بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان ئاماری شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵی بڵاوكردەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان ئاماری شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵی بڵاوكردەوە و دەڵێت، تاوەكو ئێستا لانیكەم 999 كەس بە تۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانی بە ماددەی هۆشبەر دەستگیركراون. هەروەها زیاتر لە 1200 كیلۆگرام ماددەی هۆشبەر كە كێشەكەی لە دادگا یەكلایی بووەتەوە، لەناوبراون و سووتێندراون، جگە لە لە ناوبردنی هەزاران حەبی هۆشبەر.

بەپێی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، ئەو 999 تۆمەتبارە دراونەتە دادگاكان، 682 تۆمەتباریان لەلایەن دادگاوە سزادراون و 338 تۆمەتباری دیكەشیان دوای تەواوبوونی سزاكانیان ئازادكراون.

بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان دەڵێت، 45 تۆمەتباری دیكەش بە دەستەبەری (كەفالەت) ئازادكراون.

بەڕێوەبەرایەتییەكە ئەوەی خستووەتەڕوو، بڕی ئەو ماددە هۆشبەرانەی ئەمساڵ تاوەكو ئێستا دەستیان بەسەردا گیراوە، 132 كیلۆگرام و 729 گرام بووە، هەروەها ئەو دەرمانی پزیشكییە هۆشبەرانەیش دەستیان بەسەردا گیراوە بریتین لە “282 شیت و 136 پاكەت.”

هەر لەو ماوەیەدا، بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان دەستی بەسەر چوار هەزار و 450 دۆلاری ساختەدا گرتووە.

ئەو بڕەیش لە ماددەی هۆشبەر كە كێشەكانیان لە دادگا یەكلابووەتەوە و سووتێندراون و لەناوبراون بڕەكەی 1230 كیلۆگرام و 950 گرام ماددەی هۆشبەر، 22 هەزار و 886 شیت حەبی هۆشبەر، 1001 دانە شرووب و هەزار و 280 دانە دەرزیی هۆشبەر بوون.

بەڕێوەبەرایەتییەكە هۆشداریی داوەتە ئەو كەسانەی كە بازرگان و بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەرن، دووركەونەوە لەو كارە ترسناكە و چارەنووسی خۆیان بپارێزن، كە لە ئەنجامدا دەستگیردەكرێن و رێكاری یاسایی بەرامبەریان دەگیرێتەبەر.

رۆژی 26ی حوزەیرانی هەموو ساڵێك لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە وەكو رۆژی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان دیاریكراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا