کورد لەبەردەم هەباشەی سیاسەتی ئەمریکا نێچیر دەبێت یان ڕاوکەر؟!

پەیوەندی کورد و ئەمریکا بە چەندین دۆخدا گوزەر بووە، من دەمەوێ لە ئێستای ئەو پەیوەندییە بدوێم، وەک لەوەی هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ڕابردوو، کە تژییە لە بەسەرهاتوو بابەتی سەرنج ڕاکێش، شایستەی لەسەر وەستانە ناولێنانی ئەو پەیوەندییە وەک خۆی زۆر گرنگە، من ناتوانم وەک دەمی هەر سیاسییەکی کورد دەکەیتەوە کە دەڵێن هاوپەیمانی ئەمریکاین، ناوی ئەوەی لێ بنێم کورد هاوبەشی ئەمریکایە واتە پارتنەرە، نەوەکو هاوپەیمانێکی ستراتیژی، ڕەنگە هەندێک جار لە زاری هەندێک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران ئەم وشەیە وەکو هاوسۆزی دەرببڕن، هاوپەیمانە کوردەکانمان، بەڵام ئەوە سیاسەتی ئیدارەکە نییە لەدوای دەست تێوەردانی سەربازی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان سیاسەتێکی باو ڕای شەقام و سیاسەتی ئەم وڵاتەی داگیرکردووە.

نە ناردنی سەربازەکانی و نە بەکارهێنانی هێزی ناوچەیی بۆ ڕووبەڕووبونەوەکان، ئەوەش بەڕوونی دیار بوو لە سەروەختی شەری داعش لە عێراق و سوریاش. لە سوریا، کۆی شەڕی داعشی بە هێزەکانی سوریای دیموکرات کرد، لە عێراقیش، سەرەڕای هێزەکانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەکانیشی بەکارهێنا، لەسەر زەمین ڕووبەڕووی داعش وەستانەوە.

لەو شەڕە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەپشگیری لۆجستیی و ناردنی ڕاوێژکار و مەشق پێکەر و پشتگیری ئاسمانی بەشداربوون، ئەڵبەتە کۆی پرۆسەکەش وێڕای قوربانی دانی گیانی زۆر لە ڕیزی هێزە شەڕکەرەکان، بە کۆتایی هاتنی سەربازی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە سوریا و عێراق کۆتایی هات ئێستا دۆخێکی لەبار لەبەردەم هەرێمی کوردستان و کوردانی ڕۆژئاواشدا لە ئارادایە، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا، بەتایبەتی لەئاکامی ڕیفراندۆمەکەی ساڵی 2017 پەیوەندی نێوان ئەمریکا و هەرێمی کوردستان بە ئاقارێکی خراپدا چووە.

پشت تێکردنێکی ڕوونی ئەمریکا دیاربوو بە ڕێگەدان بە هێرش کردنە سەر پێگەی هەرێمەکە و خستنەوەی کەرکوک و ناوچە کێشە لەسەرەکان کە بەدەست کوردەوەبوون بۆ ژێر دەسەڵاتی بەغدا. هەروەها لە سوریاش، کشانەوەی لەپڕی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ تورکیا و هێرشیان بۆ ئەو ناوچانەی لە ژێر قەڵەم ڕەوی شەڕواناندا بوو، تاڕادەیەک پەیوەندی نێوان پەیەدە و ئەمریکای بە تەواوەتی بەرەو ساردی و بێمتمانەی برد، هەرچەندە ئەو هەڵوێستە تاک لایەنانەی ئیدارەی ترامپ گۆمی ڕەخنەی لە ئەمریکادا شڵەقاند، تەنانەت لەشەقامی ئەمریکاش بۆنی پشت تێکردن لە دۆستەکانت و خیانەت ناوزەدیان دەکرد و ڕای سیاسیش لە ئەنجومەنی نوێنەران هاوتای ڕای شەقام بوو. بە گشتی فرسەتێکی دی لەو دوو جێگایە لە ئارادایە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو پەیوەندییە کە ماهییەت و گرنگی خۆی هەیە، بۆ کورد دۆخەکە چاوەڕوانی ڕاوکەرە، ژینگە سیاسییەکەش لەبارە، بەرژەوەندی ئەمریکا ئەوە دەخوازێت، ئیدی ڕوون نییە پاراستنی بەرژەوەندی و سیاسەتەکانیان لە ئایندەدا بەرەو کوێی تر لەنگەر بگرێ.

بەگشتی دوابەدوای ئەوەی لە پەرلەمانی عێراق دەنگە ئەرێکانی دژ بەدەرکردنی هێزە ئەمریکییەکان لە عێراق بەرزبۆوە و بنبڕنەکردنی هێرشە ساروخێکانی میلیشیاکان بۆ سەر دامەزراوە ئەمریکییەکان لە بەغداد، بیرکردنەوەیەکی لەسیاسەتی سەربازی ئەمریکادا زاڵ کرد، جێ نەهێشتنی عێراق بۆ ئێران، هەروەها پاراستنی کارمەندەکانیشیان، بەڵام چۆن و لە کوێ؟ بەپێی زۆرێک لە زانیارییەکان ڕەنگە هەرێمی کوردستان بەدیلەکە بێت، بەڵام بەو نێوماڵە شپرزەیە، کورد دەتوانێت گەمەکەرێکی سیاسی باش بێت!

هەرچەندە هێشتا ئەمریکا بێ ئومێد نەبووە لە یەک خستنەوەی هێزەکانی حەفتا و هەشتای پارتی و یەكێتی، وا ساڵانێکە لە هەوڵدایە، تەنانەت هێشتا بیست هەزار پێشمەرگە، ئەمریکا موچەیان بۆ دابین دەکات و مەشق و ڕاهێنانیان بەردەوامە. کەوابوو ئەمریکا رژدە لەسەر بوونی هێزێکی تۆکمە کە وەلای بۆ حیزب نەبێت و بۆ ئەوان بێت. ئێستا سەرکردەی سیاسی بەگشتی ئەوەی پێویستییان پێیەتی بەهای مەعنەوییە، واتە نیشان دانی جێدەستی سیاسی لە دۆزی کورددا، وەک لە دەسکەوتی ماددی کە لەچەندین ساتی گرنگدا لەگەڵ ئەمریکا، دەسکەوتی مادی و چەکو پێداویستی سەربازی، خەیاڵ بەر بووە. هەرێمی کوردستان لەبەر دەم ئەوەدایە.

گەورەترین پێگەی ئەمریکا لەوێ بچەسپێت، هاوشێوەی بنکەکانیان لە ئیسرائیل و سعودییە و ئیمارات. ئەگەر سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی نوێ کە تاڕادەیەکی زۆر هاوئاوازی ئەمریکایە، ڕای ئەمریکا نەگۆڕێت، بەوەی کە سیاسەتەکانی دوورە لە سەنگەرەکانی ئێرانەوە و پابەند دەبێت بە نەهێشتنی ئەو هێرشانەی جارجارە دەکرێتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق ئەوا کایەکە لەبەرژەوەندی کورددایە. لە دنیادا سیاسەت گریمانەیە، ئەوەش گریمانەیەکە کورد دەبێت ئامادە بێت بۆ قۆستنەوەی، کە زۆر جار ڕوویداوە. هەر گریمانەیە و بووەتە واقعێکی بەرجەستەکراو، لە ڕۆژئاواش ڕاگەیاندنی یەکەم گرێبەستی وەبەرهێنانی نەوت لە لایەن لیندسی گراهان سیناتۆری سەر بەکۆمارییەکان و نزیک لە سەرۆک ترامپ لە ئەنجومەنی نوێنەران و لەبەردەم وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکاوە، خۆبەخۆی خۆی ئاشتکردنەوەیەکی لایەنی بەرامبەرە و دەست گرتنە بەسەر وزەی ناوچەکە و دوور خستنەوەی ئێران و ڕوسیایە لەو بوارە، هەروەها مانەوە و بەهێزبوونی پێگەی ئەمریکایە لە خۆرهەڵاتی فورات.

بەشێوەیەکیش تاڕادەیەک دەتوانین بڵێین دانپێدانانێکی شاراوەی سیاسییە بە ئیدارەی خۆسەری، هەرچەندە هاوپەیمانی ستراتیژی نێوان تورکیا و ئەمریکا بەستەڵەکێکە زەحمەتە بە هەڵاوی ئەو پەیوەندییەی نێوان پەیەدە و ئەمریکا بتوێتەوە، وێڕای ئەوەش ئەمریکا لە هەوڵەکانی نەوەستاوە بە دوور خستنەوەی پەیەدە لە پەکەکە و دروستکردنی رێکەوتنێک لە نێوان شەڕکەرەکانی دوێنێ و دۆستەکانی ئەوڕۆی سەرخوانی نەوت. کورد نەگبەت نییە و کەم فرسەتیش نەبووە، کەسیش خیانەتی لێ نەکردووە و پشتیشی تێ نەکردووە، هەموو قۆناغێک سەرکردەی سیاسی خۆی دەوێت، دەشتوانێت ڕاوچی بەرژەوەندییەکان بێت یان هەموو نەتەوەکە بکاتە نێچییر.

یەحیا بەرزنجی

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا