ماددە هۆشبەرەكان هەزار كەس راپێچی زیندانەكانی هەرێم دەكەن

پۆڵەتیك پرێس – نازە سەعید

سەرەڕای رێگریی و چاودێرییە بەردەوامەكانی هێزەكانی ئاسایش و دەزگا ئەمنییەكان، بەڵام هێشتا بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەمادە هۆشبەرەكانەوە بەردەوامی هەیە، لایەنە پەیوەندیدارەكانیش جێبەجێ نەكردنی یاسای تایبەت بەقەدەغەی ماددە هۆشبەرەكان بەهۆكاری سەرەكی زۆربوون و بەردەوامی ئەو كارانە دادەنێن.

بەپێی بەدواداچوونەكانی پۆڵەتیك پرێس، ئێستا لەزیندانەكانی هەرێمدا نزیكەی هەزار كەس بەهۆی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەماددەی هۆشبەرەوە دەستگیركراون.

هاوكات بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرێتی ماددە هۆشبەرەكانی ئاسایشی سلێمانی، تەنها لەسەرەتای ئەمساڵدا 180 كەس لە سنووری سلێمانی و دەوروبەری بەتۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیركراون و دراونەتە دادگا.


عەمید جەلال ئەمین بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرێتی مادە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی بەپۆڵەتیك پرێسی وت، “بەراورد بە ساڵی رابردوو، لەمساڵدا بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەماددەی هۆشبەرەوە زیادیكردووە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوەی دەگەرێتەوە كە خەڵكی دەرەوەی شار هاتونەتە ناو شاری سلێمانی بەوەش رێژەكە زیادیكردووە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەهۆی ئەوەی یاسای تایبەت بەماددە هۆشبەرەكان بەتەواوی جێبەجێ ناكرێت ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی ئەو كەسانەی دەستگیر دەكرێن، ئازاد دەكرێن و دووبارە دەست پێدەكەنەوە، هەروەها یاساكەش كۆنەو پێویستە بگۆڕێت، چونكە بەپێی ئەو یاسایە سزای لەسێدارەدان جێبەجێ ناكرێت و گۆڕاوە بۆ زیندانی 15 ساڵ.

یاسای ژمارە 68ی ساڵی 1965ی عێراقی تایبەتە بە ماددەی هۆشبەر، ئەو كاتەی یاساكە دەرچووە، وەك ئێستا بازرگانیكردن و بەكارهێنانی ماددەی هۆشبەر نەبووە


یاسای ژمارە 68ی ساڵی 1965ی عێراقی تایبەتە بە ماددەی هۆشبەر، ئەو كاتەی یاساكە دەرچووە، وەك ئێستا بازرگانیكردن و بەكارهێنانی نەبووە، بۆیە ماددەكانی پۆلێن كراون، بەوتەی شارەزایان ئێستا بەكارهێنەرانی ماددەكانی هۆشبەر زۆرترە، بۆیە ئەو یاساكە بۆ ئێستا بەگونجاو نازانن.

بەنموونە بەپێی ئەو یاسایە ئەگەر بازرگانێك ماوەی چوار ساڵ سزای بەسەردا بسەپێنرێت، ئەوا دوو ساڵ سزای بۆ دەردەكرێت، ئەگەر كەیسەكەشی قورستر بێت ئەوا دەچێتە 10 ساڵ زیندانی، هەروەها بۆ بەكارهێنەریش سێ بۆ شەش مانگ زیندانی دەكرێت.

بەهۆی ئەوەی یاسای تایبەت بەماددە هۆشبەرەكان بەتەواوی جێبەجێ ناكرێت ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی ئەو كەسانەی دەستگیردەكرێن، ئازاد دەكرێن و دووبارە دەست پێدەكەنەوە

هاوكار رەفیق چالاكوان لەبواری ماددەی هۆشبەر بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ئێستا لە هەموو كوردستان نزیكەی هەزار كەس بەهۆی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بەماددە هۆشبەرەكانەوە دەستگیركراون هەروەها نیو تەن (500) كیلۆگرام لە مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیراوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، گرنگە چاكسازیی لە زیندانەكاندا بكرێت، چونكە بەهۆی ژینگەی زیندانەكانەوە سزای ئەو كەسانە سووكتر دەكرێت، چونكە ئێستا لەزیندانەكاندا كاری بارزگانی و بەكارهێنان بەماددە هۆشبەرەكانەوە دەكرێت.

هاوكار رەفیق وتیشی، “ئەگەر بێت و ناوەندێكی چارەسەر بۆ ئالودەبووان بكرێتەوە كە بەكارهێنەر بە تەنها لەو ناوەندە بێت ئەوا باشتر دەبێت هەم بۆ كۆمەڵگا هەم بۆ كەسی بەكارهێنەر خۆشی”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا