیبكات، بەڵام لە كاتی دەستپێكردنەوەی پرۆسەكە، ساڵی رابردوو لە كوێدا وەستاوە لەهەمان شوێنەوە دەستپێدەكاتەوە.

 

لیژنەی وزە وسامانە سروشتیەكان لە پەرلەمانی كوردستان “بۆ دابینكردنی نەوتی ماڵان لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە یاداشتێكمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە”.

پەرمانتارانی هەرێمیش هەوڵەكانیان بۆ دابینكردنی نەوتی سپی ماڵان چڕكردووەتەوە و بە نوسراوی فەرمی داوای دابینكردنی بەشە نەوتیان كردووە.

گوڵزار ڕەشید، جێگری سەرۆكی لیژنەی وزە وسامانە سروشتیەكان لە پەرلەمانی كوردستان بۆ پۆڵەتیك پرێس وت، “لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە دوای ئەنجامدانی كۆبونەوەیەك لەبارەی ئەو پرسە یاداشتێكمان ئاڕاستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتیەكان كردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە”.

ئەوەشی خستەڕوو، بەدواداچونەكانیان بەردەوامە، بەڵام بۆیان ڕوون نەبوەتەوە دابەشكردنی نەوت بۆ ئەمساڵ چۆن دەبێت و بڕی چەند لیتر بۆ هەر خێزانێك دابیندەكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا