ئەنجومەنی وەزیران لە بارەی دابین كردنی نەوتی سپی بڕیاریدا

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەمڕۆ چوارشەممە 7_9_2022، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەن، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران، باسی دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی بارودۆخی سیاسیی عێراقی كرد و ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان لە گەڵ چارەسەركردنی كێشەكانی عێراقە لە رێگەی گفتوگۆ و بەشێوەیەكی ئاشتیانە و بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور، بە جۆرێك رێز لە سیستەمی دیموكراسی و دەنگی هاووڵاتییان بگیرێت و ئارامی و سەقامگیریی عێراق بپارێزرێت.

سەرۆك وەزیران جەختی لە گرنگیی هاوهەڵوێستی لایەنە كوردستانییەكان لە داكۆكیكردن لە ماف و شایستە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان و پاراستنی دەسكەوتە نیشتمانییەكان كردەوە . دووپاتیشی كردەوە كە هەرێمی كوردستان، وەك هەمیشە فاكتەرێكی ئارامی و سەقامگیریی لە عێراق و ناوچەكەدا دەبێت.

پاشان لە لایەن ئانۆ جەوهەر وەزیری پەروەردە بە وەكالەت و ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئامادەكارییەكانی هەردوو وەزارەت بۆ دەستپێكی ساڵی خوێندنی نوێی2023- 2022 و پێداویستییەكانی خرایەڕوو، ئەنجوومەنی وەزیران، وێڕای پیرۆزبایی لە قوتابیان و خوێندكاران و مامۆستایان و كارمەندانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، بە بۆنەی نزیكبوونەوەی ساڵی نوێی خوێندن كە بڕیارە لە 13ی ئەم مانگە لە قوتابخانەكان دەست پێ بكات، لە هەمانكاتدا ئەنجوومەنی وەزیران، جەختی لە گرنگی كەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا كردەوە لە كارنامەی ئەم كابینەیە و بڕیاردرا بە راسپاردنی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان، بۆ بەدواداچوون و لێكۆڵینەوە لەو داواكاری و پێشنیازانەی لە لایەن هەردوو وەزارەت خرانەڕوو بۆ كۆبونەوەی ئەنجوومەن و بە بایەخیشەوە، باس لە گرنگیی پلانی هەردوو وەزارەت كرا بۆ گرنگیدان بەو بابەتانەی رەهەندی نیشتیمانییان هەیە وەك خۆشەویستی نیشتیمان وئاشتیی و بەیەكەوەژیان و مەترسییەكانی بەكارهێنان و بڵاوبونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و توندوتیژی و خراپ بەكارهێنانی تەكنەلۆجیا وئامێرەكانی پەیوەندی.

لە بڕگەی سێیەمی كۆبوونەوەدا، كەمال محەمەد ساڵح وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت و ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی وئابووری ، باسیان لە ئامادەكاریی پێویست بۆ دابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان كرد لە وەرزی زستان، هاوشێوەی ساڵانی پێشوو بە هەماهەنگی لە گەڵ حكومەتی فیدراڵ. ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، لەمبارەیەوە ئامادەكاری پێویست بكرێت بۆ دابەشكردنی نەوتی سپی بە تایبەتی بۆ ناوچە سارد و شاخاوییەكان . بۆ ئەم مەبەستەش، وەزیری سامانە سروشتیەكان بە وەكالەت و وەزیری هەرێم بۆ كاروباری دانوستان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵیی ونوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا راسپێردران بۆ ئەنجامدانی كاری پێویست.

لە بڕگەی كۆتاییدا، گفتوگۆ دەربارەی بابەتی گرێبەست لە دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و دامەزراندنی هەڵگرانی بڕوانامەی ماستەر و دكتۆرا كرا كە تا ئێستا دانەمەزراون. ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای بە بایەخەوە سەیركردنی رۆڵی كارمەندانی گرێبەست لە بەڕێوەبردن وپێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی گشتیی و پێداویستی زانكۆكان بە خزمەتی هەڵگرانی بڕوانامەكانی ماستەر و دكتۆرا، بڕیاریدا كە ئەم بابەتە ئاراستەی ئەنجوومەنی گشتی راژە بكرێت كە تازە دەستبەكاربووە لە هەرێمی كوردستان تا بە پێی تایبەتمەندیی و بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكان، پۆڵێنی هەردوو بابەتەكە بكەن و لەبەر رۆشنایی پسپۆڕیی و تایبەتمەندیی و پێداویستی وەزارەت و دامەزراوەكان، بڕیار لەسەر پێشنیارەكە بدرێت و بەجۆرێك كە بگونجێت لە گەڵ پرۆسەی چاكسازی و رێكخستنەوەی میلاكاتی حكومەت، هەروەها لەسەر بنەمای زانستیی و پێداویستی وپسپۆڕیی لە لایەن ئەنجوومەنی گشتی راژەوە، ئەم بابەتە پێداچوونەوەی پێویستی بۆ بكرێت و گەڵاڵە بكرێت بۆ بڕیاردان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا