هەسەدە: 175 داعش كوژراون و 27 شەڕڤان شەهید بوون

پۆڵەتیك پرێس:

فەرماندەیی گشتیی هەسەدە، ڕایگەیاند لە هێرشەكەی داعش بۆ سەر زیندانی حەسەكە 175 داعش كوژراون و 27 شەڕڤانیشیان شەهید بوون.

فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاند: “هێرش و هەڕەشەكانی توركیا بۆ سەر هەرێمەكانمان بەردەوامە، هێزەكانمان بە شێوەیەكی كاریگەرانە لەبەرامبەرئەو هێرشانە بەرگرییانكردووە، لە كاتێكدا هێزەكانمان لە بەرەكانی ناوچە داگیركراوەكان بەرگری دەكەن، چەتەكانی داعش هێرشێكی بەرفراوانیان كردە سەر زیندانی سەناعە لە حەسەكە ئەم زیندانە گەورەترین زیندانە لەو ناوچەیە كە چەتەكانی داعشی تێدا بێت ئەم زیندانە تەنیا مەترسیدارترین زیندان نییە بۆ هەرێمەكانمان بەڵكو مەترسیدارە بۆ ئاسایشی هەموو جیهان”.

هەسەدە ئاماژەی بەوەكردووە: بەپێی دانپێدانانی هەندێك لە داعشە هێرشبەرەكان كە دەستگیركراون بەلایەنی كەمەوە 200 داعشی خۆكوژ دەستیان هەبووە لەو هێرشانەدا كە هەندێكیان لەسەرێكانی و تیل عوبەید و هەندێكیش لە عێراقەوە هاتوون و لە گەڕەكی غوێران نیشتەجێ بوون ڕۆژی 20ی كانوونی یەكەم لە دەوروبەری كاتژمێر 07:30 خولەكی ئێوارە دوای شەش مانگ لە ئامادەكاری بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوەوە هێرش كرایە سەر زیندانەكە، لەگەڵ ئەوەدا داعشە زیندانیكراوەكان هێرشیان كردە سەر ستافەكانی زیندان وەك تەندروستی و چێشتلێنان و ئاسایش و هەوڵی هەڵهاتنیاندا تا ئێستا هیچ زانیارییەكی ڕوون لەبارەی چارەنووسی ئەو كارمەندانەوە بەدەست نەخراوە.

هەسەدە دەشڵێت: هەوڵدانی چەتەكان بۆ هەڵاتن سەركەوتوو نەبوو، بەڵام هەندێك لە چەتەكان توانیان لە تەنیشت زیندانەوە بگەنە بینای فاكەڵتی ئیقتساد، بەڵام هێزەكانمان دەوروبەری زیندان و ناوچەكەیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام شەڕی سەختی سەرەكی لەگەڵ ئەو شانانەی كە لە دەرەوە هێرشیان دەكرد و شەڕیان كرد لە گەڕەكی غوێرانی شەرقی و لە گەڕەكی زهور و لە مەیدانی پانارۆما پێكدادانی سەخت ڕوویدا و تا ئێستا زۆربەی ئەو شانە هێرشبەرانە تێكشكێنراون جارێكی تر لە گەڕەكی غوێران دەست بەسەر هەندێك لە پەناگەی نهێنی و چەكی قورسدا گیرا”.

هەسەدە باسی لەوەشكردووە، لەم دوو _ سێ‌ ڕۆژەدا زیاتر لە 150 داعشی هێرشبەر و 15داعشی تر كە ویستویانە لە زیندان ڕابكەن و لەگەڵ هێزەكانماندا پێكدادانیان ئەنجامدا كوژران كۆی گشتی 175 داعش كوژران.

لە بارەی زیانی هێزەكانیان ئاشكرای كردووە “لەم سێ‌ ڕۆژەدا 27 شەڕڤان شەهید بوون ئێستا دۆخەكە لەژێر كۆنتڕۆڵدایە و ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوانی پاككردنەوەمان دەستپێكردووە، بە بەشداری 10 هەزار شەڕڤانی هەسەدە و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ هەڵمەتێكی پاككردنەوەی دژی داعش دەستپێدەكەین ئۆپەراسیۆنێكی بەرفراوان لە ناوچەكانی حەسەكە و ڕەقە و دێرەزۆر لە دژی شانە نهێنییەكانی داعش بەڕێوە دەچێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا