لە ڕۆژانی جەژندا ئەنجامدانی 38 تاوان لە هەولێر تۆمار کراوە

پۆڵەتیک پرێس
نوسینگەی پارێزگاری هەولێر ئاماری ڕووداوەکانی سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی لە ڕاگەیندراوێکدا ئاشکرا کرد، 38 تاوان ئەنجامدراوە.
ئەمڕۆ پێنج شەممە نوسینگەی پارێزگاری هەولێر، ئاماری گشتی ڕووداوەکانی سێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵی ئاشکرا کرد، 38 تاوان ئەنجامدراوە، دوو کەس بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەست داوە 6 حاڵەتی ئاگر کەوتنەوەش هەبووە.
ئاماری گشتی ڕووداوەکانیش لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان ئەمساڵ، لەسنووری پارێزگای هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەمشێوەیەی خوارەوە بووە:-
یەکەم/ پۆلیس:-
سەبارەت بە پلانی ئەمنی و ئامادەباشی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، بەبەشداری سەرجەم هێزەکان لەهەموو بەش و هۆبەکانی بەڕێوەبەرایەتی ناوبراو لەهەرسێ ڕۆژی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بەسەرکەوتووی جێبەجێکران، ئاماری تاوانەکانیش لەڕۆژانی جەژن بەمشێوەیەی بوو، (38) تاوان تۆمارکراوە، (33) تاوان ئاشکراکراوە، (5) تاوانیش لە ژێرلێکۆڵینەوە دایە.
دووەم/ هاتووچۆ:-
سەبارەت بەپلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بەسەرکەوتووی جێبەجێکران، بەڵام بەداخەوە بەهۆی پابەندنەبوونی شوفێران بەڕێنمایی و یاساکانی هاتووچۆ و لێخوڕینی خێرا، (10) ڕووداوی هاتووچۆ ڕوویاندا و لەئەنجامیاندا (13) کەس برینداربون و (2) کەسیش گیانیان لەدەستدا.
سێیەم/ بەرگری شارستانی:-
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز لە ئەرک دابوون، لەوماویەشدا (6) حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، سەرجەم حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەکانیش لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانیان لێنەکەوتۆتەوە.
چوارەم/ گەشتوگوزار:-
سەبارەت بەپلانی گەشتوگوزار، بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆز، وەک چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی وەکو خۆی و بەسەرکەوتووی جێبەجێکران، وەک دانانی لیژنەی تایبەت بۆ دابین کردنی خزمەتگوزاری پیویست بۆ گەشتیاران لە بازگەکان و دابەشکردنی ژمارەی تەلەفۆنی لیژنەکان بەسەر گرووپە گەشتیارییەکان و گەشتیاران بۆ ئەوەی ھاوکاربین بۆ چارەسەرکردنی هەر رووداوێك یان گیروگرفتێك. هەروەها دابینکردن و دانانی ئاوی خواردنەوە و پێدانی شیرینی و ڕێنمایی پیویست بە گەشتیاران لە دەروازەکانی شاری ھەولێر و پێکھێنانی لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون لە ڕەوشی گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان بەمەبەستی دڵنیابوون لەپێشکەشکردنی خزمتگوزاری تەواو بە گەشتیاران لە بنکە گەشتیارییەکان، ئەمەجگە لەئاگادارکردنەوەی سەرجەم ڕێستوڕانتەکان و پێدانی ڕێنمایی لە کردنەوەی ریستۆرانتەکانیان بۆ پیشوازیکردن لە گەشتیاران لە رۆژانی جەژنی رەمەزانی پیرۆز و چاودێریکردنی نرخ لە بنکە گەشتیارییەکان. ژمارەی ئەو گەشیارانەشی تەنها لە ڕۆژانی پشووی جەژن سەردانی هەولێر پایتەختیان کردووە بریتی بوو لە( 138،112)سەد و سی و هەشت هەزار و سەد و دوازدە گەشتیار.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا