پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: ئێمە و پارتی هەریەكە و كار بۆ سەرخستنی كاندیدی خۆی دەدات، حەوتی دوو لە ناو هۆڵی پەرلەمان، كە پرۆسەیەكی دیموكراسییە روون دەبێتەوە كاندیدی كاممان سەردەكەوێت.
هەرێم كەمال ئاغا سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئێمەو پارتی كاندیدی خۆمان هەیە بۆ پۆستی سەرۆككۆماری عێراق و هەردوولاش كار بۆ سەرخستنی كاندیدەكەی خۆی دەدات، ئەوە لە هۆڵی پەرلەمان یەكلایی دەبێتەوە كاندیدی كاممان سەركەوتن بە دەستدەهێنێت.
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی وتی: وڵاتانی دراوسێ بە تایبەتی ئێران مەبەستیەتی لایەنە شیعەكان كۆكبن و ناوماڵی شیعە رێكبخرێتەوە، بابەتەكە تەنها پۆستی سەرۆككۆمار نیە، بەڵكو پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و ئاییندەی ئەو حكومەتەیە بۆ چوار ساڵ، ئارامی عێراق لای وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیش گرنگە.
وتیشی: هەردوولایەنی شیعی بەهێزن، لایەكیان هێزی چەكدار و حەشدی شەعبی و چەكی لایە، لایەكەی تریان شەقام و گەورەترین فراكسیۆنی ناو پەرلەمانی لایە، ئەگەر هەردوولایان رێك نەكەوتن لەسەر نەخشەی داهاتووی حكومەتی عێراق، ئەو حكومەتە حكومەتێكی لاوازدەبێت و تەمەنی كورت دەبێت.
روونیشیكردەوە، ئێمەش وەكو یەكێتی پێمان وایە تەبایی ناوماڵی شیعە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر هەرێمی كوردستان و پرۆسەی سیاسی لە عێراق بەگشتی، ئەو ماف و دەستكەوتانەی گەلی كوردیش كە لە دەستووری عێراق بەدەستهاتوون ، راستە مافی رەوای خۆمانە و بە خەباتی خۆمان بە دەستمان هێناون بەڵام بە پشتگیری لایەنە شیعەكان بووە، بۆیە گرنگە ناوماڵی شیعە رێك و تەبابن.