یاداشتێكی لێكگەیشتن بۆ هاوكاری و گەشەپێدانی خانمانی گوند واژۆ كرا

پۆڵەتیك پرێس

وەزارەتی كشتوكاڵی هەرێم و ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان یاداشتێكی لێكگەیشتنیان بۆ هاوكاری و هەماهەنگی و گەشەپێدانی خانمانی گوند واژۆكرد.

لێكتێگەیشتنەكە بەئامانجی ئەوەیە ژنان لە سێكتەری كشتوكاڵ خاوەنی كاری خۆیان و داهاتی تایبەتی خۆیان بن، تاوەكو بتوانن بۆ پێداویستییەكانی ژیانیان پشت بەخۆیان ببەستن.

بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو رایگەیاند، بابەتی یەكسانی جێندەری لە هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە كابینەی نۆیەم گرنگی زۆری پێدراوە، لە پۆستە و‌ەزارییەكان و كایەی سیاسی و ئیداری ژنان بەرەو پێشچونی زۆریان بەخۆیانەوە بینیووە.

راشیگەیاند، وەزارەتی كشتوكاڵ بەو پێیەی سێكتەرێكی گرنگە‌ لە دەرفەتی كار و بەرەوپێشچونی وەبەرهێنان و بە پیشەسازیكردنی كشتوكاڵ، ئەوەش وادەكات بتوانن رۆڵی دەستی كاری ناوخۆیی بەشێوازێك بەكاربهێنن تا سوود بە هەرێمی كوردستان بگەیەنن، لەو نێوەندەشدا ژنان یەكێك دەبن لە كاراكتەرە سەرەكییەكان.

ئەوەشی خستەڕوو، وەزارەتی كشتوكاڵ و ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان دەیانەوێت ژنان ببنە خاوەنی كاری خۆیان، ئەو لێكتێگەیشتنەش بۆ ئەوەیە چۆن ئەو خاڵانەی پێشتر گفتوگۆیان لەبارەیەوە كردووە بچنە بواری جێبەجێكردنەوە.

 

لێكتێگەیشتنەكە بەئامانجی ئەوەیە ژنان لە سێكتەری كشتوكاڵ خاوەنی كاری خۆیان و داهاتی تایبەتی خۆیان بن

 

لەلای خۆشییەوە خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی وت، “ئەم هەوڵەمان بۆ تەواوكردنی ئەركەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە وەك لە بەرنامەی كابینەی تازەدا هاتووە، چونكە ئەم كابینەیە دژایەتی هەموو پەراوێز خستنێك دەكات”.

ئاماژەی بەوەشكرد، بۆ ئەو پڕۆژەیەش هاوكارێكی تەواو دەبن بۆ ئەوەی خانمانی كوردستان لە تەواوی دێهاتەكانی كوردستان ببنە خاوەن كاری خۆیان و لەو رێگەیەشەوە بتوانن سود بە خۆیان و خانەوادە و بواری كشتوكاڵیش بگەیەنن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا