پۆڵەتیك پرێس
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەلایەن بەغداوە 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی ماڵان بۆ هەرێم دابینكرا.
غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دوای هەوڵدان بۆ دابینكردنی نەوتی سپی بۆهەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ بریكاری وەزیری نەوتی عێراق بڕیاریدا 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێم بنێرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، پێشتر نوسراوی ئاڕاستەی بریكاری وەزیر كردووەو تێیدا داتاو زانیارییەكانی هەرێمی لەبارەی پێویستی و چۆنیەتی دابەشكردنی نەوت بەسەر ماڵاندا بۆ روونكردوەتەوە.
ئەوەش دەخاتەڕوو لەهەفتەی داهاتووەوە فەرمانەكەی بریكاری وەزیری دەردەچێت و بەنرخی حكومی كە دەكاتە ١٥٠ دینار عێراقی بۆ هەر لیترێك دەدرێتە هاوڵاتیان، واتە ئەگەر بەرمیلێك نەوت ٢١٠لیتر بێت، ئەوە بۆ هەر بەرمیلێك (٣١،٥٠٠) دینار عێراقی لە خەڵكی وەردەگیرێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، سەرەڕای نزیكبوونەوەی وەرزی سەرما، بەڵام حكومەتی هەرێم هیچ پلانێكی نەبووە بۆ دابینكردنی نەوتی ماڵان، ئەو هەوڵانەشی كە بۆ ئەو مەبەستە دراون لەلایەن پەرلەمانتارانەوە بووە.