مێژووی یەكێتی دووبارەدەبێتەوە !

لەبریندارێكیان پرسی: ئایا مێژوو دوبارە دەبێتەوە؟ لەوەڵامدا وتی: ئەگەر لە لایەن هەمان كەسەوەو بەهەمان چەكی پێشوو لەهەمان شوێنی برینە كۆنەكەمبداتەوە، ئەو كاتە بەڵێ، مێژووش دوبارەدەبێتەوە .

 

بەڵام بۆچی مێژووی یەكێتی دووبارەببێتەوە؟ ئەدی ڕۆژگارو زەمانەو مرۆڤەكان‌و مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتییەكەی نەگۆڕاون؟ ئەی بۆ دووبارەشنەبێتەوە، كە هەمان ڕووداو، كارەسات، بێ دیسپلینی، بێ مەركەزی، دووفاقی‌و دوو بڕیاری‌و دوو هەڵوێستی‌و…هتد دەبینینەوە؟

 

بۆ دووبارەنەبێتەوە؟ كە هەمان ئاوازی تەپڵە كۆنەكەی هاوتەریبی‌و هاوهەڵوێستی‌و هاوڕایی سیاسەتەكانی پارتی توندترو شێلگیرانەتر ڕۆژانە بەر گوێمان دەكەوێت؟

 

نموونەتان دەوێت :

1-   من لەگەڵ شێوازی سڕكردنی مەلا بەختیاردا نیم بەو شێوەیەی ئەنجامدرا، ئەگەر سەردەمی مەلا بەسەر چووە، ئەگەر لەسیاسەت و ستراتیژی یەكێتی لای داوە، ئەگەر نووسین و قسەو وتارو گوفتاری دژی یەكێتی‌و قۆناغی دوای كۆنگرەی چوارە، شەرم لەكێ دەكەن؟ لەجیاتی سڕكردن لەڕیزەكانی یەكێتی دەرتان بكردایە، چونكە سڕكردنی لەو جۆرە:

 

ا-   دەم‌و قەڵەمی مەلا تیژتر دەكات .

ب- لەڕۆژی سڕكردنییەوە دەیان وتار لەسەر نادیموكراسیەتی یەكێتی‌و پشتیوانی مەلا بەختیار نووسراوە .

ج- لیژنەیەك بۆ وەڵامدانەوەی كتێبەكەی (لەبری بیرەوەری) پێكهێنراوە، من نازانم ئەو لیژنەیە كێن، بەڵام لەئێستاوە دەزانم ئەگەر ئەو لیژنەیە ئەندامانی سەركردایەتی بن ناتوانن وەڵامی قەناعەتپێكەری مەلا بەختیار بدەنەوە، خۆ ئەگەر لەدەرەوەی یەكێتی بن چەند مانگێكی دەوێت، تا بە مێژووی ئەو ڕووداوانەدا بچنەوە، سەدان دۆكۆمێنت و چاوپێكەوتنی شایەدحاڵی ڕووداوەكانی دەوێت، تا ئەو كاتەش ماوەی سڕكردنەكەی مەلا بەختیار تەواو دەبێت و دەبێتەوە ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی‌و بەرژوەندییەكانی یەكێتی‌و ئەوكاتە چی؟

 

2- من تا ئێستاش سەرم لەوە سوڕ دەمێنێت وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ یەك تەسریحی نەداوە؟ لەجیاتی ئەویش هەریەكەو بۆ خۆی لەخەرمانەی سیاسەتی یەكێتیدا شەنوكەو دەكات!

 

سەرۆكی پەرلەمان بەشداری كۆبوونەوەیەك دەكات، كە مەكتەبی سیاسییەكەی بڕیاری داوە نەكرێت! ئەندام پەرلەمانەكانی یەكێتی هەرچی شتێك خۆیان بەباشی دەزانن دەیڵێن، ئەگەر لەگەڵ سیاسەتی یەكێتیشدا نەگونجێت! ئەگینا هەر كەسێك بەشداری ڕێزانی شێخ دلێری دیبێت لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی كەناڵێكی عێراقیدا، نازانێت ئەو بەڕێزە وتەبێژی پارتییە، یان ئەندام پەرلەمانی یەكێتی؟

 

ئەوە ئەگەر دووبارەبوونەوەی مێژووی یەكێتی بەر لەكۆنگرەی چوارەم نەبێت، چی ناو دەنێن؟

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا