ساڵڕۆژی ٤٠ ساڵەی شەڕی ئێران – عێراق

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا كە بۆ ساڵیادی ٤٠ ساڵەی شەڕی ئێران و عێراق ئامادەی كردووە، چل ساڵ لەمەوبەر و لەكاتی چوونەناو شەڕی دوو دراوسێكە، ئێران هەوڵی داوە گرژی و ئاڵۆزییەكانی لە عێراقدا بگۆڕێت بە نفوزێكی بەرفراوان، ئەوەش بەمەبەستی بەدەستهێنانەوەی دەسەڵات بەجۆرێك، بگاتە ئەو ئاستەی بە هاوبەشی سەرەكی عێراق هەژمار بكرێت.

حزبە سیاسییەكانی سەر بە ئێران و لەناویشیاندا ئەوانەی هەر لە ئێران دامەزراون، ئەمڕۆ لە عێراقدا لە دەسەڵاتدان

عەزیز جەبەر، مامۆستا لە زانكۆی ئەلموستەنسەریە لە بەغدا كە لە ساڵانی شەڕدا ژیاوە، چاوەڕێی ئەو هەڵگەڕانەوە سیاسییە نەبوو، جەبەر دەڵێت: سەختە خەیاڵ كردن بۆ رووداوێكی لەم چەشنە، بەڵام روویدا، حزبە سیاسییەكانی سەر بە ئێران و لەناویشیاندا ئەوانەی هەر لە ئێران دامەزراون، ئەمڕۆ لە عێراقدا لە دەسەڵاتدان.

شەڕی ئێران – عێراق

لە رۆژی ٢٢ی ئەیلولی ١٩٨٠، سەدام حسێن سەرۆكی پێشووتری عێراق، بەشێكی خاكی ئێرانی داگیركرد، چونكە لەوە دەترسا پیاوانی ئاینی كە لە ساڵی ١٩٧٩ لە تاران گەیشتنە دەسەڵات هەمان شۆڕشی ئیسلامی لە عێراقیشدا بەرپا بكەن.

ئێران بووە پەناگەی كۆمەڵانی بەرهەڵستكار دژی حكومەتی سەدام حسێن

بەدرێژایی ساڵانی شەڕی ئێران  عێراق، كە بە درێژترین شەڕی سەدەی بیستەم لەقەڵەم دەدرێت و نزیكەی ملیۆنێك قوربانی لێكەوتەوە، ئێران بووە پەناگەی كۆمەڵانی بەرهەڵستكار دژی حكومەتی سەدام حسێن، لەناویشیاندا كەسایەتییە كوردەكانی ناو ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی و باڵی سەربازی فەیلەقی بەدر كە لە ساڵی ١٩٨٢ لەو وڵاتە سەریانهەڵدا.

هەتا كاتی روخانی حكومەتەكەی سەدام حسێن لە پرۆسەی ئازادی عێراق بە سەركردایەتی ئەمریكا لە ساڵی ٢٠٠٣، ئێران لە هاوكاریكردنی ئەو لایەنە بەرهەڵستكارانە نەوەستا.

كەسانی هاوسۆز لەگەڵ ئێران لە دەسەڵاتدا

ئەو كەسایەتییە عێراقییانەی لەماوەی ١٧ ساڵی رابردوودا لەگەڵ ئێران هاوپەیمانبوون، گەیشتوونەتە لوتكەی دەسەڵاتی عێراق، بەنموونە، لەو شەش سەرۆك وەزیرانەی لە ساڵی ٢٠٠٣ تا ئێستا پۆستەكەیان وەرگرتووە ئەوانیش، ئیبراهیم جەعفەری، نوری مالكی و عادل عەبدولمەهدی، زۆرینەی كاتەكانیان لە ساڵانی هەشتاكاندا لە تاران بەسەربردووە.

هاوكات، لەو كاتەوە تا ئێستا، سەركردە دیارەكانی ناو فەیلەقی بەدر گەیشتوون بە پلەی ئەمنی باڵا.

ئەمڕۆش، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی كە لەكاتی دەسەڵاتی سەدام حسێندا پەنایان بردە بەر ئێران گەیشتوون بە پلەی سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی باشوری كوردستان.

جەبەر ئاماژەی بەوەشكرد، ئامانجی ئێران لە یارمەتیدانی ئەو كەسانەدا تەنیا بەمەبەستی شەڕ نەبوو، بەڵكو بۆ ئەوەش بوو سوودیان لێوەربگرێت لەدوای ئەوەی چوونە دەسەڵاتەوە.

عێراق بووەتە گەورەترین بازاڕی بەرهەمە ناهایدرۆكاربۆنییەكانی ئێران

بەپێی زانیارییەكانی ژووری بازرگانی تاران، لەڕووی ئابوورییەوە، عێراق بووەتە گەورەترین بازاڕی بەرهەمە ناهایدرۆكاربۆنییەكانی ئێران، نرخی بەرهەمە ئێرانییەكان لەنێوان مانگی ئازاری ساڵی رابردوو هەتا مانگی ئازاری ئەمساڵ گەیشتە نۆ ملیار دۆلار.

نفوزی سیاسی و ئابوری ئێران، بووەهۆی سەرچاوەی بێزاركردنی عێراقییەكان، لەوبارەیەوە محەمەد عەبدول ئەمیر ٥٦ ساڵ، سەربازی پێشوو دەڵێت: كەسایەتییە عێراقییەكانی ناو حكومەت رێگایان بە ئێران داوە دەستوەربداتە وڵاتەكە بەجۆرێك، ئابووری و كشتوكاڵ و تەنانەت ئەمنی عێراقیشیان داوەتە دەستیان.

بێهیواییەكی زۆر رووی لە عێراق كرد و لەگەڵ خۆپیشاندانەكانی مانگی تشرینی یەكەمی رابردوودا لە بەغدا و چەند ناوچەیەكی باشوری وڵات دژی چینی سیاسی تۆمەتبار بە گەندەڵی و شكستی شێوازی بەڕێوەبردن و بوونی هاوسۆزی لەگەڵ تاران، زیاتر تەشەنەیسەند.

ئەمریكا بە كوشتنی ئەو دوو سەركردەیە گرنگترین جومگەی نفوزی ئێرانی لە عێراق پەكخستووە

ئەوەبوو دوای چەند مانگێك، ئەمریكا هەستا بە كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس لەڕێی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانەوە لەنزیك فڕۆكەخانەی بەغدا.

سولەیمانی یەكێك بوو لەو كەسانەی لەماوەی شەڕی ئێران  عێراقدا دەستی بە كاری سیاسی كرد و دواتر گەیشتە ئەو پلە باڵایە كە سەرپەرشتیاری سەرەكی دۆسیەی عێراق بوو، بەڵام موهەندیس، سەركردەیەكی دیاری حەشدی شەعبی بوو و نزیك بوو لە ئێران.

شیكەرەوە سیاسییەكان پێیان وایە، ئەمریكا بە كوشتنی ئەو دوو سەركردەیە گرنگترین جومگەی نفوزی ئێرانی لە عێراق پەكخستووە.

رێككەوتن لەسەر پەرلەمان و وەزارەتەكان

مانگی ئایاری رابردوو، مستەفا كازمی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراقی وەرگرت و چەند راوێژكارێكی لەنزیك خۆی دانا كە وا پێناسە دەكرێن هاوسۆزیان بۆ ئێران كەمترە بەبەراورد بەوانەی پێشووتر.

بەپێی راپۆرتەكە، لەژێر سێبەری كەمكردنەوەی نفوزی ئێران لە نوسینگەی سەرۆك وەزیران، تاران رووی لە پەرلەمان و وەزارەتەكانی عێراق كردووە.

رۆژی ٢٢ی ئەیلولی ١٩٨٠، هەمووان بە هەواڵی هێرشی سەربازی سەدام حسێن سەرۆكی پێشوتری عێراق بۆ سەر ئێران بەئاگاهاتن، ئەو هێرشانە بوونە شەڕێكی گەورەی هەشت ساڵی لەنێوان هەردوو وڵاتەكە، هەردوولا زیانی بێشوماری مرۆیی و ماددیان بەركەوت، بەڵام زیانەكانی ئێران دوو هێندەی عێراق بوون، بەجۆرێك نزیكەی ملیۆنێك قوربانی لێكەوتەوە و دوو ملیۆن ئێرانی بێپەناگە مانەوە، هاوكات زیانی ماددی ئەو شەڕە نزیكەی بە ٣٥٠ ملیار دۆلار هەژمار دەكرێت، لەو ماوەیەشدا چەندین كورد لە ماڵ و لانەكانیان بێسەروشوێن بوون و چەندەهای دیكەش گیانیان لەدەستدا.

حرب الخليج الاولى ( الحرب العراقية الايرانية ) - المرسال

لە راپۆرتی الحرە وەگیراوە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا