پوڵەتیك پرێس – نازە سەعید
ئەندامێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر گۆڕان لەحكومەتی هەرێم نەكشێتەوە ئەوا هەڵوێستی دیكەیان دەبێت.
غالب محەمەد ئەندامی فراكسێونی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق بە پوڵەتیك پرێسی رایگەیاند “داوامان لەسەرجەم ئەندامانی خۆمان كردووە لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بكشێنەوە ئەگەر نەكشێنەوە، ئەوا ئێمەش قسەی خۆمان دەبێت”.
وتیشی “ئەگەر گۆڕان نەكشێنەوە ئەوكات هیچ جیاوازییەكیان نابێت لەگەڵ یەكێتی و پارتی، بۆیە لای خۆمان ماوەیەكی كاتیمان دیاریكردووەو چاوەڕوان دەبین بزانین حزبەكەی خۆمان و حكومەتی هەرێم چی دەكەن”.
ئاماژەی بەوەشدا، حكومەت بەپێی ئەوداتاو زانیارانەی لای ئەوانە حكومەتی هەرێم نەچاكسازی دەكات نەبڕوای پێیەتی و راستگۆش نییە لەگەڵ میلەتدا، وە هەرێم داهاتی زۆر زۆرترە لە موچەی فەرمانبەران بەڵام موچە نادات.
ئەو وتانەی غالب محەمەد دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ، فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رەخنەی توندیان ئاڕاستەی هەڵوێستی حزبەكەیان و بەشدارییان لە حكومەتی هەرێمدا كردو رایانگەیاند، پێویستە بەزووترین كات لە حكومەت بكشێنەوە.