واقیعی ئێستای گۆڕان و لۆژیكی ئەمڕۆی یەكێتی

گۆڕان گردبونەوەیەكی بێ‌ ئایدۆلۆژیای بێ‌ سەروبەری سیاسی بوو ، گۆڕان بۆ یەكجارو لە كاتێكی دیاریكراو و زەمەنێكی بێ‌ سەروبەرەی یەكێتیدا سەریهەڵدا و هەرگیز دوبارەش نابێتەوە، جەماوەرە زۆرەكەی ئەوكاتەی گۆڕان لەو باڵندە كۆچەرییە تەریوانەی سیاسەتی سەقەتی یەكێتی بون كە ئەگەر گۆڕانیش نەبوایە لە سەربانێكی تردا هێلانەكەیان چێدەكرد. بەڵام دیسانەوە لە بەختەكەی گۆڕان كاریزمایەكی وەكو نەوشیروان مستەفا ڕابەرایەتیانی دەكرد ، هەروەكو ئێستا شاسوار ئەیەوێت پێشەوایەتی باڵندە تەریوەكانی بێموچەیی بكات ، بەڵام لەبەر ئەوەی شاسوار نەوشیروان مستەفا نیەو یەكێتیش یەكێتیەكەی جاران نیەو كاریزماكەی شاسواریش لە پشكەكانی چاڤیلاندا تواوەتەوە ، ڕۆژێك بە هێلكەو ڕۆژێكی دی بە دەبەی ئاو ڕاودەنرێت .

سترۆكتۆری گۆڕان هەر لە دامەزراندنیەوە پێكهاتەیەكی دونیابینی جیاوازو خوێندنەوە جیاواز بوو بۆ هەموو بابەتەكان ، بەشێكی سەرەكیان كە بزوێنەری سەرەكی بزوتنەوەكە و پایە گرنگەكانی بوون ، یەكێتییە كۆنەكان بوون ، بە واتایەكی دی ئەو كەسانە بوون كە بە هەمان ڕوحیەت و بیركردنەوەی سەردەمی یەكێتیبونیان نەخشەسازییان بۆ بزوتنەوەكەو كارو ستراتیژو دواڕۆژی دەكرد ، لە كۆتایی گەمەكەشدا چینی دوەمیان ڕاماڵی و دەسەڵاتی تەواویان گرتە دەست ،ئێستەش زۆر لە سەركردە خراپەكانی یەكێتی خراپترن .

بەشی دوەمیان : چینێكی نوخبەی دیاریكراو لە ڕوناكبیرو خوێندەوارانی كوردستان ، كە ئێستا زۆربەیان پاشەكشەیان كردووە ، ئەو چینەش هەر ئەوانە بوون كە لە سەردەمی یەكێتیبونیاندا نرخ بۆ هۆشیاری و لێهاتوییان دانەنرابوو ، كە بون بە گۆڕانیش ویستیان تۆڵە لە یەكێتی بكەنەوەو بە یەكێتی سەردەمی تەكەتول بڵێن كە ئەوان دەتوانن پێشەوایەتی بەشێكی زۆری خوێندەوارانی كوردستان بكەن و عەرشی یەكێتی بلەرزێنن ، بە ڕاستیش تا ماوەیەك لەرزاندیان .بەڵام هەروەكو لە زانستی سایكۆلۆژیدا باوە خوێندەواری ڕوناكبیر لە بواری سیاسیدا لاوازو ترسنۆكە ،چونكە لۆژیك و عەقڵ زاڵە بەسەر بڕیارو بیركردنەوەی سیاسیانداو خۆپارێزن لە ڕوبەڕوبونەوەو شۆڕش ، بۆیە ئەمانەش لە ژێر فشاری بەشی یەكەمیاندا وردە وردە پاشەكشەیانكردو بەشێكیشیان بە هەمان ڕوحی تۆلەكردنەوەوە بوون بە پارتی .

بەشی سێیەمیان : كە زۆرینەی دەنگدەرەكانیان بوون ، تێكەڵەیەكی هەمەلایەنەی ناڕازی بوون 🙁 یەكێتیە كۆنەكان لە كادیرانی خوارەوە ، ئەوانەی قوربانی تەكەتول بوون و لە ئۆرگانەكانی خۆیاندا غەدریان لێكرابوو ، هەندێكیان دەروێشانە كاك نەوشیرووانیان وەكو پیری تەریقەت خۆشدەویست ، هەندێكیان دژی ڕێكەوتننامەی ستراتیژی یەكێتی و پارتی بوون ، وایاندەزانی یەكێتی لە ئەنجامی ئەو ڕێكەوتننامەیەوە پێشەنگی و پێشەوایەتی لەدەستداوە بۆ پارتی و تەسلیمی ئیرادەی پارتی بووە . بەشێكی زۆریان كاسبكارو دوكاندارو بازرگان و پیشەوەرو ….هتد بوون ، كە بە هۆی نا هاوسەنگی ئابورییەوە بۆ دەروازەیەك دەگەڕان چەقبەستویی دابەشكردنی بازاڕو قازانج و هەلی كارو كۆنترۆڵكردنی بازاڕی یەكێتی و پارتی تێكبشكێنن ، بەشێكی تریان ئەوانە بوون كە لە ئەزەلەوە ڕقیان لە پارتی بوو ، مەئیوسیش بون لە جیابونەوەی پارتی و یەكێتی .

ئەو هەموو جیاوازییە بێ‌ ئایدۆلۆژیایەكی دیاریكراو ، بێ‌ بەرنامەیەكی تۆكمەی كاركردن ، كۆببونەوە ، تایبەتمەندی بەرچاویشیان ( حەماسێكی زۆر بۆ گۆڕین و تێكدانی بارودۆخی باو )، گرنگ نەبوو مێژوی تێكۆشانی هاوڕێ‌ یەكێتیەكانی دوێنێ‌ و سەركردەكانی گۆڕانی ئێستاشیان بسڕنەوە ، گرنگ نەبوو بە لایانەوە پیرۆزی و ڕەمزی بیست هەزار شەهیدی یەكێتیش لەكەدار بكەن ، هەر ئەو هەڵچونە شۆرشگێریەش بوو دوایی كردیان بە پرۆژەو بەرنامە بۆ هەڵوەشاندنەوەی حكومەت و پەرلەمان بە گشتی و یەكێتی بە تایبەتی .

ببینن ئێستا چی دەگوزەرێ‌ ، پیرانی تەریقەتی گۆران خۆیان لە گردەكە خزاندوەو ، سەرەڕای ئەوەی فراكسیۆنی بەغدایان وا خەریكە جیا دەبنەوەو هەڵوێست لە سەركردەكانیان وەردەگرن كە لە باوەشی گەرمی پارتی نایەنە خوارەوەو لە حكومەتی شكستخواردوی هەرێم پاشەكشە ناكەن ، ڕێكخەرەكەیان دەڵێت : ( ئەم هەڵبژاردنە سی كورسی دێنین ) ؟ ، كە تۆ واقیعی بزوتنەوەكەت نەخوێنیتەوەو ئەو خەیاڵپڵاوییە بتگرێت ، خەونێكی ڕەنگاڵەیی خۆشە

لە هەمووی سەیرتر پەرلەمانتارێكیان دەفەرموێ‌ ( گومان دەكەین لاهور جەنگی ئەو پەرلەمانتارانەی بەغدامان ئاراستە بكات كە كێشەیان نایەوە ، بە هەمان نەفەسی لاهور جەنگی قسە دەكەن ) .

ئەوە چی مەنتیقێكە ؟ تۆ لە ئەنجامی خزان بۆ باوەشی نەرم و پڕ نیعمەتی پارتی و لە یەك هەڵبژاردندا دوازدە كورسی كەمبكەیت و نیوە زیاتری ئەندام پەرلەمانەكانت و وەزیرەكانت هاوڕاو هاوهەڵوێستی پارتی بن و هەندێكیان بە فیعلیش بوون بە پارتی ، لە كەمكردنەوەو لێبڕینی موچەو قوتی خەڵك هاوبەش و هاوكار بیت و دونیا ئاوبیبا خەمی خەڵكت نەبێ‌ و خۆت لە بەلەمەكەی نوح دا بی ، لەشكری تورك لە كوردستانەكەتدا تەراتێن بكاو نقەت لێوە نەیەت ، زۆرینەی ئەو ئەندام پەرلەمانانەی كە ماوتن داوای كشانەوەت لێبكەن لە حكومەتی هەرێم و نەیانەوێت ئەو شەرمەزارییە مێژوییە لە ئەستۆ بگرن و تۆ بڵێی خەتای لاهوری شێخ جەنگیە ؟

ئەوە لاهوری شێخ جەنگی بوو لە هەڵبژاردنی پێشودا نیوە زیاتری كورسیەكانی ئێوەی كەمكردەوە ؟ یان سیاسەتی پاشاگەردانی دوای كاك نەوشیروان بوو ، ئەوە بێ‌ ستراتیژی و بێ‌ بەرچاوڕونی و تێنەگەیشتنی سیاسەت بوو كە ڕێكەوتننامەی شەراكەتتان لەگەڵ پارتیدا ئیمزا كرد و بوون بە بەشێك لە حكومەتێكی شكستخواردوو ، كە نە خاكی پێدەپارێزرێت ، نە موچەی پێدەدرێت ، نە ئاشتەوایی نیشتیمانی و نەتەوەیی پێدەكرێت ، یان لاهوری شێخ جەنگی بوو ؟

كەمێك واقیعیانە بیر بكەنەوەو وەرنەوە بەرەی خەڵك و ئەو ئەندام و هەوادارانەی كاك نەوشیروان و ئەو خەونەی كە هەیبوو لە باری مەبەن ، لەو حەقیقەتە بگەن ئەگەر لە شوراكانی گردەكە نەیەنە خوارەوەو هەست بە ئازارو موعاناتەكاتی خەڵكی بەشمەینەتی بێ‌ موچەو ژیان نەكەن و نەبنەوە بەشێك لە داوا ڕەواكانیان دڵنیا بن لەم هەڵبژاردنەدا ئەگەر بە چەند كورسیەكیش بمێنن ، پەنجەی پەشیمانی بۆ ئەو ڕۆژانە دەگەزن كە سەرقافڵەچی كاروانی هەژاران و بەشمەینەتانی ئەم هەرێمە بوون ، پەشیمان دەبنەوە لەم هەنگاوانەی ئێستاتان كە بوون بە قەڵغانی چەقبەستویی سیاسەتی ناوخۆو دەرەكی ئەم كوردستانی باشورە .

سەمەد زەنگەنە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا