فەرماندەیەكی داعش دان دەنێت بە سەربڕینی پێشمەرگە دیلەكاندا

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

فەرماندەی سرییەی لەسێدارەدانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە (داعش)، لە ویلایەتی كەركوك، داندەنێت بەوەی پێشمەرگە دیلەكانی لە قەزای حەویجە سەربڕیوە، ئەوەش ماوەیەكی كەم لە دوای نمایشكردنیان لەناو قەفەسی ئاسندا، جەختیشكردەوە “ئەو كارەم لە تۆڵەی كوشتنی براكەم بووە”.

ئەو لێپرسراوە لە سەرەتای ئەمساڵ لەسەر دۆسییەی كوشتنی ئامۆزایەكی خۆی بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی لە هەڵمەتێكی هێزە ئەمنییەكان لە باشوری كەركوك دەستگیركراوە و دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعشدا لە قەزای حەویجە لێپرسراوێتی هەبووە، لەوانەش فەرماندەی سرییەی لە سێدارەدان.

هەروەها دانی بەوەداناوە كە دەستی هەبووە لە چەندین تاواندا لە نێویاندا سەربڕینی پێشمەرگە دیلەكان، كوشتنی ئامۆزایەكی خۆی، كوشتنی موختارێك و هەوڵدان بۆ كوشتنی مامێكی.

لە بەرەبەیانی 30ی كانونی دووەمی 2015دا، چەكدارانی داعش، لە چوارقۆڵەوە (مریەم بەگ، مەلا عەبدوڵا، مەكتەب خالید و تەلوەرد) هێرشیانكردە سەر كەركوك، دوای كۆنترۆڵكردنی چەند ناوچەیەك و نزیكبونەوەیان لە كەركوك تێكشكان.

لەو شەڕەدا 17 پێشمەرگە كە زۆرینەیان خەڵكی كەركوك بون، بە دیلی كەوتنە دەست چەكدارانی داعش.

لێپرسراوەكەی داعش كە ئێستا لە زیندانە، لەو شەڕەدا بەشداربووە و لێپرسراوێتی هەبووە. هەروەها یەكێك لە براكانی كە لەو شەڕەدا سەركردایەتی كەتیبەی ئینغماسین بووە، كوژراوە، ئەو كەتیبەیە زیاتر بە گروپێكی خۆكوژی بەناوبانگ بون.

لە دانپێدانانەكانیدا لێپرسراوە دەستگیركراوەكەی داعش دەڵێت “براكەم لەو شەڕەدا بەدەستی هێزەكانی پێشمەرگە كوژراوە… بۆیە بڕیاردرا دەستبەجێ هێزێكی هەڵكوتانەسەر بە هانای كەتیبەی ئینغماسین-ەوە بچن، بۆ ئەوەی تەرمەكانیان نەكەوێتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە و لەوەشدا سەركەوتوبوین”.

ئەو لێپرسراوەی داعش، دەڵێت “لە حەویجە قەفەسی ئاسنینمان بۆ دیلەكان دروستكرد، جلی پرتەقاڵیمان كردە بەریان و لەنێو بازاڕی حەویجەدا نمایشمانكردن”، زیاتر وتی “لە تۆڵەی كوشتنی براكەم، دوای چەند رۆژێك بڕیارمدا بە سەربڕین و كوشتنی پێشمەرگە دیلەكان”، بەو پێیەی ئەو لێپرسراوی سرییەی لە سێدارەدان بووە لە ویلایەتی كەركوكی رێكخراوی داعش.

لێپرسراوەكەی داعش جەختیكردۆتەوە لەوەی، تەرمی پێشمەرگەكان بەشێكیان لە گوندی بەگارەیە لە نزیك قەزای حەویجە وبەشێكی تریان لە خانوی ماڵی دادوەرێكن هەر لەو قەزایە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا